لەسەر دەستی ئەم دەسەڵاتە سیاسییەی ئێستای هەرێم، شتێك نەماوە ناوی هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بێت ، دروستیش نابێتەوە ، لە جیاتی ئەوە ، شتێك داهاتووە ناوی (ئەستێرەی ئۆپۆزسیۆنە) واتا كەسێك ، بە ناسنامەیەكی سیاسی ، وەك هەر ئەستێرەیەكی سینەمایی بە ناوبانگ لەسەر دەستی دەرهێنەرێكی بە توانا ، دروستكراوە ، دەنگێكی گەورەی بیستراوی هەیە، بەڵام بە (سفر) كاریگەری .
ئەم ئەستێرە سیاسییە ، وەك ئەستێرەیەكی بە ناوبانگ وسەركەوتوو ، خەڵكان هان ئەدات بۆ هەڵبژاردن و دەنگەكانیان كۆ ئەكاتەوەلە ژێر ناونیشانی ((سەركەوتن بەسەر نەهامەتییەكانی گوزەرانی رۆژانە و ساڵانەی ژیانیان)) .. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دەنگدانە بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی ئەم دەسەڵاتداریەی ئێستایە ، لە ژێر ناونیشانەكانی : ( هەڵبژاردن ، دیموكراسی ، نوێبوونەوە و گۆڕانكاری ...)
ئێستا ، بەر لەم هەڵبژاردنە ، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ، ئەگەر مەبەستیانە ڕاستگۆبن لەگەڵ خۆیان و میللەتەكەیان ، باحزب و (ئەستێرەكانیان) بە ئاراستەیەكی دروست و چارەنوسساز ئاراستەبكەن ، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی داهاتوو ڕابگەێنن.
بایكۆتكردنی هەڵبژاردن باشترین شێوازی دەربڕینی ئۆپۆزسۆن بوونە بۆ ڕێگریكردن لەم شێوازی حوكمڕانییە ، ڕێگریكردن لە نوێكردنەوەی مۆڵەتی حوكمڕانی ئەم دەسەڵاتدارییە شكستخواردووە ، ئەگەر ناشتوانن لەسەر تاسەری هەرێمدا بایكۆت ڕابگەێنن ، فەرموون لە سەر ئاستی سلێمانیدا ڕایبگەێنن ، دڵنیابن بە بێ سلێمانی هیچ هەڵبژاردنێك سەركەوتوو نابێت .