کاتێک مایکەکان ڕۆڵی تەرازوو ئەگێڕن

دلێر محەمەد

ئەگەر تەماشای سیمبولی دادپەروەری بکەین دەبینین، ژنێکە و چاوی بەستراوە وتەرازوویەکی بە دەستی چەپی هەڵگرتووە و شمشێرێکیشی بە دەستی ڕاستی. هەموو ئاماژەکانی ئەم سیمبوولەی عەدالەتیش، وا لێکدراوەتەوە کە بەر لەوەی تاوانێک ئەنجام بدرێت تەرازووەکە سەنگین بووە و هەردوو تایەکەی بەرانبەر بە یەک ڕاوەستاون.  هەر کاتێکیش تاوانێک ڕوو دەدات، تەرازووەکە لاسەنگ دەبێ و دادگا پێویستە بێتە نێو کێشەکەوە و باری لاری تەرازووەکە دووبارە سەنگین بکاتەوە. دادگا دەبێت چاوی داخات لە ئاست تاوانبار و تاوانلێکراودا و بێلایەنانە تەرازووەکە بکاتە داوەر. ئەبێت بگاتە ئەنجامی ئەوەی، کێ بووە بە هۆکاری ئەو لاسەنگیە. بۆیە ژنێکیش تەرازووەکەی هەڵگرتووە، وەکو نیشانەی سۆز و بەزەییە بەرانبەر بە تاوانلێکراوان. لە هەمان کاتدا شمشێرێکی بە دەستە ڕاستی هەڵبڕیوە، وەکو بێڕەحمی لە جێبەجێ کردنی یاسا بەسەر بە تاوانباراندا. بە لێدان لە تاوانبار و سوز نواندن بۆ تاوانلێکراو، لاسەنگی تەرازوو دووبارە سەنگین ئەبێتەوە. 

ئەگەر هاتوو لە هەرێمێک، پیاوێکی بێ بەزەیی نادادپەروەری حزبی دەسەڵاتێک، بوو بە دادوەر. تەرازوویەکی لاسەنگی گرت بەدەستییەوە. لە کاتی دادگایی کردندا بە چاوی حزبی و نا حزبی تەماشای تاوانبار و بێتاوانی کرد. ئەو کات هاوکێشەیەک دێتە ئاراوە. ئەو کات تاوانبار و تاوانلێکراو بە چاوی یار و نەیار سزا دەدرێن و دەبەخشرێن. 

ئەگەر دادوەر و دادگای دادپەروەر دەبێت جێگەی باوەڕ و متمانەی هەمووان بن، ئەو کات هەمووان بێ دوو دڵی ڕووی تێ دەکەین. بەڵام کاتێک تەرازووکەی دادگا بەر لە تاوان خۆی ملی لاربێ و دادوەری سەر بە دەسەڵات بێ بەزەیی بێ و دژ بە تاوانلێکراوی نەیاری بڕیار بدات و شمشێری تەنها لە گەردنی بێ پشت و پەناکان بساوێ. ئیتر هیچ تاوانلێکراوێک جورئەت ناکات بۆ مافی خۆی ڕیشی بداتە دەستی وەها‌ دادگایەکەوە. 

لەم دۆخەشدا هەر تاوانلێکراوێکی بێ پشت و پەنای نا حزبی بێ دەسەڵات، ناچار ئەبێت هانا ببات بۆ مایکەکان نەک تەرازووەکان. بۆ میدیاکان نەک دادگاکان. ئەو مایکانەی لە چرکەیەکدا دەگەنە گوێچکەی تەپی دەسەڵات و گوێچکەی هەمووان.  لێرە بە دواوە لەم هەرێمە، دوو دادگا هەن دادگای تەرازووە لاری دەسەڵات و دادگای مایکە ئازادەکانی بێ دەسەڵاتان. جا بۆیە لە هەر وڵاتێک ڕۆژ نا ڕۆژێک بێتاوانت بینی لە بەردەمی چەند مایکێکدا شکاتی خۆی بردە میدیا، دژ بە تەرازووە لاری دادگا، بزانە داد دەمێکە ئەو وڵاتەی جێهێشتووە و ستەم جێگەی پێ لێژ کردووە. گەمژەیی وەها دەسەڵاتێکیش لەوەدایە تا ئێستا نازانێت کە "ستەم لە ئەستووریدا ئەپسێت".

06/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر