پەرلەمانتارانی كورد..هەڵوێستتان

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

بەڕێزان پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ، داواتان لێ‌ ئەكەم هەڵوێستی مرۆیی و ویژدانتان نەخەنە تایەكی تەرازووی بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتداریی لە عیراقدا ، چیتر سڕ و بێ‌ دەنگ ڕامەوەستن بەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەكانی تری عیراق دەكرێت ، لە كاتێكدا ناوەندە نێودەوڵەتی و وڵأتانی دەوروبەر وناوخۆی عیراق هاتونەتە دەنگ .

 
داواتان لێ‌ ناكەم دژی ئەم كابینە حكومیەی ئێستای عیراق بوەستنەوە ، ئەزانم ناتوانن ، جگە لەوەی بە لای زۆرینەی بەڕێزتانەوە (( باشترین كابینەیە بۆ كورد )) بەڵأم داوای هەڵوێستی مرۆڤانە و كوردانەتان لێ‌ ئەكەم بەرامبەر ئەو پێشێلكارییەی بەرامبەر خۆپیشاندەران دەكرێت لە بەغدا و شارەكانی تری عیراق ، هەڵوێست بەرامبەر ڕشتنی خوێنی بێكاران و ئەوانەی داوای دادپەروەری ئەكەن ، داوای گوزەرانێكی ئاسایی وبژێوی رۆژانەیان ئەكەن .

 ناكرێت خوێن ڕشتنی كەسێكی بێ‌ كار و بێ‌ بژێوی - تان لا یەكسان بێت بەرامبەر پشتگیری سەرۆك وەزیرانێكی حكومەتێكی عیراق كە ئەگەر ئێستاش نەبێت ، دواتر هەر دەڕوات ، بەڵأم ئەوەی دەمێنێتەوە خوێنی خۆپیشاندەرە پیتاوانەكانە بەرامبەر  هەڵوێسەكان ، لەسەر ئاستی ناوخۆ و وڵأتانی دەورەبەر و جیهان .

ئێمەی كورد بەردەوام هاواری پێشێلكردنی مافەكانمان كردوە ، هاوارمان داوە بە گوێی جیهاندا ، ناكرێت ئێستا بەڕێزتان نوێنەری كوردن نركەتان لێ‌ نەیەت بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلكاری و خوێن ڕشتنە .
بەڕێزان نوێنەرانی گەلی كورد لە بەغدا ، هاوهەڵوێستی بەرامبەر مافی هەر مرۆڤێك شەرەفێكی گەورەیە دەچێتە نۆماری مێژووی گەلەكەمان و تۆماری مێژووی كەسیی بەڕێزتانەوە ،
وا بزانم كۆكین لەسەر ئەوەی تۆماری مێژوو گرنگترە لە تۆماری پشتگیری كردن لە كەسێك و كابینەیەكی حكومی .
دەتوانن بەڕێزتان لەسەر ئاستی كەس و فراكسیۆن و كۆی فراكسیۆنەكان هەڵوێستتان هەبێت ، بفەرموو لێدوانێك بدەن .. داوای پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران بكەن ، بفەرموون بەیاننامەیەك دەرچوێنن ، داكۆكی لە مافە دەستووریەكانی هاوڵانیان بكەن ، بفەرموون ئەندامیەتیتان هەڵپەسێرن تا دۆخی كوشتن و خوێنرشتن كۆتایی دێت . بفەرموون هەڵوێستتان ..  


            

 

28/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر