پەرلەمانتارانی كوردستان .. ئەو كارە نەكەن ...

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

بەڕێزتان لە ئێستادا ، گفتوگۆ و خوێندنەوە بۆ  ئەو پرۆژە یاسایە ئەكەن كە لە حكومەتی هەرێمەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان بە هاوپێچیی نوسراوی ژمارە 4581 لە10/8/2020دا ولە پێگەی ئەلكترونی فەرمی پەرلەماندا بڵاوكراوەتەوە  ، بە مەبەستی دەرچواندنی یاسایەك بۆ فرۆشتن و بە كرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت بە ناوی ((یاسای فرۆشتن وبە كرێدانی ماییەكانی دەوڵەت)).

پێشتر و لەسەر ئاستی عیراق هەمان بابەت ، بە یاسای ژمارە 21 ساڵی 2013 بە هەمان ناونیشان و بۆ هەمان مەبەست دەرچوێندراوە  ، وئەم پرۆژەیەی ئێستای بەر دەستی بەڕێزتان ، زورینەی زۆری دەقی  بڕگە ومادەكانی لەو یاسایەوە وەرگیراوە .

بەڵام ماددەیەكی گرنگ بە گۆڕانكارییەوە خراوەتە بەردەستی بەڕێزتان كە لە ئێستادا خزێندنەوەی بۆ ئەكەن، ئەویش ناوەڕۆِكی ماددە 39 ی پرۆژەكەیە كە دەڵێت : 
ماددە 39 ی پرۆژەكە (( سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كاتی پێویستی بڕیار بدات بە فرۆشتنی مایە گوێزاوەكان و نەگوێزراوەكانی دەوڵەت یان بە كرێدانیان بەدەر لەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەركراوە)) 

ئەمەش جیاوازە لە ناوەرۆكی هەمان ماددە لە یاسا بەركارەكەی عیراقدا كە دەڵێت :

((ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كانی پێویستدا بڕیاربدات بە فرۆشتنی مایە گوێزراوە و نەگوێزراوەكانی دەوڵەت یان بە كرێدانیان بەدەر لەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەر كراوە ))

جیاوازییەكی یاسایی و یژدانی و نیشتیمانپەروەری یەكجار زۆر هەیە لە نێوان دەقی یاسا عیراقیەكە و دەقی پرۆژە یاساكەی بۆ هەرێم ئامادەكراوە .
لەیاساكەی عیراقدا بەجیاگرتنی دەسەڵاتەكانی فرۆشتنی موڵك و ماڵی دەوڵەتی سپێردراوە بە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران ، واتا بە دامەزراوەیەكی فەرمی دەستووری كە ئەنجومەنی وەزیرانە .

بەڵام هەمان بە جیاگرتن لە فرۆشتنی موڵك وماڵی دەوڵەت لە پرۆژەیاساكەی هەرێمدا ، دراوە بە كەسی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران !!

بەڕێزتان وەك پەرلەمانتاران ، ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقی گەورەتان لەسەر شانە لە دەرچواندنی هەر یاسایەك ، لەبەر ئەوەی ئەو یاسایانەی بە دەنگی ئێوە دەردەچوێندرێت چیتر مافی تانە لێدانی نییە بە هۆی نەبوونی دادگایەكی باڵا لە هەرێمدا .

داواكارم دەقی ماددە 39ی پرۆژەكەی بەردەستتان وەك دەقی ماددە یاساییەكەی عیراق لێبكەن ، دەسەڵاتی فرۆشتنی موڵك وماڵی دەوڵەت بە كۆی ئەنجومەنی وەزیران بسپێرن نەك بە كەسی سەرۆكەكەی .

ئێوەی بەڕێز یاسا بۆ نیشتمانێك دەرئەكەن ،نەك بۆ كەسێك و پۆستێك ، تكاتان لێ‌ ئەكەم ئەو كارە نەكەن

 

25/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر