غالب سەرئەکەوێت، (لەسایەی سیروانێك لەگەندەڵی)

دلێر محەمەد

یەکێک لە کاندیدەکانی پارلەمانی عێراق ناوی (غالب)ە. غالب ئەگەرچی کوردە، بەڵام ناوەکەی عەرەبییە. غالب لە قەواعیدەکەی (سیبویە) لە سەر وەزنی اسم فاعلە، واتا کەسێکی کردەیە و بە مانای  ئەوە دێت؛ کە (سەردەکەوێت بە سەریدا یان زاڵ دەبێت بە سەریدا). خۆ ئەگەر بە قسەی عەرب بێت کاتێ دەڵێن (اسمٗ علی مسمی) ئەوە غالب سەردەکەوێت، چونکە وەک کورد ئەڵێت ناوەکەی بە خۆیەوەیە. بەڵام ئەگەر واز لە قاوە گرتنەوە و پەندی پێشینان بێنین و سەیری واقیعی حاڵ بکەین. ئەبێت لە پێشەوە چەند پرسیارێک بکەین لە خۆمان؛ ئەبێت هۆکار چی بێت کە غالب‌ لەم کێبڕکێیەدا سەربکەوێت؟ غالب کە بە مانای سەردەکەوێت لە پەنای سەرکەوت بوەستێ، کە ئەمیش بۆ خۆی هەمان ناوەڕۆک و مانا و کاریگەری (غالب) ی هەیە، لە سەر ڕووداوەکان. ئەم دووانە لە پەنای کەسی سێیەم بوەستن کە ئەویش سیروانە و پێکەوە، بارتەقای ڕوباری سیروان کەیس و ئاماری گەندەڵی ناوچەی بابان و بادینانیان پێیە. ئەم سیانە لە پشتی مێزێکی بچووک، کە بە حاڵ جێگەی یەکێکیانی تیا ئەبووەوە، لەو تاکە مایکەوە، بە چەند خولەکێک ڕاپۆرتێکیان هەڵدایەوە و هەرچی شانازیی دەسەڵاتە هەڵیانوەراند. هەڕچی درۆیە هەڵیان ماڵی، هەرچی خەباتە خستیانە ژێر پرسیارەوە. ئەبێت چ سیحرێک جگە لە ڕاستگۆیی، وا بکات سێ گەنجی نەوەی ڕاپەڕین، بە بێ پشت و پەنای حزبی و بە مایکێک و سێ دیواری فیس بووکەوە بتوانن بەرانبەر نەوەی دەیان سەرۆک و سەرکردە بوەستن، بەو هەموو درۆ و دراو و تەکنەلۆژیای ڕاگەیاندن و چەک و شەقاوەوە، لە هەر دەرکەوتن و لێدوانێک، عەرشی دەسەڵاتێکی ٤٠ بۆ ٧٠ ساڵە بلەرزێنن و فەرشی ژێر پاشەڵیان هەڵتەکێنن!؟ 

ئەگەر جاران و لە سایەی ئەو یاسای هەڵبژاردنانەی، کە حزبە گەندەڵەکانی دەسەڵات، لە مەتبەخە سیاسییە تەقلیدییەکەی خۆیان هەڵیان ئەکروزاند. نیوە ناچڵ بە ئیشتیهای خۆیان و ژەقنەبووتی ئەوانەی دەرەوەی خۆیان، ئەیانخستە بەردەمی ئەو کۆمسیۆنەی، کە ئەوانیش هەر لە پیاوە دابەستەکانی حزب پێکهات بوون. ئەوا ئەمڕۆ یاسایەک بۆ هەڵبژاردن، کارپێکراوە، کە حزب، تۆقیوە لە چەند کاندیدێکی سەربەخۆ تەنها و تەنها بە خۆیان و فیس بووک و سۆشیال میدیاکانیانەوە، بەرانبەر به ماکینە زەبەلاحەکانی حزب و دەسەڵات بوەستنەوە. 

ئەگەر حزبە تەقلیدی و دەسەڵاتە درێژخایەنەکانی کوردستان، تەکلیفێکی بچووک لە خۆیان بکەن تەماشایەکی خۆیان بکەن لە کوێوە هێنایان و بەچی گەیشتوون!  چییان پێبوو و چیان دەست کەوت! چییان برد و چییان بەخشی! ئەوا زۆر ‌بە ئاسانی وەڵامی ئەوەیان دەست دەکەوێت کە بۆچی غالب بە سیروانەوە سەردەکەوێت. ئەگەر چی غالب و سەرکەوت و سیروان نە کوڕی سەرکردە و سەرۆکەکانن، نە خاوەن پشک و خاوەن فڕۆکە و بیرە نەوتن و کۆمپانیاکانن. نە لیوا و فەوج و شەقاوەیان هەیە و نە گوێچکەکانی خەڵکیان پڕکردووە لە شیعاراتی سوواو و درۆ و دیعایە و نە گەندەڵی و نە دزی و نە ڤیدیۆ کلیپ، ئەوەی هەیان بێت  و نەیان بێت ئەو ڕاستیانەن کە سەرودڵی ئێوە ئەگرن و مەسروورتان مەحزوون و شانازەکان ئاوەڕووت و قوبادەکان فش ئەکەنەوە. جا ئەگەر دەستی تەزویر بگیرێ و هەلبژاردن بێ خەوش بێت و ئامێری دروست کردنی کارتی دەنگدان لە جێی ئەوەی لە کۆمسیۆن بێت، نەبێت بە ئەندام ناوچە لە لقی دوو،  ئەوە سەرکەوت و بنکەوت و غالب و مەغلوب دەرئەکەوێت و ئەو دەم ئەبینین لە نەتیجەدا سیروان کێ ئەبات و کێش ڕزگاری ئەبێت لەم لافاوەدا.

24/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر