شەوێک لەناکاو دێین" هەموو شتێک یەکلایی دەکەینەوە؟

هیوا عومەر

لەگەڵ دروستبوونی هەر بۆشایی و کەلێنێکدا، هێرش و دەستدرێژییە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر گەلی کوردستان رۆژ بەدوای رۆژ زیاتر دەبێت، ئاماژە و ڕەوتی رووداو و کەلێنەکان، دەستوەردان و دەستدرێژی و هێرشی زیاتری تورکیا پیشان دەدەن، لە باکور و رۆژئاوا و هەرێمی کوردستانیش .

 هاوکات لەگەڵ دەستدرێژییەکانی لە سۆماڵ بۆ قەوقاز و لیبیا و قوبرس و سوریا و عێراق.. هتد، بە سوودوەرگرتن لە بۆشایی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ گرووپە جیهادی و ئیسلامییەکان، لەگەڵ ئەمەشدا رووبەڕووی ناکۆکی و گرژی زیاتر دەبێتەوە لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەڵمانیا و فەرەنسا و تەنانەت لەگەڵ ناتۆ و زۆربەی ئەندامەکانی و ئەمریکا و کەنەداش .

لەسەروبەندی سەرقاڵبوونی جیهان بە ئاڵوگۆری دەسەڵات لە ئەمریکا و کاریگەرییەکانی، لە هەفتەی رابردوو ئەردۆگان لە دوای بەجێهێنانی نوێژی هەینی لە مزگەوتی کەرەم ئایدنلار لە ئیستانبوڵ لەبارەی دۆخی شنگال بە روونی بە زمانێکی هەڕەشەوە، ڕای گەیاند، وڵاتەکەی رەنگە خۆی دەستوەرداتە کاروباری ئەو ناوچەیە، بۆ ئەوەی گەریلاکانی پەکەکە لەو ناوچەیە دەربکات، گوتی ،"من هەمیشە گوتەیەکم هەیە کە دەڵێم "شەوێک لەناکاو دێین، هەموو بابەتەکەش هەر ئەمەیە". هەفتەی پێشووتریش لە 20ی ئەم مانگە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی هەرێم کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە مستەفا کازمی رای گەیاند، لەگەڵ تورکیا "لەسەر چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچە سنوورییەکان هاوڕا بووین"!.

دیارە ئەوان مەبەستیان لە تیرۆر روونە، تاوانی رۆژانەی پارتی داد و گەشەپێدان و دەوڵەتانی داگیرکەر و خۆسەپێن لە کوشتن و بێ سەروشوێنکردن و هێرشەکانیان دژ بە سەرەتاییترین بنەماکانی مافی مرۆڤ لە ناوەوە و دەرەوە ناچێتە چوارچێوەی تیرۆری دەوڵەتی؟ ئەوان پێی دەڵێن "ڕاگرتنی ئارامی و چەسپاندنی یاسا"!، بەڵام تێکۆشانی گەلی کوردستان و گەلانی ئازادیخواز و میللەتانی ژێردەستی ئیمپریالیزمی سەرمایەداری و قوربانی دەستی شۆڤینیەتی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەیی بە پێوەرەکانی ئێستای جیهان دەخرێتە لیستی تیرۆر، ئەو لیستەی لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و ملکەچپێکردنی زیاتر رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتری دەکەن دژ بە زۆرینەیەکی پەراوێزخراو، بەجۆرێک لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهاکانی مافی مرۆڤ و گەلان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر پاشەکشە دەکات بەهۆی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، تا ئاستێک ئەوەی لە دوێنی بەهۆی تێکۆشانی گەلان و کرێکاران و هەژاران بەدەست هاتبوو ئەمڕۆ لەبەردەم مەترسی گەورەدایە. 

سەرەرای بەردەوامی گرتن و زیندانیکردنی هەزاران کورد و چالاکی ساسی بەهۆی بیرورای سیاسی و رەتکردنەوەی بڕیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش، لەم چەند رۆژەدا تورکیا لە ناوخۆیدا جارێکی تر ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە درێژکردەوە لە شاخەکانی باکور و پارێزگای ئاگری، چەندین ناوچە و شاریشی وەک ناوچەی ئەمنی دەستنیشان کرد، جگە لەبەردەوامی هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، تا دێت زیاتر خۆی کۆدەکاتەوە بۆ هێرشی زیاتر بۆ  سەر شەنگاڵ و هەرێمی کوردستان، بیانووی ئەوان بوونی پەکەکەیە، بەڵام مەبەستی سەرەکی گواستنەوەی قەیرانە ناوخۆییەکانی تورکیا و بەردەوامی ژێردەستەیی گەلی کوردستان و ئەجندای شۆڤینیەتی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییە.

 لە کاتێکدا زیاتر لە 30 بنکەی سەربازی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام هێرشی ئەمجارەی تورکیا بۆ دانانی بنکەی سەربازییە لە شەنگال و دەوروبەری کە مەبەستی سەرەکی نەهێشتنی پەیوەندییەکانی نێوان کانتۆنەکانی رۆژئاوا و هەرێمی کوردستانە بۆ گەمارۆدانی زیاتری رۆژئاوای کوردستان و باشور، رێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی بەغدا و هەرێمیش لەبارەی شەنگالەوە بەدوور نەبوو لەو ئەجندایە .

دەستدرێژی و داگیرکاری تورکیا لە کاتێکدایە تورکیا بەهۆی سیاسەتەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی ئیسلامی رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، بەجۆرێک بەپێی راپۆرتەکان تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو رێژەی بێکاری و داکشانی ئابووری چۆتە ئاستێکی مەترسیدار، لە ئاستی سیاسیش تا دێت ناسەقامیگری زیاتر دەبێت و فشارەکانیش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دژ بە داد و گەشەپێدان زیاتر دەبێت، لەکاتێکدا کاتی هەڵبژاردنی ئاسایی دەبێت لە ساڵی 2023دا بێت. 

ئەمڕۆ ئەردۆگان بەرۆژی رووناک هەڕەشەمان لێدەکات و زۆر بە ئاسانی بە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سەرانی دەسەڵاتی هەرێم، گوندنشینان شەهید دەکات و رەز و باغمان دەسوتێنێت، بەوەندەش ناوەستێت و دوایش دەڵێت: "شەوێک لەناکاو دێین"، هەموو شتێک یەکلایی دەکەینەوە، کەچی لای ئەمان نەبایە و نە باران، لە بارەی ئێمەوە وەک گەلی کوردستان رووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی دەبینەوە، ئەویش ئەوەیە، ئەوە چ هەلومەرجێکا وایلێکردووین لە باشور تەنیا رۆڵی بینەرمان هەبێت یا بۆ بمێنێتەوە لەکاتێکدا هێرشی شۆڤینیەتی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە عێراق و تورکیا و ئێران رۆژ لەدوای رۆژ لەسەرمان زیاتر دەبێت؟ بێگومان ئەم پرسیارە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرە نییە، چونکە ئەوان رۆڵێکی تر دەبینن . 

 

26/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر