لەبارەی کتێبی (رێنووس و نوسراوە)وە

هاوژین زیبا
ئەوکاتەی مرۆڤ بیری کردەوە، گوومان و پرسیاری بۆ دروستبوو، بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان بڕیاری گەڕانیدا و نووسین و کتێبەکان داهێندران.

ئەمە تێگەیشتنی سەرەتایی من بوو، سەبارەت بە داهێنانی نووسین لەلای مرۆڤ، تا ئەوکاتەی کتێبی (رێنووس ونوسراوە) ی (ئەندروو رابێنسۆن)م خوێندەوە  لە زنجیرە کتێبی ئۆکسفۆرد، کە  دامەزراوەیەکی ئەکادیمی و جیهانە بەگشتی، کە زیاتر لە ٢٥ ساڵ بەر لە ئێستا، ساڵی ١٩٩٥، دەستی بە پرۆژەیەکی گرنگ کرد. پڕۆژەکە پێکهاتووە لە زنجیرە کتێبێکی کورتو پوخت وزانستی لە تەواوی بوارە جیاوازەکانی رۆشنبیری گشتیدا.

سروشتی ئەم زنجیرە کتێبانە، بریتییە لە زانستیبوون، کورتی و پوختی و چڕی و ئێستاییبوون، کە  هەموو کتێبەکان لەلایەن کەسانی پسپۆرو شارەزای بوارەکان لەسەر ئاستی جیهان ناسراون. ئەم زنجیرە کتێبە ، دەزگای جەمال عیرفان، بە هەوڵ و ماندووبوونی چەند وەرگێرێک بۆ زمانی کوردی بە سوپاسەوە وەرگێرانیان بۆکراوە.

کتێبی (رێنووس و نوسراوە) یەکێکە لە کتێبە گرنگەکانی ئەم زنجیرە کتێبە، کە نوسەر زۆر بە وردی و شارەزایانە مێژووی سەرهەڵدانی رێنووس و نوسراوەمان بۆ باس دەکات و هۆکارێکی گرنگی ئەم سەرهەڵدانە دەگەرێنێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە نێوان گەلانی ئەو سەردەمانەی سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی. "نوسین چۆن دەستی پێکرد؟  تاپێش لە سەردەمی روناکبیری سەدەی هەژەیەمدا، هەر بەو شێوەیە کە سوکرات لە چیرۆکی تۆتەوە گێڕایەوە، سەرچاوەی نوسین بە ئیلاهی دادەندرا. هەنووکە زۆرێک لە پسپۆران لەسەر ئەو بڕوایەن کە یەکەمین نوسراوە لە ژمێریارییەوە دەستیپێکرد، یانی نەک بەهۆی هێما غڵێنییەکان، بەڵکوو لە ئاکامی پێویست بوونی بۆ بازرگانی"١ لا٢٠

 مێژوو پێمان دەڵیت ئێمە لەسەر چ خاکێک دەژین کە سەرەتاکانی شارستانیەت و یەکەمین دۆزراوەکان لێرەبوون و گرنگی رێنووس لە مانەوەو پێناسەی شارستانیەکانمان بۆ دەکات و دەڵێت بەبێ نووسراوە هیچ زانییارییەک گردوکۆ نابێت، هیچ رووداوێکی گرنگ تۆمار نابێت. " سەرهەڵدانی نوسراوە لە میزۆپۆتامییا (عێراقی ئەمڕۆ) و میسر، لە دوواین ساڵەکانی هەزارەی چوارەمی پێش لە زایین بوو بەهۆی بەردەوامی دەسلاتدارانی وەک حاموورابی، جولیۆ سێزاری رۆم، یان کوبلای خانی غوول، و تەنانەت لە ئاستی دەسەڵاتی بینراوەکان و وتەکانیان زیاتر رۆشت، تا ئەو رادەیەی کە لە پش مردنیان ناویان بە زیندوویی ماونەتەوە" ٢لا١٠

ئەم کتێبە هەوڵی ناساندنو لێکۆڵینەوەی سەرچاوەکانی نوسراوە دەدات، ڕێگاکانی پەرەپێدان و گۆڕانی نووسراوە بە سەدان رێنووسی هەزاران زمانی زارەکی کە لە جیهاندا بوونیان هەیە. لەگەل ئەوەی نوسەر سەرهەڵدانی نوسراوە لە هیچ کام لە شارستانیەتەکاندا ناگەرێنێتەوە بۆ هەوڵی تەنها کەسێک ئەوەی هەستی پێدەکرێت رێنووس و نوسراوە کارێکی هاوبەشی بووە و تەنها شەخسێک ئەم کارەی نەکردووە، بەڵام ئەوەی بۆمن زۆر سەرنج راکێشبوو نوسەر لە باسی زمانی  یابانیدا "ئاماژە بە یەکێک لە مەزنتریین بەرهەمە ئەدەبییەکانی یابان- چیرۆکی گێنجی لە نوسیینی خانمی موراساکا شی دەکات لە سەرەتاکانی سەدەی یازدەیەمدا- بە گیراگانا نووسراوە و بۆ سەدان ساڵ نوسینی کانا لە تایبەتمەندییەکانی خانمان بووە."٣لا١٨٧

وا دێتە بەرچاو گرنگترین دۆزیینەوە و پێشکەوتنەکان پەیوەست بە دۆخی ئابووریەوە بووبن، لە هەمان کاتدا  لە مێژووی نووسراوی هەزاران ساڵەی شارستانیەتەکاندا زۆر بە دەگمەن دەبینین زانایان و لێکۆڵەران ئاماژە بە بەژداری و هەوڵەکانی ژنان بکەن لە دروستکردنی شارستانیەتەکاندا، لە هەمانکاتدا  بازرگانی و دەسەڵاتی ئابووری هۆکاری گەلێک لە نا دادپەروەرییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی رۆژگاری ئێستامانن، بۆ نموونە دۆخی ژنان کە لە سەرەتاکانی مێژووی ٥٠٠٠ ساڵەی شارستانیەتەکانەوە، هەوڵی پەراوێز خستن و کەم بینینی ئەم رەگەزەی مرۆڤ دراوە پەیوەستە بە دەسەڵاتی مادیی پیاوان .بێگومان ژیان لە سەدەی ٢١ دا لەگەڵ گۆڕانکاری بەردەوام لە شیوازەکانی کارکردن و بیرە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسراوە و رێنووس وەک دەبیندرێت گۆڕانی زۆر بەسەردا هاتووە بەڵام لە گرنگییەکەی کەمتر نەکردۆتەوە. لەگەڵ هەر گۆڕانیکی سیاسی، ئابووری، زانستیدا پێویست دەکان بیری گشتی کۆمەڵایەتیش گۆڕانی بەسەردابێت، بەتایبەت ئەو بیرە دواکەوتووەی کە ژن لاوازترو کەمتواناتر دەبینێت بە یانووی جیاوازی توانایی جیاوازی جەستەو رۆڵی تایبەتی دایکایەتی ژنان.  لە دنیای ئەمرۆی زانستدا سەرجەمی ئەو بیانوانە پوجەڵکراونەتەوە کە بیری باوی نێرسالاری خۆی لەسەر بنیادناوە وژنان کەمتواناتر نین لە پیاوان، بەڵکوو  لەمرۆدا ژنان و پیاون پیکەوە دەتوانن ژیان ئاوەدان و جوانتر بکەن و کەسیان لەویتریان لەسەرتر یان ئاقڵتر نییە.

 لە کۆتاییدا کتێبی (ڕێنووس و نووسین) لە نووسیینی (ئەندروو رابینسۆن) کە لە ئینگلیزییەوە خاتوو پەروین بێهرەوش،  وەریگێردراوە بۆ زمانی کوردی، کتێبێکی گرنگ و پڕ لە زانیارییە، کە پێویستە بخوێندرێتەوە. بەو هیوایەی کاری لەم شیوەیە بۆ ناو کتێبخانەی کوردی زیادبکرێت.

02/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر