زۆرێک مرۆڤ بە ژن و پیاوەوە، گوفتار و کرداریان یەک ناگرنەوە، بانگەشە بۆ ئامانجێک دەکەن و خۆشیان بەشێکن لە پیشێلکردنی ئامانجەکە. هەڵبەت ئەمە بۆ هیچ کەس ئاسایی نییە، چی جای ئەوانەی باسی بەدەستهێنانەوەی مافەکانی ژنان دەکەن، بەڵام نەک بڕوایان بە قسە و بانگەشەکەیان لە کرداردا نییە، بەڵکو خۆیان بەشێکن لە پرۆسەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، دەتوانین ئەمە بە شورەیی و دووڕوویی ناوببەین.
پاراستنی مافەکانی ژنان بە گوفتار ناکرێت، بەڵکو هەرکەس بووە چالاکوان و بانگەشەی بۆ کۆتایی تووندوتیژیی دژی ژنان کرد، پێش هەرکەس دەبێت بە کردار بیسەلمێنێ ژنێکی ژنانەیە نەک ژنێکی بانگەشەکار کە خەباتی بۆ ژنان وەکو بزنسێک بەکاربهێنێت، نەک کاتێک بۆی هەڵکەوێ نزیکترین ژن بچەوسێنێتەوە و مافەکانی پیشێل بکات.
خەبات بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان تەنها نووسین و کۆبوونەوە و خۆدەرخستن نییە لەبەرچاوی کامێراکانی راگەیاندن، ئەوە بزنسکردنە بە ژن و مافەکانییەوە، ئەوە چەوساندنەوەیەکە لە چاوساندنەوەی ئەو پیاوانە خراپترە کە ژنان دەچەوسێننەوە.