کولتوری کوردی، پڕ پڕە، لە وتەی فەلسەفی پڕ
مانا و پەندی پێشینانی، وتراوی، دوای ڕووداوگەلێکی دووبارە و ئەزموون کراو.
پێشینان وتوویانە (پارە بدە مەلا لە مزگەوت دەرکە).
پارەدان
واتا بەرتیل دان، واتا بەخشینی پارەی حەرام، لە مزگەوت دەرهێنانی مەلاش، واتا دابڕینی
لە خودا و لە پەرستن و بردنی بۆ هەر جێگا و هەر فەرمانێک بە ئارەزووی بەرتیل دەر.
مەلا واتا پیاوی ئایین. ئەبوو مەلا هەرگیز سەر
بە سەرکردەی، بەندەی خودا نەبووایە و سەر بە حزب و بیر و بزاوتی، دەستکردی، مرۆڤی
بەندەی خوداش نەبووایە. مەلا دەبوو، سەری بە هیچ بارەگایەکی حزبیش نەکردایە. بە
بارەگا و حزب و سەرکردە ئیسلامییەکانیشەوە. چونکە مەلا سەر بە خودا و سەر بە بارەگای خودا و ئایینە. هەر لەم سۆنگەیەشەوە
ئایین دەست نادات ببێ بە بەرنامەی حزبی و خوداش ناکرێت خودای حزبێک بێت و مەلاش
نابێت ئەندامی حزبی بێت.
هەموو
ئەمانە لە بەر ئەوەیە کە خودا و بارەگای خودا و بەرنامەکەی و مەلاکانیش، موڵکی گشتی
و مرۆڤایەتین، ناکرێ و نابێت بە حزبی و سیاسی بکرێن. سنور و جوگرافیای جموجۆڵی مەلا
و ئایین، بەرماڵ و میحراب و مزگەوتە، لەو شوێنانەشەوە ڕێک ئەکرێ، بچنە ناو ڕوح و دڵی
مرۆڤەکانەوە. هەر کات ئەمانە چوونە ناو جوگرافیای بازاڕ و سیاسەت و فەرمانەکانی ڕۆژانەی
مرۆڤەوە، ئەوە ئیتر، خۆیان و ئایین ناشرین ئەکەن و ژیان و بازاڕ و سیاسەتیش ئەشێوێنن.
مەلا نابێت مۆرکێکی حزبی و تایبەتی هەبێت، مەلا دەبێ موڵکی گشتی و هی هەمووان بێت،
بەوانەشەوە کە دژن و بێ باوەڕیشن.
کاتێک مەلا ڕوو لە کەعبە وەرئەگێڕێ و بە دوای
پارە ئەگەڕێ، ئیتر ئەبێت لە دەرگای ئەم حزب و ئەو حزب و ئەم سەرۆک و ئەو سەرکردە
بدات، نەک لە دەرگای خودا.
هەندێک وەزیفە و فەرمان هەن لە نێو کۆمەڵگادا،
کە دەبێت ژیان و گوزەرانی شایستە بۆ فەرمانبەرنیان دابین بکرێ، بەجۆرێک چاو لە دەستی
حزب و سیاسەت و بازاڕ نەبن. لەوانەش مامۆستا و دکتۆر و دادوەر و پیاوانی ئایین
و…هتد. هەر کام لەمانەش بوون بە کەسانی سەر بە حزب و سەرکردە، ئەوا بزانن کە ئەمان
ئیتر لە خوایی بوون و دادپەروەری و پەروەردەکار دادەماڵدرێن و چارەسەریش نابەخشن.
تایتڵی ئەم وتارە ئەگەڕێنرێتەوە بۆ وتەیەکی (مەنسوری
حەلاج ٨٥٨-٩٢٢) کە ڕوو بە ڕووی پیاوانی ئایینی سەردەمی خۆی کردووە کاتێ وتوویەتی
(دینکم دنانیرکم و نسائکم قبلتکم و…) وا دیارە، دیاردەی فرۆشتنی دین بە دینار، زۆر
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ کۆنترە، بەڵام ئەوەی هەیە ئێستا باوی دینار نەماوەو کڕینی دین بە
دۆلاری ئەمریکی و ڕیاڵی سعودی و قەتەرییە.