ئه‌وانه‌ی باسی جیاوازیی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی ده‌که‌ن؛ باسی چی ده‌که‌ن؟
عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی که بیرمه‌ندێکی ناسراوه له ناوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کانی جیهانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپیدا، له ساڵی ١٩٤٥ دا کتێبێکی بڵاوکردۆته‌وه به‌ناوی 'له مێژووی ئیلحاده‌وه له ئیسلامدا'. کتێبه‌که سه‌ره‌ڕای گرنگییه‌که‌ی له لێکۆڵینکاری و شرۆڤه‌ی تێکسته ئه‌ده‌بی و ڕه‌وانبێژی و سیۆلۆجییه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئیسلامی‌دا؛ هه‌ڵگری دوو گرفته: گرفتی یه‌که‌مییان ئه‌وه‌یه که به‌ده‌وی تاڕاده‌یه‌ک ته‌سلیمی ئه‌و دیده باوه بووه که له سه‌رده‌می ئه‌و 'مولحیدانه' دا گوتاری فه‌رمی ئایینی داڕشتووه و ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌ک مولحید ناوزه‌د کردووه. گرفتی دووه‌م؛ گرفتێکه که محه‌مه‌د ئه‌رگۆن سه‌رنجیداوه و له په‌ره‌گرافی کتێبێکیدا جه‌ختی لێده‌کاته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی به‌ده‌وی بهێنێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئاگاداری ئه‌و دیبه‌یتانه‌ن ده‌زانن که مه‌به‌ستی ئه‌رگۆن ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دیدی به‌ده‌ویه له‌سه‌ر ئیلحاد له مێژووی ئیسلامی.
*****
سه‌باره‌ت به گرفتی یه‌که‌م؛ ئه‌وانه‌ی له مێژووی ئیسلامدا به مولحید " نا-خوداباوه‌ڕ، بێخوداباوه‌ڕ" ناوبراون و زیندانی‌کراون و هه‌ندێکیان کوژراون و هه‌ندێکیان که‌وڵکراون بۆ نمونه 'ئیبنولموقه‌فه‌ع' که وه‌رگێڕی کتێبێکی نایابه بۆ عه‌ره‌بی 'که‌لیله و دیمنه'، له ڕاستیدا هیچیان مولحید نه‌بوون، به‌ڵکو گوتاری زاڵ و فه‌رمی دینی وه‌ک کافر و زه‌ندیق له‌وانی ڕووانیوه. بۆ نمونه موحه‌مه‌د بن زه‌که‌ریای ڕازی بڕوای به توانا و ڕۆڵی عه‌قڵ هه‌بووه له شرۆڤه‌کردنی دنیا و تێکست و ده‌قه‌کان، له نووسینه‌کانیدا عه‌قڵی شکۆدار کردووه، جابری کوڕی حه‌یان بایه‌خێکی زۆری داوه به زانستی سروشتی و بۆ تێگه‌یشتن له دیارده سروشتییه‌کان پشتی به‌چاودێریکردن و هه‌ڵێنجانی ده‌رئه‌نجام له خودی دیارده‌کانه‌وه به‌ستووه، ڕاوندی له قوڵبوونه‌وه‌دا تا ئه‌و جێگایه ڕۆیشتووه که گومانی له نبووه‌ت و وه‌حی هه‌بووه. تێڕوانینی ئه‌و زانا و بیرکه‌ره‌وانه ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ دید و ڕوانینی سه‌ره‌کی فڵان فیرقه‌ی ئیسلامی و فیسار خه‌لیفه و حاکمی ئیسلامی، ئه‌و گروپی دینی و ئه‌م فه‌قیهو موته‌که‌لیم، مه‌زهه‌بێک لێره و ته‌فسیرێک له‌وێ یه‌کی نه‌گرتبێته‌وه یان ناکۆک بووبێت، به‌ڵام ئه‌و ناکۆک بوونه نایانکات به مولحید، به‌ڵکو ئه‌وه تۆمه‌ت و تاوانبارکردنی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی بووه ئه‌وانی کردۆته ده‌ره‌وه‌ی ئیمان و سزای داون، ئه‌مڕۆ زۆر که‌س حه‌لاج به ئیماندارتر ده‌زانن له بکوژه‌کانی.
گرفتی دووه‌م؛ گرفتی مۆدێرنیتی و ترادیسیۆنه که موحه‌مه‌د ئه‌رگۆن له په‌ره‌گرافێکدا به قوڵی گوزارشتی لێکردووه. ئه‌رگۆن پێی وایه که ئیلحاد یاخود نا-خوداباوه‌ڕیی، بێخوداباوه‌ڕیی، دیارده‌یه‌که په‌یوه‌ندی به مۆدێرنیتییه‌وه هه‌یه، ئه‌بستیمی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له توانایدا نه‌بووه مرۆڤێک به‌رهه‌م بهێنێت که نا-خوداباوه‌ڕ بێت، نا-خوداباوه‌ڕی بابه‌تێک بووه له ده‌ره‌وه‌ی مه‌نزومه‌ی مه‌عریفی و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که مرۆڤی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست بیریلێکردونه‌ته‌وه. له دووای ڕێنیسانسه‌وه ورده ورده قه‌له‌ق و گومانی مرۆڤی نوێ په‌ره‌ده‌سه‌نێت، هاوشان به‌وه زانست و فیکر به ڕه‌تبوون به‌ناو شۆڕشی پیشه‌سازی و سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریدا گورزی گه‌وره له ئاین و جیهانبینی ئاینی ده‌ده‌ن، تا ده‌گات به سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ده‌ی بیست که ئیتر مرۆڤێک سه‌رهه‌ڵده‌دات که چیرۆکی ئاینی نا‌تووانێت وه‌ڵامگۆی خواسته مه‌عریفی و ژیاری و وجودییه‌کانی بێت. مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ که‌سێکه که بڕوای به بوونی هێزێکی میتافیزیکی پیرۆز نییه، واته مرۆڤی مولحید جیاوازه له مرۆڤی عیلمانی، چونکه ئیلحاد هه‌ڵوێست و شوێنگه‌یه‌کی فیکریی و وجودییه، به‌ڵام عیلمانییه‌ت دۆکترینێکی سیاسییه، به‌و مانایه که‌سێکی عیلمانی ده‌کرێت بڕوای به خوا هه‌بێت، بڕوای به هێزێکی میتافیزیکی سه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و ده‌ره‌وه‌ی گه‌ردون هه‌بێت، به‌ڵام بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا و ئابووری و سیاسه‌ت عیلمانی بێت و بڕوای به پێوه‌ری ئاینی نه‌بێت. واته په‌روه‌ردگارێکی هه‌مه‌توانای پیرۆز مه‌رجه‌عی کۆزمۆلۆجی و میتافیزیکی که‌سی خوداباوه‌ڕه، به‌ڵام ده‌کرێت هه‌ر هه‌مان که‌س مه‌رجه‌عه سیاسی و دۆکترینه‌که‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا ئاین نه‌بێت و خودی هه‌ڵسوکه‌وت و جیهانبینییه‌که‌ی ئاین ئاراسته‌ی نه‌کات. کارل پۆپه‌ر یه‌کێکه له بیرمه‌نده دیاره‌کان که عیلمانیه و لایه‌نگری سه‌رسه‌ختی کۆمه‌ڵگای کراوه‌یه و خۆیشی به مه‌سیحی زانیوه و کۆزمۆلۆجیاکه‌ی کۆزمۆلۆجیای ئینسانی ئیمانداری مه‌سیحی بووه. له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا مه‌سیحی و وه‌ک دۆکترینێکیش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا مرۆڤێکی عیلمانی و کراوه. بۆیه له ڕوی تیۆرییه‌وه هیچ کێشه‌یه‌ک له‌وه‌دا نییه مرۆڤ موسوڵمان بێت و له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا پراکتیزه‌ی بکات، هاوکات له ژیانی گشتیدا به‌رگری له عیلمانییه‌ت بکات. مۆرکردنی هه‌ر که‌سێکی عیلمانی به مولحید و ناخوداباوه‌ڕ ستراتیجێکی ده‌ستئه‌نقه‌سته که هه‌ندێک فیگه‌ر و ته‌وژمی دینی په‌نای بۆ ده‌به‌ن که خواستی ئایدیۆلۆجیای دینی ئاراسته‌یان ده‌کات ئامانجه‌که‌شیان لێدانه له هه‌ر ڕه‌وتێکی ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه ئایدیۆلۆجییه‌که‌ی خۆیان.، به‌شی زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی له مێژووی ئیسلامدا وه‌ک مولحید ناسێنراون و ئازاردراون و هه‌ندێکیان کوژراون له ڕاستیدا مولحید نه‌بوون، به‌ڵکو هه‌ڵگری دید و تێڕوانینێک بوون که له‌گه‌ڵ هێڵی سه‌ره‌کی ڕووانینی بکوژه‌کاندا یه‌کینه‌گرتۆته‌وه. له ناوه‌ندی کوردیش‌دا ئه‌وانه‌ی ته‌وژمی دینی یان هه‌ندێک فیگه‌ری دینی به مولحید ناویان ده‌به‌ن مولحید نین، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه هه‌ندێکجار هه‌ر ئه‌و فیگه‌ر و ڕه‌وته دینییانه که‌سانی تری دینداری ناکۆک به ڕووانگه‌که‌ی خۆیان به بێ‌دین و ناخوداباوه‌ڕ و مولحید ناوده‌به‌ن. میرزا موحه‌مه‌دین مه‌نگوڕی کتێبێکی نووسیبوو " گه‌شتی ئه‌ستێره‌ی مه‌ریخ" که زاده‌ی خه‌یاڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆی بوو و په‌یوه‌ندی به خوداباوه‌ڕی و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی به ئاینییشه‌وه نه‌بوو به‌ڵام مه‌لاکان ساڵی ١٩٧١ خه‌ڵکیان لێهاندا و که‌سانی پڕکراو به ڕق و کینه‌یان نارده سه‌ر ماڵه‌که‌ی و له ڕانیه ده‌ربه‌ده‌ریان کرد، عه‌بدولخالیق مه‌عروف ته‌کنیکارێکی خوێنده‌وار بوو به باکگراوندێکی ڕۆشنبیری ئاینییه‌وه؛ دووای بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ی "ئاده‌میزاد له کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا" له مزگه‌وته‌کانی کوردستانه‌وه که هیچ مه‌لایه‌ک ئازایه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بوو ڕه‌خنه له به‌عس و قورئانسوتاندنه‌که‌ی بگرێت، ته‌کفیری ئه‌و پیاوه‌یان کرد و ساڵی ١٩٨٦ تیرۆریان کرد، ڕه‌ئوف زوهدی کتێبێکی نووسی " بۆ له هه‌قه که‌وتنه ته‌قه" که باسی ته‌ریقه‌تێکی دیاریکراوی ده‌کرد، دیسانه‌وه ساڵی ١٩٩٠تیرۆر کرا. مه‌لا جه‌میلی ڕۆژبه‌یانی که له پاڵ ده‌یان کتێبی تردا وه‌رگێڕی شه‌ره‌فنامه و یاداشته‌کانی ڕه‌فیق حیلمییه بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، ساڵی ٢٠٠١ تیرۆرکرا. ئه‌و ناوانه نه له کتێبه‌کانیاندا و نه له ژیانی تایبه‌تی و قسه و کرداریاندا ڕۆژێک ناخوداباوه‌ر نه‌بوون.
*****
به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سه‌که خۆی ڕایگه‌یاند که ناخوداباوه‌ڕه؟ بڕووای به هیچ هێزێکی سه‌روو-سروشتی موقه‌ده‌س نییه؟ بڕوای به هیچ خودا و خوداکان و سوپریم پاوه‌رێک، دیتییه‌ک یان بوونێکی موقه‌ده‌س، ئافه‌ریده‌کارێکی پیرۆز نییه؟ ئه‌و کاته چی؟ کێشه‌که چییه؟ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به وه‌ڵامی ئیسلام وه‌ک ئاین و سیۆلۆجیا و ئیسلام وه‌ک ڕه‌وتی دینی و ته‌وژمی ئایدیۆلۆجییه‌وه هه‌یه وازلێدێنم بۆ ئه‌وان با وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه حوکمی ئینسانی مورته‌د، ناخوداباوه‌ڕ، موشریک، بێ‌دین و هه‌موو زاراوه‌سازییه‌کانی تریان چییه؟ هێنده هه‌یه من هیچ ته‌وژمێک یان موجته‌هیدێکی موسوڵمانم نه‌بینیوه ئه‌و مه‌نزومه سکۆلائیه‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی تێپه‌ڕاندبێت سه‌باره‌ت به ئینسانی مولحید، هه‌موویان مرۆڤی مولحید به مرۆڤ نازانن و به‌شێوه‌یه‌ک وێنای ده‌که‌ن که له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێودانگێکی ئه‌خلاقییه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه هه‌تا ئێستاش حوکمی ئینسانێک که پێشتر موسوڵمان بووه و دوواتر باوه‌ڕی به بوونێکی پیرۆز نامێنێت هه‌ر کوشتنه. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا که ژماره‌یان تا دێت زۆرتر ده‌بێت، چاره‌سه‌ر چییه؟ به دانپێدانانی زاکیر نایک ژماره‌ی که‌سانی ناخوداباوه‌ڕ له سعودیه و کووه‌یت و ئیمارات و قه‌ته‌ر له به‌رزبوونه‌وه‌دایه.
*****
پرسی بڕوابوون به خودا و ناخوداباوه‌ڕیی پرسێکی جدییه و جێبایه‌خی چه‌ندان بووار و لقی زانستییه، میتافیزیکا که لقێکی سه‌ره‌کی فه‌لسه‌فه‌یه تایبه‌ته به جوڵاندنی پرسیار و شرۆڤه و ئه‌رگومێنتکاریی ده‌رباره‌ی خودا، بوونه‌که‌ی، چییه‌تییه‌که‌ی و سیفه‌ته‌کانی، لاهوت و خوداناسی به‌شێکی سه‌ره‌کی زانستی به‌راودکاریی ئایینه‌کانه و هیچ زانکۆیه‌کی موعته‌به‌ری دنیا نییه به‌شێکی بۆ ته‌رخان نه‌کردبێت، سایکۆلۆجیا زانستێکی دیکه‌یه که له‌ناو بابه‌ته بایه‌خداره‌کانی تری‌دا سایکۆلۆجیای ئینسانی ئیماندار و ئینسانی بێئیمان ده‌کاته بابه‌تی شرۆڤه و لێکۆڵینه‌وه‌کانی، سۆسیۆلۆژیا به خۆی و ئامار و توێژینه‌وه مه‌یدانییه‌کانی له دیارده‌ی ئاین و گروپی ئاینی و گروپی بڕوادار و بێ‌بڕوا ده‌کۆڵێته‌وه و به‌شێکی گرنگی له ته‌نیشت خۆیه‌وه گه‌شه پێداوه که سۆسیۆلۆژیای ئایینه، زانست به گشتی و زانستی فیزیا به تایبه‌ت به ناڕاسته‌وخۆش بێت سه‌رێکی ده‌چێته‌وه سه‌ر باسکردن له هێزێک که جوڵه‌ی گه‌ردوون ئاراسته ده‌کات و له‌م په‌نجا ساڵه‌ی دوواییدا فیزیای کوانته‌م بازی سه‌رنجڕاکێشی داوه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان و له بڕگه‌یه‌ک له بڕگه‌کاندا ده‌چنه‌وه سه‌ر باسکردن له خودا و خوداباوه‌ڕیی. لێره‌وه پرسیارێکی گرنگ سه‌رهه‌ڵده‌دات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که‌سانێک که له کوردستان خۆیان سه‌رقاڵی دروستکردنی سه‌نته‌ر و ناوه‌ندی ڕۆشنگه‌رین؛ له بۆنه‌ی جیاوازدا ده‌ڵێن 'خودا هێڵی سووره" ، ئه‌م قسه‌یه چۆن پاساو ده‌ده‌ن؟ که خودا‌و خوداباوه‌ڕیی و بێ‌خودایی بابه‌تی گرنگی ئه‌و هه‌موو زانست و بوواری توێژینه‌وانه بن هێڵی سوور مانای چییه؟ ئه‌مه چۆن بزوتنه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنگه‌رییه خودا و قورئان و پێغه‌مبه‌ر به هێڵی سوور بزانێت؟ ئه‌ی چی هێڵی سوور نییه؟ بزوتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری به‌و هه‌موو هێڵه سووره‌وه چۆن ده‌تووانێت ڕێ بکات؟
*****
بۆ مرۆڤی عیلمانی که بڕوای به فره‌یی و کۆمه‌ڵگای کراوه هه‌بێت، خوداباوه‌ڕی و ناخوداباوه‌ڕی پرسێکی که‌سییه، له دیموکراسی و عیلمانییه‌تدا هه‌موو مرۆڤه‌کان هاوڵاتی یه‌کسانن به‌چاوپۆشین له جیاوازییه‌کانیان له‌ناویشیاندا جیاوازی دید و تێڕوانینیان سه‌باره‌ت به خودا. خوداباوه‌ڕی که‌س ناکات به مرۆڤێکی چاک یان خراپ، پێوه‌ری ئه‌خلاقی چاک و خراپ پێوه‌رێکه له ده‌ره‌وه‌ی خوداباوه‌ڕی و ناخوداباوه‌ڕی، ئه‌وانه‌ی پێوه‌ری ئه‌خلاقی و چاکه ده‌به‌ستنه‌وه به خوداباوه‌ڕییه‌وه له باشترین سیناریۆدا ئه‌و که‌سانه‌ن که ئاگایان له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقی نوێ نییه و له خراپترین دۆخیشدا ئه‌و ئایدیۆلۆجیستانه‌ن که ئه‌جێندایه‌کی هه‌ژموونگه‌رای ترسناکیان هه‌یه. ئه‌وه‌ی له ناوه‌ندی کوردی‌دا ده‌گوزه‌رێت و هه‌ندێک مه‌لا و بانگخواز وشه‌ی ئیلحادیان کردووه به جنێو و ئینسانی مولحید یه‌کسان ده‌که‌ن به هه‌موو خراپه‌کارییه‌کانی گه‌ردوون له کاتێکدا ده‌کرێت ڕێک پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاست بێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ئینسانێک ئینسانێکی به‌رپرسیار و ئه‌خلاقی و سه‌لامه‌ت و دڵسۆزی ده‌وروبه‌ره‌که‌ی بێت، له دۆخی ناباوه‌ڕیدا زۆر زیاتره وه‌ک له دۆخی خوداباوه‌ڕیدا و ئه‌و ئامارانه‌ی جه‌خت له‌م ڕاستییه ده‌که‌نه‌وه که‌م نین. ناخوداباوه‌ڕی شوێنگه‌یه‌کی فیکری و ئه‌نتۆلۆجییه، به هه‌مان شێوه‌ی خوداباوه‌ڕی، چاکی و خراپی که‌سێک به شێوازی هه‌ڵسوکه‌وت و به‌رخوردی له‌گه‌ڵ فه‌زای گشتی و که‌سانی دیکه‌دا ده‌پێورێت نه‌ک به تێڕوانینه ئه‌نتۆلۆجییه‌که‌ی. لێره‌وه هیچ مرۆڤێکی خوداباوه‌ڕ مافی نییه خۆی به که‌سێکی باشتر و ئه‌خلاقیتر بزانێت له مرۆڤێکی ناخوداباوه‌ڕ. ئه‌و پێوه‌ره بۆ کۆمه‌ڵگاکانیش ڕاسته، کۆمه‌ڵگایه‌ک که ڕێژه‌ی مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕی زیاتر بێت له خوداباوه‌ڕ مه‌رج نییه که‌متر ئه‌خلاقی بێت، له زۆر دۆخدا پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته، له ئه‌مستردام که ڕێژه‌ی مرۆڤی مولحید زۆرتره ئینسان زیاتر هه‌ست به سه‌لامه‌تی و ئه‌مان ده‌کات له ڕیاز و تاران و مانێلای پایته‌ختی فلیپین که مرۆڤی ئیماندار و خوداباوه‌ڕی زیاتر تێدایه، ڕێژه‌ی تاوانکاریی که‌متره و که‌رامه‌تی مرۆڤ زیاتر پارێزراوه.
*****
ڕاستییه‌ک هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ستراکتۆری کۆمه‌ڵگای کوردستانی له سی ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری زۆری به‌خۆوه بینیوه. وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی تر ڕێژه‌ی مرۆڤگه‌لێک که چیرۆکی ئاینی و کۆزمۆلۆجیای دینی نا‌تووانێت ڕازیان بکات، ناتوانێت وه‌ڵامی نیگه‌رانییه فیکری و ئه‌نتۆلۆجییه‌کانیان بداته‌وه له زیاد بووندایه. دیاره من مه‌به‌ستم ئه‌و مرۆڤانه نییه که عیلمانین وه‌کو دۆکترینی سیاسی به‌ڵام خوداباوه‌ڕن، چونکه ئه‌و جۆره مرۆڤانه‌ی له ژیانی تایبه‌تییاندا بڕوادارن به‌ڵام پێودانگی ئاینی ڕه‌فتاریان ئاراسته ناکات هه‌میشه هه‌بوون، به‌ڵکو من مه‌به‌ستم ئینسانی ئاته‌یسته، مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ. له‌و ساڵانه‌ی له کوردستان بووم که‌سانێکم بینیوه که ناخوداباوه‌ڕ بوون و ڕێژه‌که‌شیان له ئاستێکی سنورداردا له زیادبووندایه.
به‌ڵام بۆ دیار نین؟ بۆ ده‌نگیان نییه؟ بۆ ناتووانن گوزارشت له خۆیان بکه‌ن؟ لێره‌دا پرسی جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی دێته ناوه‌وه. ئایا کۆمه‌ڵگای ئێمه جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی قبوڵکردووه؟
سه‌باره‌ت به هه‌مه‌چه‌شنه‌یی ئاینی و که‌لتوری کۆمه‌ڵگای ئێمه ئه‌گه‌ر به پێوه‌ری کلاسیک سه‌یری بکه‌یت؛ به که‌موکورتییه‌کی زۆره‌وه، خاوه‌نی جۆرێک له هه‌مه‌چه‌شنه‌یی بووه، به‌ڵام به پێوه‌ری مۆدێرن فره‌یی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هێنده‌ی دروشمێکه؛ هێنده ڕاستیی نییه. له سه‌دان و هه‌زاران گوندی ئه‌رمه‌نی و کلدانی و ئاسوورییه‌کان له کوردستاندا چه‌ند گروپێکی په‌رته‌وازه‌یان ماونه‌ته‌وه، له شه‌قڵاوه و هه‌رمۆته و عه‌نکاوه و هه‌ندێکی سلێمانی. جووه‌کان دووای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و شه‌پۆلی دژه-سامی له عێراق و کوردستانیشدا هه‌موویان وڵاته‌که‌یان جێهێشت. ئێزیدییه‌کان ماونه‌ته‌وه له گوند و شارۆچکه‌کانی خۆیاندا و هێشتا زیندوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێرش و کۆکوژی میرمحه‌مه‌دی میری سۆران دژی داسنییه‌کان ڕوداوێکه له‌وه به‌ناوبانگتره بیر بچێته‌وه، په‌لاماری دڕندانه‌ی داعش له‌به‌رچاوی خۆماندا ڕویدا، هیچ موسوڵمانێک و به‌دیاریکراویش موسوڵمانی به‌ئایدیۆلۆجیکراوی کورد نا‌تووانێت شانی خۆی له‌و به‌رپرسیارێتییه ئه‌خلاقییه بته‌کێنێت که ده‌که‌وێته سه‌ری. ئێزیدییه‌کان زیندوون و له گوند و نیشته‌نییه‌کانی خۆیان به سه‌رکزی دانیشتوون و له ڕووی یاساییه‌وه هاوڵاتی یه‌کسانن به‌ڵام له مێنتا‌ڵیتی گشتی و له‌ناو فه‌زای گشتیدا هه‌رگیز هه‌مان ماف و ده‌رفه‌تی موسوڵمانێکیان نییه، ئه‌و قسه و وته ناشیرینانه‌ی مه‌لاو بانگخوازی دینی دژی ئێزیدییه‌کان ده‌یکه‌ن هیچ ئێزیدییه‌ک نا‌تووانێت له ماڵه‌که‌ی خۆیشیدا دژی موسوڵمانه‌کان بیری لێبکاته‌وه. زه‌رده‌شتییه‌کان هه‌ن به گروپ و فیگه‌ری په‌رته‌وازه به‌ڵام له ته‌له‌فیزیۆنی به‌ناووده‌نگی کوردستانه‌وه مه‌لای زۆر دیاری کورد قسه و شێواندنکاریی وایان له‌سه‌ر ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر زه‌رده‌شتییه‌ک له کوردستان دژی موسوڵمانه‌کان بیڵێت ئه‌وا ئیسلامییه‌کان زه‌وی هه‌ڵده‌گرن و داینانێنه‌وه. ئه‌و گروپ و ده‌سته و فیرقه دینییانه هه‌ن، زیندوون به‌ڵام ده‌بێت بزانن و قایلبن که ئه‌وان که‌مترن، مه‌لول دانیشن و مه‌منوون بن زیندوون.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به هه‌مه‌چه‌شنه‌یی سیاسییه‌وه هه‌یه بارودۆخه‌که دیاره چۆنه و من قسه‌ی لێناکه‌م چونکه ڕۆشنبیرانی کورد قسه‌یان زۆر لێکردووه و ئه‌و بابه‌ته به ئه‌ندازه‌یه‌ک مێشکی ئه‌وانی به خۆیه‌وه خه‌ریک کردووه که هه‌موو خه‌یاڵدانی ئه‌و ڕۆشنبیرانه بۆ هه‌مه‌چه‌شنه‌یی و جیاوازی له‌وه تێناپه‌ڕێت مه‌به‌ستییان ئه‌وه بێت لقێکی پارتی له هه‌ڵه‌بجه هه‌بێت و کۆمیته‌یه‌کی یه‌کێتی له زاخۆ. کاتێک بابه‌ته‌که له‌سه‌ر هه‌مه‌چه‌شنه‌یی و جیاوازیی و لێکبوردن وردتر بووه‌وه ڕۆشنبیرانی کورد نه‌ک هه‌ر به‌رگرییان له جیاوازیی نه‌کرد، به‌ڵکو بۆ نمونه له‌سه‌ر بابه‌تی جێنده‌ر هه‌ندێک ڕۆشنبیر قسه‌ی وایان کرد که به خوێندنه‌وه‌یان ئینسانی ئازادیخواز شاخی لێده‌ڕووا. ئه‌و هه‌موو قسه نازانستیه کرا، ئه‌و هه‌موو شێواندنکارییه، ئه‌و شه‌پۆلی هۆمۆفۆبیایه، ئه‌و هه‌موو کۆنه‌پارێزه په‌لاماری کۆمه‌ڵگایان دا و په‌لاماری هه‌موو به‌هایه‌کی مۆدێرن و مرۆڤانه‌یان دا ڕۆشنبیران یان بێده‌نگ بوون یان خه‌ریکی مه‌عزه‌ره‌تخووازی و به‌رائه‌ت زیممه بوون که ئه‌وان له بابه‌تی جێنده‌ر مه‌به‌ستییان فڵان شت و فیسار شت نییه. ته‌نانه‌ت ئه‌و خانمانه‌ی که پێشتر شه‌ڕیان له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی بیرۆکه‌ی سێنته‌ره‌کانی جێنده‌ر له زانکۆکانی کوردستان ده‌کرد، له‌و هه‌موو هه‌ڵا و هه‌نگامه‌یه چوونه ماڵه‌وه و بێده‌نگ بوون و سه‌نگه‌ره‌کانی به‌رگریکردن له مرۆڤ و که‌رامه‌تی مرۆڤانه‌یان چۆڵ کرد .ئه‌ی به‌رگریکردن له جیاوازی؟ ئه‌ی به‌رگریکردن له هه‌مه‌چه‌شنه‌یی؟ ئه‌ی به‌رگریکردن له ئازادی؟ ئه‌ی به‌رگریکردن له مافه‌کانی مرۆڤ؟ هه‌مووی غایب بوو.
*****
هه‌رچی په‌یوه‌ندی به جیاوازی عه‌قیده و ویژدانه‌وه هه‌یه، ئه‌وا ئینسانی ئیماندار و خوداباوه‌ڕ به ته‌واوی له شوێنگه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتدایه، چی له ڕووی سیاسی، چی له ڕووی کلتوری و ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، له به‌رامبه‌ردا که‌سی ناخوداباوه‌ڕ که‌سێکه نه‌ک هه‌ر ژێرده‌سته‌یه، بگره که‌سێکه نابێت ببینرێت، بێزراو، گوێلێنه‌گیراو، په‌راوێزکراو، به‌شه‌یتانیکراو و داماڵراو له هه‌موو به‌هاو نرخێک. زیاد له جارێک گوێم لێبووه مه‌لا له‌تیف و مه‌لا ئه‌حمه‌د به‌رزنجی هه‌رچی سیفه‌تی خراپی ئه‌م دنیایه‌یه داویانه‌ته پاڵ مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ، نه‌ک هه‌ر ئه‌و مه‌لایانه به‌ڵکو جارێک ڤیدیۆیه‌کی که‌ریم قه‌ره‌چه‌تانیم بینی که کابرایه‌کی واعیزمه‌زهه‌به ده‌ڵێت "ئینسانی ناخوداباوه‌ڕ عه‌قڵی ته‌واو نییه"! ئه‌وه به جدیته؟ واته مارک زوکه‌ربێرگی دامه‌زرێنه‌ری فه‌یسبووکه‌که‌ت بێنین بۆ لای تۆ چاره‌سه‌ری بکه‌یت؟ ئه‌ی عومه‌ر شه‌ریفی ئه‌کته‌ر چی لێبکه‌ین؟ سه‌لمان روشدی و ئه‌مبه‌رتۆ ئیکۆ و ئارسه‌ر میله‌ر و هه‌مه‌نگوای بۆ کوێ به‌رین؟سیگمۆند فرۆید چی لێبکه‌ین که باوکی سایکۆلۆجیایه و تۆ هیچی لێوه فێر نه‌بوویت، بیهێنین بۆ لات بیکه‌یت به ئه‌ندامی مه‌جلیسی موحاکه‌ماتی ته‌فتیشی جانتای کچان؟ ڕیچارد داوکینزی بایۆلۆجیست و ستیڤن هاوکینزی زانای فیزیا ببه‌ین بۆ لای چی شێخێک؟ بێرتراند ڕه‌سڵ، ده‌یڤید هیوم، پیته‌ر سینگه 'ئه‌خلاقناسێکی گه‌وره که پرۆژه‌ی ئه‌خلاقناسییه‌که‌ی په‌یوه‌ندی به مافی ئاژه‌ڵانه‌وه هه‌یه'، نیتشه، جۆن ستیوارت میڵ، سارته‌ر، مارکس و ئه‌نگڵس به‌یه‌که‌وه، ژیژه‌ک، هۆڵباخ، ئۆگه‌ست کۆمت، هه‌زاران زانا و فه‌یله‌سوف و نوسه‌ری دیکه‌ی نا-خوداباوه‌ڕ چی لێبکه‌ین و بیانبه‌ین بۆ سه‌ر کام شه‌خس و مه‌زار؟ خاکه‌سار خۆمان! ده‌بێت ئاینده‌ی میله‌تێک چه‌ند تاریک و نوته‌ک بێت تۆ له ته‌فیزیۆنه‌وه پێیان بڵێیت چۆن منداڵه‌کانیان په‌روه‌رده بکه‌ن؟
له کوردستاندا هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک ڕایبگه‌یه‌نێت ناخوداباوه‌ڕه؛ ئه‌گه‌ر به زیندوویی سه‌ری ده‌ربکات، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رفه‌ت و چانسێکی ئیش‌کردن، پاراستنی شکۆ، ده‌رفه‌تی چوونه‌پێشه‌وه له ئیش و کار و وه‌زیفه، پێگه و ڕێز و ئیعتیباری کۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌ست بدات. ئه‌وه‌ش هۆکاره‌که‌یه که ده‌بینین ناخوداباوه‌ڕه‌کان زیاتر له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان خۆیان ئاشکرا ده‌که‌ن. بۆیه ئه‌وانه‌ی باسی جیاوازیی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ده‌که‌ن له ڕاستیدا نازانم باسی چی ده‌که‌ن؟ جیاوازی هه‌ر ئه‌وه نییه هه‌بێت به‌ڵکو ده‌بێت به ماف و که‌رامه‌ته‌وه هه‌بێت، دیار بێت، ببینرێت، ببیسترێت، پێگه‌و ئیعتیباری وه‌کو مرۆڤی یه‌کسان پارێزراو بێت، مافی هه‌بێت گوزارشت له خۆی و جیهانبینییه‌که‌ی بکات و ئه‌و گوزارشتکردنه نه‌بێته هۆی له‌که‌داربوون و فه‌وتانی چانسی پێگه‌یشتن و سه‌رکه‌وتنی.
جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی و تۆلێرانس به ساده‌یی مانای ئه‌وه‌یه ئێمه هه‌موومان وه‌ک مرۆڤ، ته‌نیا له‌به‌ر مرۆڤبوونه‌که‌مان یه‌کسان بین، خاوه‌ن ماف بین، ده‌رفه‌تی یه‌کسانمان پێ بدرێت، وه‌کو یه‌ک بۆمان هه‌بێت گوزارشت له ئایدیا و جیهانبینییه‌کانمان بکه‌ین. یه‌کسان بین له ئه‌رک و ماف‌دا به چاوپۆشین له‌وه‌ی موسوڵمانین یان نا-موسوڵمان، ئیماندارین یان بێئیمان، خوداباوه‌ڕین یان ناخوداباوه‌ڕ یان ئه‌گنۆستیک "که‌سێک که گومانداره و دڵنیا نییه خوداباوه‌ڕ بێت یان ناخوداباوه‌ڕ و پێی وایه هیچ لایه‌کیان ناتووانن بیسه‌لمێنن شوێنگه‌ی کامیان ڕاستتره"، یه‌کسان بین به چاوپۆشین له‌وه‌ی مه‌یلی سێکسوالیتیمان چیه، جێنده‌رمان چییه، ژنین یان پیاو یان ناوه‌ندڕه‌گه‌ز، ئینتیمای ئیتنی و کلتوری و کۆمه‌ڵایه‌تیمان چییه، ئینجا به چاوپۆشین له‌وه‌ی ئینتیمای سیاسی و گروپیمان چییه. باسکردن له هه‌مه‌چه‌شنه‌یی و لێکبوردن، جیاوازیی و یه‌کترقبوڵکردن، ئه‌گه‌ر که‌متر له‌وه بێت؛ ئه‌وا بریتییه له زه‌یف و درۆ، دوڕویی و خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی جه‌ماعی، خۆنوواندن و ئاهه‌نگگێڕان بۆ شانازییه‌کی ساخته.