گەر من سەرۆكێك بم و بزانم كە بە ئاماژەیەكی من، ئاوەكان ئەگەڕێنەوە سەر ڕێچكەكانی خۆیان و خاڵەكان ئەگەرێنەوە سەر پیتەكان، ئەوا هەزار ئاماژە بۆ چاكەكاری ئەكەم نەك دانەیەك.
گەر من سەرۆكێك بم و بزانم كە دەسەڵاتم بای هێندە هەیە كە بتوانم هەموو براكان لە سەر مێزێك كۆ بكەمەوە و ئاشتەوایی هەتاهەتایی بخەمە نێو وڵاتەوە، هەر ئەمڕۆ پێش سبەی فەرمانەكانم دەردەكەم.
گەر من سەرۆكێك بم و تەمەنم لە لێواری قەبرەكەم نزیك بووبێتەوە، ئەوا نەوەك جارێك ڕۆژی هەزار جار بیر لە ناوبانگی دوای خۆم و چارەنووسی وەچەكانم ئەكەمەوە.
گەر من سەرۆكێك بم و خودا بای ئەمشەو دەرفەتی ژیانی دابم، سبەی زوو لە خەو هەستام بەر لە قاوەكەی بەیانیم و هەر بە بیجامە خەتخەتەكەی بەری خۆمەوە، ئەچمە بەردەمی ئاوێنەی مێزتەوالێتەكەم و بە وردی تەماشای خۆم ئەكەم و قووڵتر لەوەش بیر ئەكەمەوە.
تەماشای ژمارەی ئەو چرچ و لۆچییانەی دەموچاوم ئەكەم. ئاخۆ چەند چرچ ولۆچی تێكەوتووە؟ جێگە ماوە بۆ چرچییەكی تر؟ ئەنجا تەماشایەكی ڕەنگ و شێوەی مووی سەر و ڕیشم ئەكەم، بزانم بۆ دەرمانیش موویەكی ڕەشی تیا ئەبینرێت؟ ئەنجا دەستم هەڵبڕم و هەموو هێزی ئەخەمە ناو مستێكمەوە و ئەكێشم بە مێزی بەر ئاوێنەكەمدا، تا بزانم بە ئاستەمێش شووشە عەتر و توحفە و وێنە پۆستەرەكەی مەرحومی باوكم پێ ئەجووڵێت؟ ئەنجا تاوێك بە پێوە ئەوەستم، تا بزانم چەند خولەك پێیەكانم هەڵم ئەگرن و چاوەڕوانی كۆمەكی كورسی ناكەن؟
من گەر سەرۆكێكی بوێر بم هەر ئێستا ئەچمە بەر ئاوێنەكەم. چونكە جورئەتی چوونە بەر ئاوێنە و دواندنی خود لە كەسی لە خۆبوورد و ئازا و بوێر دێت. كەسێك ئامادە بێ پرسیاری قورس و ڕەق لە خۆی بكات و هەر خویشی لە مەسیح ڕاستگۆتر وەڵامیان بداتەوە و ئامادەش بێ گوێ لە دێوە نهێنییەكەی ناخی خۆی بگرێ و توڕە نەبێت و تەپڵەك و شووشە عەتر نەگرێتە ئاوێنەكە! با دڵنیابێ كە ئەوسا ئەتوانێ بڕیاری ڕاست و ڕەوان و دروست بدات.
هەر سەرۆكێكیش بڕیاری دروستیدا، با دڵنیابێ كە مرد میللەت بە سەر شان و بە شكۆوە تابووتەكەی ئەبەن بۆ گۆڕستان. با دڵنیابێ كە نە گۆڕەكەی پاسەوان و نە پەرژین و نە قەفەسی ئاسنینی ئەوێ. با دڵنیابێ گۆڕەكەی لە ناوەوە پڕ ئەبێت لە نور و لە دەروەش گووڵ و گوڵزار، هەر وەكو گۆڕەكەی غاندی و ماندێلا.
گەر من سەرۆكێك بم لە چاوەڕوانی مەرگدا، تەماشای كردارەكانی ڕابردوو و هاوپەیمانییەكان و دیدار و پەیوەندییەكانی دەوروبەر و پاكی و ناپاكییەكانم ئەكەم. تەماشای یار و نەیارەكانم لە نێو هاوڵاتیانم ئەكەم. تەماشای میدیا و سۆشیال میدیا ئەكەم و گوێ لە شەقام ئەگرم. بە ڕێژەی بەشداربووانی هەڵبژاردنەكاندا ئەچمەوە و ڕێژی دەنگی ڕاستەقینە و دەنگی تەزویر جیا ئەكەمەوە. جەردێكی زیندانەكان ئەكەم، تا بزانم چەندیان تاوانبار و چەندیان بێ تاوانن. لە چەقی شارەكانەوە بۆ قەراخی شارەكان، شار بە شار ئەڕۆم. ئەنجا ڕووە و شارۆچكەكان و تا دەگەمە كوێرە دێ و دوورە گوندەكانی سەر سنوریش. تا بزانم تاك بە تاك و بست بە بستی ئەم مەملەكەتە چۆن ئەژین. گەر من سەرۆكێك بم و گەیشتبمە قۆناغی هاكا مردم و ڕوحم دەرچوو، جەردێكی سەروەت و سامانی كوڕ و كچەكانی خۆم و خزم و عەشیرەت و پیاوانی ملكەچی خۆم ئەكەم و یەك یەك بەراوردیان ئەكەم لە گەڵ ساڵانی خەبات و خوێندنییان. ئەنجا بەراوردم ئەكردن بە هاوئاستەكانیان لە نێو هاوڵاتیانی چینی بێ پشت و پەنا، تا بزانم ئەمان بۆچی وان و ئەوانیش بۆچی وا نین؟
گەر من سەرۆكێكی پیر بوومایە، بەو چەند ڕۆژەی تەمەنم كە ماومە زۆر كاری گەورە هەبوو بیكەم. زۆر بڕیاری گرنگ هەبوو كە بیدەم. ئەو كار و بڕیارە دروستانەی كە لە یەكەم ڕۆژی بوون بە سەرۆكمەوە یان نەمكردن یاخود پێچەوانەكەم كردوون.
گەر من سەرۆكێكی بە تەمەنم بوومایە هەوڵم ئەدا، هەر هیچ نەبێت ئاسوودە بمرم، نەوەكو ئەو ڕابردووەی، هیچ كات بە ئاسوودەیی تیادا نەژیام.