هەڵە تێگەیشتن لە فێمێنیزم

هاوژین زیبا
رانانێک بۆ کتێبی (فێمێنیزم... پێشەکیەکی زۆر کورت)*

فێمێنیزم ئەو ناو ناتۆرانە نییە کە هێزە دژەکانی ژن داویانەتە پاڵ ووشەکە و لە ئەرکو پیرۆزیەکەی کەم دەکرێتەوە، فێمێنیزم واتا ژنناسی، واتا ئەو میکانیزم و هۆکارانەی کە بەشێوەیەکی زانستی و رێکخراوی بە ئامانجی یەکسانی و بەرابەری مافی ژن کار دەکات.

گومانی تیا نییە لە ناوەراستی نەوەدەکانەوە ژنان لە ئاستی دەزگایی و کاری پراکتیکیدا کاری گرنگیان ئەنجام داوە، چەندان رێکخراوی تایبەت بە ژنان یان دروستکردووە و هەوڵیان تیاداوە  بۆ هاوکاریکردنی ئەو ژنانەی لە ژێر هەرەشە و مەترسی کوشتندان، هەروەها لە رێگای کۆکردنەوەی ئیمزاو خۆپیشاندانەوە توانیویانە هەندێک بەندی یاسای باری کەسێتی بگۆرن، لە ناو دەزگا میدیاییەکاندا کاریان کردووە و تیشکیان خستۆتە سەر دیوە تاریک و ناروونەکانی دۆخی ژنان لە کوردستاندا. بەڵام ئەم کارە پراکتیکیانە هاوشاننەبوون بە بەرهەمهێنانی فکری و تیۆریی.  ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی تا ئێستا لە کوردەواریدا ژمارەیەکی کەمی مرۆڤەکان وشەی فێمێنیزم یان بیستووە، ئەو ژمارە کەمەش کە بیستویانە  بەشێکیان زۆر هەڵە لە واتاو ئامانجەکانی تێگەیشتوون، یەکێکیکە لە هۆکارەکانی ئەم هەڵە تێگەیشتنەش  وەرنەگێڕانی تیۆرو فەلسەفەی فێمێنیزمە لە زمانە جیاوازەکاندا بۆ سەر زمانی کوردی هەرچەندە هەوڵدان هەبووە بەڵام لە ئاستی پێویستدا نەبووە.  لە دوایین کارەکانی دەزگای جەمال عیرفان، زنجیرە کتێبێکی ئۆکسفۆرد یان  وەرگێراوە بۆ زمانی کورد زیاتر لە ٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا، ساڵی ١٩٩٥، زانکۆی ئۆکسفۆرد، کە دامەزراوەیەکی دیاری دنیای ئەکادیمی و جیهانە بە گشتی، دەستی بە پرۆژەیەکی گرنگ کرد.

پرۆژەکە پێکهاتووە لە زنجیرە کتێبێکی کورت و پوخت و زانستی لە تەواوی بوارە جیاوازەکاندا لە ناویاندا کتێبی (فێمێنیزم، پێشەکیەکی زۆر کورت) کە لە نوسینی (مارگرێت واڵتەرز)ە و لە لایەن زاموا عەلی عومەرەوە لە زمانی ئینگکیزییەوە وەرگێردراوە.  کتێبێکی تا بڵیی گرنگە و لەم کتێبەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە فێمێنیزم تروسکاییەکی هەمیشەیی مرۆڤایەتی بووە بۆ بە دەستهینانی ئازادی رەگەزی و یەکسانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نێوان ژنان و پیاواندا.

لەم کتێبەدا نوسەر زۆر بە وردی و زنجیرەیی باس لە مێژووی خەباتی فکری ژنان دەکات لە پێناو مافی خۆیان و رەگەزەکەیاندا و سەرەتای یەکەمین هەولەکانی ژنان دەگەرێنێتەوە بۆ ژنانێکی ئەوروپی لە چوارچێوەیەکی ئاینیدا. ئاماژە بۆ سەدەی ١٥ دەکات کە لەو ساڵانەدا "جولیانی نۆرویچ لەبەریتانیا وتویەتی: تەنها لەبەر ئەوەی من ژنم ئیتر نابێت باسی چاکەی خوداتان بۆ بکەم...؟"ل ٢١
نوسەرێکی دیکەی ساڵی ١٦١٧ بەناوی (رەیچڵ سپێغت) بە گاڵتە جاڕییانەوە دەڵێت: ئەگەر ئادەم رازی نەبوایە بەو کارەی کە حەوا کردی و خۆی نەیویستایە بەو رێگەیەدا بروات کە حەوای پێدا رۆیشتووە، ئەوا ئادەم  حەوای پاشگەزدەکردەوە ئەگەر ئادەم لە سەرووی حەواوە بوایە، و هێندەی ئەوە گوێڕایەڵی  راسپاردەکەی خوودا دەبوو  قسەی خودای نەدەشکاند.

مارگرێت واڵتەرز، لە بەردەوامی ئەومێژووەدا ئاماژە بە سەرەتاکانی فێمێنیزمی عەلمانی (نائاینی دەکات) و دەڵێت خۆ دەربڕینی عیلمی بەشێوەیەکی خاوتر پەرەی سەندووە و ئاماژە بە چەند ژنە نوسەرێکی فێمێنیست دەکات، لەوانە (مارگرێت کافێندیشی خانمە دووقی نیوکاسڵ) لە ساڵی ١٦٥٥داو لە کتێبەکەی بە ناوی " چەند بیرو رایەکی فەلسەفی و جەستەیی" رەخنە لەوە دەگرێت کە : ئێمەی خانمان وەک چۆلەکە لە قەفەزدا بەنکراوین و لە ماڵەکانماندا هەڵبەزو دابەز دەکەین، رێگەمان پێنادرێت کە بفڕینە دەرەوە... ئێمە لە هەموو هێز و دەسەڵاتیک دەرکراوین، لە بواری مەدەنی و سەربازیشدا کارمان نادرێتێ... ئامۆژگارییەکانمان گاڵتەیان پێدەکرێت و قێزیان لیدەکرێتەوە...

باشترین کردەوەکانمان بە ئەتککردن پێی پێدادەنرێت... ئەمەش بەهۆی ئەو سەرسامییە لە رادەبەدەرەی پیاوان بەخۆیان هەیە، لەگەڵ ئەو قێزەی لە ئێمەیان دەبێتەوە.

شۆڕەژنەکانی قەڵەم، لە سەدەی ١٨ دا لە بەشی سێهەمی کتێبەکەدا نوسەر باس لە کۆمەڵێک ژنەنوسەر دەکات کە بە ئینگلیزی پێیان دەوترێت" ئەمازۆنەکانی قەڵەم"ل ٥١ ئەم ژنانە بە یەکەمین فیمینیستە راستەقینەکانی مێژوو دەناسێنێت کە تا ئێستاش نوسینەکانیان کاریگەری خۆیان لە دەست نەداوەو کاردانەوەیان لە ناو خەباتی ژناندا هەیە. یەکێک لەو ژنان نوسەرانە ماری ئەستێل بووە کە لەگەڵ ژنانی خویندەوار و نوسەری هاورێیدا لە پەیوەندییەکی باشدابووە بە دریژایی تەمەنی. هەروەها یەکەم کتیبی لە ساڵی ١٦٩٤ دا بە ناونیشانی "پیشنیارێکی جدی بۆ خانمان" بڵاو کردۆتەوە، لەو کاتەدا داوا لە خانمان دەکات کە بەجدی لە تواناکانی خۆیان بڕوانن، بیروبۆچونی تایبەت بە خۆیان هەبێت، کار لەسەر پەرەپیدانی هزرو تواناکانی خۆیان بکەن، لە جیاتی ئەوەی هەردەم ملکەچی بڕیارو حوکمە نێرینەکانبن. ئەم داواکاریانەی ژنێک لە سەدەی ١٨ من رادەچڵەکێنێت کە ئێستا لە سەدەی ٢١ دا دەژین، ژنان لە کوردستاندا کەمتر گرنگی بە توانا هزرییەکانیان دەدەن، لە ژیانیکی ناهەموواری وەک یەکدا دەژین، کە هەر رۆژ بە بیانویەک ژنانێک دەکوژرێن، ئاستی توندوتیژییەکان لە بەرابەر ژناندا تەنها لەبەر ژنبوونیان لە ئاستێکی بەرزدایە.

 یەکێکیکە لە گەورە نوسەرانی جیهانی، فێمینیزمی ئینگلیز، ماری وڵستۆنکرافتە، کە یەکێکە لەو ژنانەی لە مێژوودا کاریگەری زۆری هەبووە لەسەرخەباتی ژنان، زۆر باش ئاگای لەو نەهامەتی و بارگرانییانە بووە کە ژنانی کۆمەڵگەکەی دەیان چەشت. بۆ نموونە دەڵیت " ژنان ئەوکاتەی منداڵن دەیانکەن بەژن، وکە گەورە دەبن پێویستە ئیتر هەتا هەتایە کامڵ بن."ل ٧١ هەروەها دەڵێت " زۆربەی ژنان خوو بە خۆشەویستییەوە دەگرن و خەو بەدڵخۆشییەوە دەبینن لەگەڵ پیاوێکی نموونەیی و پڕ لە خۆشەویستیدا، ئەمەش بە سادەیی لەبەر ئەوەیە کە ژیانیان زۆر خاڵییە ." هەمان لاپەرە، بێگوومان ئەم کتێبە ژنانێکی زۆر بوێرو مێژووی خەباتێکی پرشنگدار باس دەکات کە تا ئێستا بەردەوامە و هیوام وایە هەموو ژنان بەبێ دوودڵی و دواکەوتن بیخوێننەوە، چونکە هاوکارێکی زۆر باش دەبێت لە پێناو تێگەیشتن لەو ژیانەی ئێستا تیایدا دەژین، لە چۆنیەتی بەرەو پێشچوونی هەنگاوەکانی خەباتی فێمێنیزم ئاشنامان دەکات.  لە کۆتاییدا نوسەر دەلێت"  ئەگەر فێمێنیزم شتێکە کە زیندووە و پەرە دەستێنێت، ئەوا دەبێت پەرەسەندنەکەی بە دووبارە داهێنانەوەی بزوێنەرەکەی دەستپیبکات، کە لەم حاڵەدا ئەو بزوێنەرە نەک تەنها دۆزینەوەی بابەت و کێشەی نوێیە، بەڵکو زمانێکی نوێیە. سەرەرای هەموو شتێک، من هێشتا باوەڕی تەواوم هەیە کە فێمینیزم بە دڵنیاییەوە دووبارە هەموومان شۆک دەکاتەوە و خۆی نوێ دەکاتەوە، لەوانەیە  لە چەند بواریکدا کە ئێمە هەرگیز بیریشمان لێنەکردۆتەوە. دەتوانین بڵیین بە دڵنیاییەوە لە دەرەوەی ئەکادیمیاوە دێت، و بەهیوای ئەوەی بە شێوەیەک بەرەنگارمان بێتەوە کە تەنانەت خەونیشمان پیوە نەبینیبێت. (ل ٢٢٦)

*مارگرێت واڵتەرز، فێمینیزم... پێشەکیەکی زۆر کورت، و.لە ئینگلیزییەوە: زامۆ عەلی عومەر، زنجیرە کتێبی ئۆکسفۆرد (17)، دەزگای جەمال عیرفان، 2021.

13/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر