خولاندنەوەی بەردەوامی ژن

هاوژین زیبا

 ستەم و نادادپەروەریی سیستەمی ژیان لە کۆمەلی ئێمە و بەگشتی لە جیهانیدا، سەبارەت بە ژن، لەوەدایە  ئەو ئیش کارانەی کە ژن بێبەرامبەر لە ماڵەوە دەیانکات بۆ ئاسودەیی خێزانەکەی. لێیکراوە بە ناسنامە و شوناس و جۆرێک پیشاندەدرێت کە ژن ناچارە ئەو کارانە بکات.  بۆنمونە ئامادەکردنی خواردن و پاککردنەوەی ماڵ و رێکخستنی کەرەستەو پێداویستییەکانی ماڵ، بەخێوکردنی منداڵ و.... تاد. بەڵام ھەمان ئەو کارانە پیاو لە دەرەوەی ماڵ دەیکات و لە بەرامبەردا کرێ وەردەگرێت.

 

ژن بەو ھەموو ئەرک و ماندووبونە تاقەتپڕوکێنەوە، کە شەو و ڕۆژ تیایدا دەخولێتەوە، هیچ ڕۆڵێکی نییە و،  تەنانەت بە چاوێکی نزمەوە تەماشای کارەکانی دەکرێت. ئەمە جگەلەوەی کە ژن بەجۆرێک وێنادەکرێت کە بەخشش و تێکۆشانی  ھیچ ئەرزشێکی نییە و پێگەی چالاکییەکانی لەکۆمەڵدا بەوپەڕی نزمی و کەمییەوە سەیردەکرێت

ئاشکرایە ژن لەم سەردەمەدا، جیاواز لە کاری دووبارە و رۆژانەی ناوماڵ کاری دەرەوەش دەکات، بەڵام چەندە  ماندووش بێت ئەرکی ئەو لە ژنێتیی لە ناوماڵ، کەمناکاتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی نادادپەوەرییە، لەهەمانکاتیشدا بەکەمبینینی پێگە و خەبات و ئیرادەی ژنه.

 

هەرچەندە سەربەخۆیی کەسایەتیی تاک تەنها بە بەهێزی ئابوریی پێکنایەت، بەڵام ئابوریی سەربەخۆ یەکێکە لە بنەما بەهێزەکانی پێکهێنانی کەسایەتیی مرۆڤ بۆ ژن ، پیاو.

 هەر جۆرێک لە بێبەهاکردنی توانستی ژنان لە کاردا و کەمی پشکیان لەکۆی چالاکییە بازرگانییەکانی کۆمەڵ و بەردەوامیی ڕوانینە پیاوسالارییەکان بەرامبەر بەژن، ڕاستەوخۆ هەوڵدانێکی زەقە بۆ لێدان لەکەسایەتی و سەربەخۆیی ژنان.


09/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر