داگیركاریی .. تەنها لەشكركێشی و كردەوەی سەربازی و چۆڵكردنی دێهاتی ناوچە بە ئامانجگیراوەكان نییە ، داگیركاریی ..
جێبەجێكردنی ئەو ئامانجانەیە كە دەوڵەتێك لەشكركێشی لە پێناودا ئەكات.
هەموان ئەزانن ، بە تایبەت بەرپرسە باڵاكانی هەرێم ، لەشكری توركان لە كوێی هەرێم دامەزراون و ئەیانەوێت تا كوێ بڕۆن .. بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمان ولەسەر وەستانە ئەوەیە ، هەر وڵاتێك ، لە ناوچەی شەڕ وپێكدادانی سەربازی و لە كاتی بوونی لەشكرێكی بێگانە ، پرۆژەی ستراتیجی گەورە ، لە دەوروبەری ناوچەكانی ئەو لەشكرە ، ڕاناگەێنێت .. تا زیان بە پرۆژەكە و گیانی سەركارانی نەگات .
لە ناوەڕاستی مانگی 5ی 2021 ، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم خشتەی دروستكردنی 9 بەنداوی لە سنووری سێ پارێزگای هەرێم (دهۆك ، هەولێر و سلێمانی) ڕاگەیاند ، بە هەماهەنگی لەگەڵا وەزارەتی پلاندانانی هەرێم .
ئەوەی جێگای سەرنجە ، هەرسێ بەنداوەكەی سنووری پارێزگای دهۆك بە ناوەكانی ( دێرەلوك ، باكرمان و باسێ) كە لە تەواوبونیاندا ڕووبەری (10630 دەهەزار و شەشسەد و سی - كیلومەتر دووجا)ی خاكی هەرێم بە ئاو دائەپۆشن (بە پێی خشتە ڕاگەێندراوەكەی وەزارەت) . لە ئێستادا ناوچەی سەربازی لەشكری توركانە ، بەڵكو سەربازگە و جبەخانەی ئەو لەشكرە لەو ناوچانە جێگیر و بەرقەرارە.
بۆ دڵنیای بادینان و گشت خاكی كوردان ، بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەكان .. پێویستە یەكێتی وڵامی چەند پرسیارێكی لا بێت :
- ئایا بەرپرسانی باڵای بڕیاربەدەست دڵنیان لەوەی شوێنی ئێستا و ئایندەی بەنداوەكان (دوای پڕبوونی) ناكەونە ژێر ڕكێفی لەشكری داگبركەر ؟
- ئایا سەردانی شوێنی دروستكردنی ئەو بەنداوانە كراوە تا بزانن دەكەوێتە كوێی سەربازگەكانی ئەو لەشكرە ؟
- ئایا دیمەنی دوای تەواوبونی ئەو بەنداوانەیان دێتە بەر چاو لە پاڵ مانەوەی كۆی ئەو سەربازگانە ؟
بۆ ئەوەی یەكێتی بەشدار نەبێت لە ئەگەری بوونی پلانێك بۆ داگیركاریی بادینان :
1 - با داوا لە بەڕێز وەزیری كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو و بەڕێز وەزیری پلاندانان بكات ، سەردانی شوێنی ئەو سێ بەنداوە بكەن ولە دانیشتوانی گوندەكانی ئەو شوێنانە بپرسن سەربازگەكان دەكەونە كوێی ئەو بەنداوانە ، چ لە ئێستادا ، چ لەدوای پڕكردنی.
2 – داوا لە هەردوو وەزیری بەڕێز بكرێت .. بە بڕیاری دەستبەكاربوون لە دروستكردنی ئەو سێ بەنداوەی بادیناندا بچنەوە ، تا دوای لەشكركێشی .
3 – داوا لەهەردوو وەزیری بەڕێز بكرێت ، دڵنیا بن لە پێگەی جوگرافی یەكێك لەو سێ ناوچەیە ، كە (باكرمان)ە ، ئایا دەكەوێتە سنووری كارگێڕی هەرێمی كوردستان یان دەكەوێتە سنوری كارگێڕی پارێزگای (نەینەوا – موسڵ) بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە لێپرسینەوەی (دەوڵەتی عیراق) بە دوور بگرن .