زۆرن ئەوانەی لەسەردەشت عوسمان زیاتریان نووسیوەو لەدەرئەنجامی نووسینەکانیاندا، کۆتایی تراژیدیشیان هەبووە، بەڵام کەمن ئەوکەسانەی، بون بهفیگەری گەورەی بوارێکی گرنگی ژیانی سیاسیو کۆمەڵایەتی ئێمە.
بۆ من، مەرگی کاوە گەرمیانیو سۆرانی مامە حەمەو ویداد حسێنیش بههەمانشێوەی مەرگی سەردەشت عوسمان تراژیدینو هەرگیز نابێت لەبیربکرێن، بەڵام لەنێو ئەم تراژیدیانەدا، هیچ تراژیدیایەک هێندەی مەرگی سەردەشت عوسمان، خۆی نوێناکاتەوە. هێندەی هاواری سەردەشت لەگوێماندا، دەنگناداتەوە.
سەردەشت، سیحرێک لەنوسینەکانیدا هەبوو، ئەوانی دیکە کەمتر دەستیان بۆ بردبوو، ئەگەر هەمان ئەو نوسینانە، کاوە یان ویداد یاخود سۆران نوسەرەکانیان بونایە، ئێستا ئەوان بانگیان ئەکردین نەک سەردەشت، بەراوردکردن لەنێوان ئەم کەڵە قوربانییانەدا، هیچکات لەپێناو پلەبەندی نییە، بەڵکو لەپێناو دەرخستنی هۆکاری دەنگدانەوەی، هاواری مەرگێکی جیاوازە، هەربۆیە نوسینەکانی سەردەشت مۆرکێکی تایبەت بەخۆیان هەبوو، نوسینەکانی، جۆرە خەسڵەتێکیان هەبوو، کە لەلای ئەوانی کە نەبون. هەر چۆن، خەسڵەتەکانی ڕەخنەی ئەوانیش، لای سەردەشت نەبون.
ئەگەرچی من بۆم نییە لەنرخی کارە ڕۆژنامەوانیەکانی هەموو ئەو قوربانیانە کەم بکەمەوە، چونکە هەمویان لەجیاتی ئێمە، بەرپرسیارێتییەکی پڕ مەترسیداریان گرت بوە ئەستۆی خۆیان، بەبێبەرامبەر، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرە ئەو خەسڵەتانە بناسین، کە سەردەشتی لەوان جیاکردۆتەوە، گەر بەوردی دیقەتی هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسانە بدەین، دەبینین کە هەموان، خەریکی ڕەخنەکردنی کایەی سیاسیو ئیداریی وڵات بون، واتا هەموان بەدوای خراپەکارییەکانی حزبو حکومەتەوە بون.
هەموان کەمو کوڕیو گەندەڵییەکانی حزبو حکومەتیان دەخستەڕوو، دستیاندەخستەسەر ناشرینییەکانی ئەو مێژوەی ئەوان، ئەوان دەستیان بگەیشتایە بەهەرچ دەستدرێژییەک، بۆسەر یاسا یان خیانەت، یاخود گەندەڵکارییەک لەشوێنو ساتێکی دیاریکراودا، ڕاستەوخۆ ئاماژەیان بۆ ئەکردو کارکتەری ئیدارییو سیاسی پشتی ئەم گەندەڵکارییەیان، دیاری ئەکرد.
ئەوان تەنها بەتایبەتی باسیان لەکەیسی دیاریکراو ئەکردو خۆیان وەکو داواکاری گشتی نمایش نەدەکرت، بەڵکو ئەوان وەکو بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەوانی دەردەکەوتن، بەڵام ئەگەربێینو لەسەر نوسینەکانی سەردەشت عوسمان بوەستین دەبینین، کە سەردەشت بەنزیکی، لەسەرجەم نوسینەکاندا، بەوردبینیو فەلسەفییەوە تەماشای خیانەتو گەندەڵ کارییەکانی ئەکرد، ئەو هەوڵی دەدات بەتوخمێک لەفەلسەفە، نووسینەکانی بنیات بنێ. ئەو بەئاراستەکردنی پرسیاری کراوە، لەسەرانی کوردو لەکۆمەڵگاش، گومانەکانی ئاراستە دەکرد.
سەردەشت هەموو شتێکی ئەوت، بەبێئەوەی هیچ شتێکیش بڵێ، بەگشتی سەردەشت، بەدەگمەن نەبێ لەسەر کەیسێکی تایبەتی نەدەوەستا، بەڵکو خەمەکانی ناو نوسینەکانی سەردەشت، باسی لەڕەگو ڕیشەی گەندەڵکارییو خیانەتەکان ئەکرد. سەردەشت وازی لەکلکی مارەکان هێنابوو، خەریکی سەری مارەکان بوو. سەردەشت سەلیقەیەکی وردی هەبوو لەدەربڕین کە وەستانی لەسەر کەیسی تایبەتیی تێپەڕاندبوو.
ئەو لەنوسینەکانیدا لەوە بوبوەوە کە باس لەگەندەڵیو خیانەت بکات لێرەو لەوێ. ئەو ئەهات بەنوسینێکی گشتی، تانەی لەکۆی سیستمەکەو سەری هەڕەمەکان دەدا. نوسینەکانی سەردەشت مۆرکی کودەتایی هەبوو، لەڕەخنە گرتندا. ئەو داوای گۆڕینی کۆی دەموچاوە ناشرینەکانی ئەکرد، ئەو ئەیویست بڵێت تاکە هیوا کە بەوەی ئەم ئەزمونە لەحوکمڕانی خۆیدا، دەرفەتی چاکبونی مابێ، گۆڕینێتی.
ئەو هەندێكجار جیاوازی نەدەکرد تەنانەت لەنێوان ئەوانەی کە خۆیان بەفریادڕەس لەقەڵەمدەدا، لەگەڵ ئەوانەی دروستکەری نەهامەتییەکان بون، ئەو ڕای وابوو ئەمانە لەشەیتانو بەچکەشەیتان ئەچن، سەردەشت بیرێکی تیژی هەبوو کە خوێندنەوەی تەنانەت بۆ دوای خۆیشی هەبوو. ئەو خۆی وتی من دوا دێڕی ڕەخنە نابمو دوای من، سەدان دێڕو پەڕەو کتێب لەڕەخنەگرتن هەڵائەیسێ، جگە لەهەموو ئەمانەش کە وردبیتەوە لەزۆرێک لەنوسینەکانی دەبینی کارەکتەری (من) واتا سەردەشت خۆی ئامادەبوو. ئەو هەمیشە چیرۆکی بۆ ئەگێڕاینەوەو خۆی کاراکتەرێکی سەرەکی ناو چیرۆکەکان بوو.
ئەو لەڕێگەی گێڕانەوەی ژیانی خۆیەوە وەکو گەنج، وەکو خوێندکار، وەکو کوڕە هەژار، وەکو برای چەند خوشکێک، وەکو کوڕی باوکێکی ماف خوراوو دایکێکی کوێرەوەر وەکو هاوڵاتی، وەکو دەنگدەر... بەرامبەر بەسیاسیو سەرکردەو خێزانەکانیان ئەوەستایەوە. ئەیویست بڵێ ئەوان تاکە سەرچاوەی نەهامەتییەکاننو تەنها بەچونی ئەوان ناشرینییەکان کۆتاییان دێت.
سەردەشت لەکۆتاییدا، وەکو گیڤارا خۆی ئەنواند. ئەگەر گیڤاڕا لەخەباتی ڕزگاریدا، بێباکو بێبەرامبەر هەوڵیدابێت، بێگوێدانە چارەنوسی خۆی، ئەوا سەردەشتیش گیڤارای ڕۆژنامەگەری کوردیی بوو، هەربۆیە بوو بەفیگەرێك. بەفیگەربونی سەردەشت لەوەدایە، لهکوێ ناوی تیرۆری قەڵەم بێت، ناوی سەردەشتیش لەوێیە.