لە ژنێکەوە بۆ… ژنێک

هاوژین زیبا

دەبینیت، چەندە ئاشناین و چەندەش نامۆ، من و تۆ؟! 
بیرتکردۆتەوە، هەست و ویستمان، لەنێوان ئەم هەموو دیوارەدا، چەندە نزیکن؟!
 دەزانی، تۆ لە ناخەوە دەیخوازیت، ئەوەی من داوای دەکەم؟
ئازادی، دڵخۆشی، رێزگرتن و قبوڵکردن.. هەموو ئەمانەم دەوێ و تۆش..
تۆ هەروا دڵە پڕ میهرەبانی و خۆشەویستیەکەت بۆ سروشت و ژینگە، هی منیش بۆ ژیان و مرۆڤەکان گەرم لێدەدات. رۆحت بۆ منداڵەکەت،  قوربانی بۆ دایک و باوکت، هەناسە بۆ خوشک و باوەشێکی گەرم بۆ هاوڕێکانت، دەبەخشی.. 
من، تۆش هەروا، خۆزگە دەخوازین..
بەسەر شەقامەکاندا تێپەڕبین.. جوان، رازاوە، بۆن خۆش و پڕ ڕەنگ، مەخلوقێکی سەربەخۆ،  تیژ  تیژ هەنگاو  هەڵبگرین..
هەندێکاتیش، نەرم و هێمن، رێگەببڕین. دەزانیت تۆ.. بەهێزی، بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتن.. بە ئاگای، بۆ ژیانێکی مرۆڤانەی شایستە..
 تۆ، داوای دڵخۆشی دەکەیت و پارێزراوی.. هەروا منیش..
بەڵام، نامۆ..! 
من دەڵێم ئەو مافانە زەوتکراون،
تۆ دەڵێی سزاو باجی هەیە! 
من دەڵێم بڤەن، تۆ دەڵێیت بڕیاری ئەودیو هەورەکانە. 
من دەڵێم تۆ دەنگت هەڵبڕە و مەترسە، 
تۆ دەڵێیت ئاژاوە دروستناکەم!
من دەڵێم واتای بوون و ژیان لەکوێن، 
تۆ دەڵێیت ئەم بونە ناگۆڕێ! 
هاورێ، ئەی خۆم
چ درۆیەکی دێریینە ترسانی من و تۆ 
چ ناشرینە ئەم سنورەی، لەناومان دەبات.
دەڵێم با پێکەوە ئەم گۆرانییە بڵێین.. 
دەڵێیت گۆرانی لەکوێی پیرۆزییەکاندایە...
دەڵێم دەبێ دەنگ هەڵبڕین
تۆ دەڵێی هەرچی کوچەیە پڕیدەکەین لەخۆشەویستی...
هەردووک پێکەوە...
تۆ دەڵێیت گومانبکە
من دەڵێم رەخنە بگرە
پێکەوە دەنوسین ئەم ژیانە رەتدەکەینەوە
تۆ دەنوسیت تا یەکمان خۆشبوێت، 
من دەنوسم تا هەست بە یەکتری بکەین، 
ماندوو نابین، پشوودرێژ
کۆڵنەدەر، رێگە دەبڕین
چیتر بێدەنگ نابین
 تا ئەم ژیانە دەبەینەوە لێواری میهرەبانی...
 تا دەگەینە شینایی ئاسمان، ئیتر بێدەنگ نابین
 ئەی ژنی هاورێم!

05/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر