كۆتا یۆبیلەكانی پارتی..بەكورتی..!

د. کامەران مەنتک

بەبۆنەی تێپەڕێنی 75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پارتەی 75 ساڵە زیان بەمەسەلەی كورد دەگەیەنێت ولەشكستێكەوە بەرەو شكستێكی تری دەبات، دەیان وتار لەلایەن پارتیەكان وئەوانە رەخنە لەپارتی دەگرن نووسراوە، زۆربەی وتارەكانیش لەچوارچێوەی بەهێزبوونی ئەو حیزبە دەخولێتەوە، هەندێك لەو وتارانە جۆرێك لەدووڕوویی وهەلپەرستی وخۆڕەپێشكردنی پێوەیە، بەشێكی تر لە پەنای رۆشنبیری وسیاسەتزانی رەخنەگریەوە، كوێرانە بەناو كەوتوون خۆشیان سەر لەخۆیان دەرناكەن، یاخود نازە رەخنەیەك لەپارتی دەگرن ولەئامانجدا لەگەڵ بەرەی یەكەمدا یەكدەگرنەوە. 

بۆئەوەی بەهێزی یا بێهێزی  ئەو حیزبە هەڵسەنگێنین، سەرەتا دەبێت لەخودی هێزەوە دەست پێبكەین، بزانین هێز چیە، ناكرێت ئێمە لەسەردەمی جیهانگەرایی هەمان خوێندنەوە بۆ جۆر وبنەماكانی هێز بكەین، ئەگەر وا لێكبدەینەوە، كە هێز چەند ملیار دۆلارێكە ولەدەستی بنەماڵەیەك كۆبۆتەوە، ئەوە ئێمە بەر لەهەموو كەسێك خۆمان فریو دەدەین. چونكە بەهێزی بە تەنیا لە ئابووریەكی دەست بەسەر كراودا نیە، بەڵكو لەچۆنیەتی مامەڵەكردن وبەیەكەوە بەستنەوەی ئەو ئابووریەیە بە كایە سیاسی ورۆشنبیری و كۆمەلایەتی .. كایەكانی تری ناو كۆمەڵگا، ئەگینا بەپێچەوانە كاریگەری ئابووری رێك پێچەوانە دەبێتەوە، وەك ئەوەی لەهەرێم هەیە بینایەكان بەرزدەكاتەوە، مرۆڤەكان تێكشدەكێنێت، شەقامەكان دروست دەكات، دیمۆگرافیای دانیشتوان دەگۆڕێت ونیشتمان هەڕاج دەكات!

توێژەری ئەمریكی(جۆزیف نای) سێ جۆرهێزی دەست نیشان كردووە، هێزی رەق (Hard Power) كە سوپاو چەك وئامڕازە سەربازیەكان بەشێوەیەكی گشتی دەگرێتەوە، هێزی نەرم (Soft Power)، كە بیروڕا وئایدیۆلۆژیا وكایە هزریەكان دەگرێتەوە، دوای جۆریش هێزی زیرەكە(Smart Power)، كە چۆنیە هەماهەنگیكردن لەنێوان هەردوو هێزەكەی تر، واتە تێكەڵكردنی هێزی نەرم وهێزی رەق وبەكارهێنانیان بەیەكەوە دەگرێتەوە. ئەگەر لە روانگەی ئەو جۆرانەی هێز مامەڵە لەگەڵ هێزی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، ئەوە لەرووی هێزی رەقەوە، هێزێكی سەربازی هەیەو دەیان هەزار پێشمەرگەی هەیە، كە ئەو هێزە دەبێت هیزێكی نیشتمانی بیت وبەرگری لە كوردستان بكات، كەچی كەوتۆتە دەستی بنەماڵەیەك وبەگوێرەی بەرژەوەندیەكانی خۆی مامەلەی لەگەڵ دەكات ولەپێناو مانەوەی خۆیدا بەكاریدەهێنێت، چەندین ساڵە ئەگەرچی خۆی وەك گەورەترین وبەهیزترین حیزب نمایش دەكات وزۆرترین كورسی پەرلەمانی لەدەستدایە، نەیتوانیوە هیزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەی نیشتمانی دروست بكات، رەنگ بیت سەنتەر بوون لەهێز فاكترێكی ئەرێنی بیت، بەڵام لەچۆنیەتی بەكارهینانەكەیدا نەرێنی دەبێت، هەر كاتێك بەرژەوەندی خاوەنی ئەو هێزە لەگەل بەرژەوەندیە نەتەوەییەكاندا نەگونجێت، ئەوە بەرژەوەندی حیزب، یاباشتر بڵێین بەرژەوەندی بنەماڵە دەخریتە پێشەوە، لەماوەی سی ساڵی رابردوودا بینیمان ئەو هێزە، هیندەی لەشەڕی ناوەخۆ وسەركوتكردنی كورد دا بەكارهێنراوە، هێندە لە خزمەتی نیشتماندا نەبووە، لە هەموو شەڕە چارەنووس ئامێزەكاندا شكستی هیناوەو خەڵكی كوردستانی بۆ دوژمنان بەجێهێشتووە، رەنگ بێت هاتنی داعش وداگیركردن وئەنفالكردنی شەنگال وگرتنی گوێر ومەخمور باشترین نمونە بێت بۆ ئاستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزە، دیارە هۆكاری سەرەكی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی تا رادەیەكی زۆر ئەو هێزە لەدەستی خودی بنەماڵەی بارزانیش دەرچووە وگەندەڵی، وەك خۆیان ئاماژەی پێدەكەن، بەشێوەیەك ئەو هێزەی گرتۆتەوە، كە هەر رۆژەی پلانیك بۆ چاكسازی دادەنین وپێیان چارەسەر ناكریت، بۆیە ئەو هێزە بەو دۆخەی ئێستا ناتوانێت رووبەڕووی ئالنگاریەكان بێتەوە، بینیمان لە ئەفغانستان هێزی حكومەتی ئەفغان، كە زۆر سیمای لەهێزەكانی پارتی و كوردی بەگشتی دەچێت، چۆن نەیتوانی دەسەڵاتەكەی ئەشرەفی بپارێزێت وبەئاسانی تەسلیم بە چەكدارەكانی بزووتنەوەی تاڵێبان بوو!.

 دەربارەی هێزی نەرم، ئەگەرچی ئەو حیزبە دروشمی دیموكراسی بەرز كردۆتەوە، بەلام رۆژ بەرۆژ لەدیموكراسی دوورتر دەكەوێتەوە، تەنانەت لەناو خودی حیزبەكەش، بۆ نمونە ئەگەر بەراوردێك بەمەكتەبی سیاسی ئیستای ئەو حیزبە بكەین، لەگەڵ مەكتەب سیاسیەكانی پێشووتریدا، دەبینین هیچ بواریكی بەراوردكردنی تیا نیە، لە شەستەكاندا مەكتەب سیاسی پارتی خودی سەرۆكی ئەو حیزبەی (بارزانی باوك) ی سڕ كرد، تەنانە لەدوای راپەڕینیش، لەكاتی هێنانی هێزەكانی بەعس، (13ئاب)كارگێڕی مەكتەب سیاسی ئەو حزبە، كە ئەو كاتە سەرۆكی پەرلەمانیش بوو بەیاننامەی دژی ئەو هەنگاوەی حزبەكەی خۆی نووسی وناڕەزایەتی دەربڕی!. 

بەڵام ئێستا ئاقڵترین مەكتەب سیاسیان دەڵێت، ئەگەر كۆنگرەش نەبەسترێت بۆ ئێمە گرنگ نیە، لەبەرئەوەی مەركەزیەتێكی بەهێزمان هەیەو جەنابی سەرۆك دەتوانێت خۆی هەموو كێشەكان چارەسەر بكات! نەك هەر لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی وسەركردایەتی ئەو حیزبە، بەڵكو بەڵكو لەسەر ئاستی بنەماڵەی بارزانیش خەریكە ململانێكانی نێوان كور ونەوەكان دەتەقێتەوە وئاشكرا دەبێت، سەرباری ئەوەی بەهەموو شێوەیەك هەوڵی شاردنەوەی دەدەن! لەسەر ئاستی ئەندامان ولایەنگرانیدا ئەو حزبە لە خراپترین قۆناغەكانی خۆیدا دەژیت، ئەو كادیرانەی، كە خاوەنی بیروباوەڕێكی نیشتمان پەروەری بوون وپێیان وابوو دەتوانن لەچوارچێوەی ئەو حیزبە خزمەتی نیشتمانەكەیان بكەن، بەشیكی زۆر یا دانیشتوون یاخود لاتەریك كراون، بەرامبەر ئەمەش سوپایەكی هەلپەرست وبەرژەوەندیخواز جێگای ئەوانەی گرتۆتەوە، كە جگە لەگیرفانی خۆیان ئامادەنین خزمەتی هیچ شتێكی تر بكەن! مامۆستا وهاوكاری بەڕێزم دكتۆر محەمەد گەزنەیی یادی بەخێر بۆی باسكردم، كە بەبارزانی گوتبوو، ئێوە وەكو كەسێك دەكەن، كە پەرێز كۆدەكاتەوە راستەوخۆ پووشەكان دەخاتە سەرشانی، بەبێئەوەی سەیر بكات، دووپشك، یاخود ماری تیایە یا نا!؟ بەداخەوە گوێی لێنەگرتبوو، هەروەك چۆن ئێستاش گوێ لەكەس ناگرن!.

 ئێستا پارتی لەكۆمەڵێك دووپشك ومار پێكهاتووە ولەنێو كۆمەڵێك دووپشك وماریشدا دەژیت، كە ئەوانە بەر لەخەڵكانی تر پێوەی دەدەن، ئێمە شایەدحاڵی راپەڕینین، كە چۆن ئەو جاش وبەعسیانەی، تا رۆژێك بەر لەراپەڕێن خۆیان وەك پیاوە دڵسۆزەكانی بەعس نیشان دەدا وخەڵكیان دەترساند، بۆ رۆژی دواتر وەك دەڵێن بەپێوە شەڕیان دەكردو بارەگاكانی خۆیان دەسووتاند، بۆیە هەڕەشەی راستەقینە لەسەر ئەو حیزبە لە ناوەخۆیدا نەك لە دەرەوەی، وەك شرۆڤەكاران وتەنانەت پارتیەكان خۆشیان خوێندنەوەی بۆ دەكەن،  چونكە ئەوان لە هەموو كەسێك زیاتر هەست بەو نادادپەرووەری ولەخۆبایی بوونە دەكەن، كە هەموو جەستەی ئەو حیزبەی گرتۆتەوە. ئەمە جگە لەوەی لەرووی جەماوەریشەوە ئەمڕۆ پارتی لە خراپترین دۆخی خۆیدا دەژی، بەرهەڵستكارەكانی ئەو حیزبە وشیوازی كاركردنی ئەو حیزبە خۆی، گەورەترین سەركەوتنیان لەناشیرینكردنی بەدەستهێناوە وتەنانەت وەك كادیرە پێشكەوتووەكانی خۆشیان هەندێك جار راشكاوانە ئاماژەی بۆ دەكەن، پارتی بوون بۆتە عەیبێكی گەورە لەكوردستان! جێگای داخە ئەو كاتە هەست بەو دۆخە دەكەن، كاتێك گڵۆپێكی سەوز لە دەرەوە دادەگیرسێت ولەگەڵ خەڵكی تووڕەو راپەڕیو رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ئەو كاتە دەزانن رادەی تووڕەیی خەڵك لە چ ئاستێكدایە!

لەرووی باڵا دەستیشەوە، راستە هەندێك كەس دەیانەوێت ئەو حیزبە وەك بەهێزترین وسەركەوتووترین حیزبی هەرێمی كوردستان نیشان بدەن، بەلام ئەوانە لەبیریان چووە، كە بەشیكی زۆری ئەو ناوچانەی لەژێر هەژموونی ئەودایە، ئێستا بەشێوەیەكی راستەوخۆ كەوتۆتە ژێر دەستی توركیا وتەنانەت قەڵا سەربازیەكانی توركیا لەسەر لوتكە چیایەكانی خودی بارزانیش دانراون، ئەمە جگە لەوەی ئەوەی تۆزێك بەوردی سەیر ئیدارەدانی ئەو ناوچەیە بكات، بە ئاسانی جێپەنجەی توركەكان دەبینێت، وەك لەنووسێنیكی تردا ئاماژەم پیكرد، ئەمە جگە لەوەی لە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ حیزبەكانی تری كوردستان، لەسەر بنەمای ملكەچپێكردن یاخود دوژمنداری وەستاوە، كە ئەمە وا لەو حیزبانە دەكات، لەهەر تەنگەتاویەكدا بەتەنیای جێبهێڵن، هەرچەندە خۆیان بەهاوپەیمانیشی نیشان بدەن!. یاری كردن لەسەر هەستی نەتەوایەتی، زۆرینەی ئێراقیەكانی كردووەتە دوژمنی ئەو  حیزبە، لەكاتێكدا موجامەلەیەكی خوێند ساردانەی شەقامی عەرەبی دەكات وئەو بەشەی هەرێمی بە یەكجاری تەعریب كردووە. لە پەیوەندیەكانی دەرەوەیدا، هەرچەندە وەك سەركەوتوو خۆی نیشان دەدات، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر پەیوەندیەكی نابەرابەرە و لەگەڵ وڵاتانی تریش گوێ بۆ ئامۆژگاریەكان رادەدێرن وچاویان لە یارمەتیەكانیانە!. بۆیە مانەوە ونەمانەوەی پارتی، بەهێز بوون وبێهیزبوونی، ئەو حیزبە بەهیچ شێوەیەك لەدەست خۆی نەماوە و بەگوێرەی تەمەنیش بێت لە یۆبیلەكانی كۆتایی تەمەنیدا دەژیت!

 بەكورتی پارتی ئێستا حزبێكی بەبارمتە گیراوە وجگە لەهاواركردن ولێدوانی گەورە هیچی تری بەدەستەوە نەماوە، ، وپێشم وایە هەرچەندەی زوو ئەو هاوارە بكات ودۆخە راستەقینەی خۆی بۆ خەڵك روون بكاتەوە، دەتوانێت خۆی رزگار بكات وئەگەر بۆ كەمێكیش بیت سۆزی لایەنگرانی خۆی بۆ خۆی رابكێشەوە!.

16/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر