با چیرۆکی خێزانێکتان بۆ بگێرمەوە!

هاوژین زیبا
دایکو باوکێک، وەک هەموو دایکان و باوکانی دیکەی ئەم دونیایە، ژیان و تەمەن و گەنجی خۆیان بۆ منداڵەکانیان تەرخان کردووە. دایک، وەک ئەو کانیاوە خۆشەویستییەی هەرگیز وشک ناکات و هێندە قوڵ پێوەستە بە خۆشویستن و باشیی منداڵەکانییەوە کە بێهاوتایە و لە گەڵ هیچ شتێکی دیکە بەراورد ناکرێت. باوکیش کە باشەی منداڵەکانی لە خۆی زیاتر دەوێت...

‎بەو شێوەیە منداڵ گەورە دەکەن و هەرچی باشیەک کە لە خۆیاندا دەیزانن پێی دەبەخشن و تەنیا چاوەڕووانیان کە هەیانە باشیی و سەلامەتییەتی... رەنگە ئەم چاوەڕووانییە کەم و سادە ببیندرێت لە ژیاندا، بەڵام زۆر زەحمەتە باش و سەلامەت بیت لە هەرێمێکدا کە سیستەم و یاسا و بیرێکی نوێخواز و ژیاندۆستی تیادا زۆر کز بێت.

‎لەگەڵ ئەوەشدا کە متمانە بە منداڵی خۆت دەکەیت و باشی پەروەردە دەکەیت و دەگەڕێیت و لە بیرو هەستی خۆتدا باشترینەکانی پێشکەش دەکەیت، بەڵام کە منداڵەکەت رۆیشتە کۆڵان ئیتر دڵنییا نییت لەوەی ئۆتۆمبێلێکی تیژڕەو ژیان لە جگەر گۆشەکەت دەسەنێتەوە یان نا، دڵنییا نییت تیژڕەویی ئوتومبیلێک منداڵەکەت دووچاری کەمئەندامبوون و بێ هۆشیی ناکات... هەرچەندە خۆشت بوێت و چەندیش ڕەنجت لەگەڵیدا کێشا بێت، هەرئەوەندەی چووە ئەو دیوی دەرگای ماڵەکەت ئیتر منداڵی تۆ نییە...

‎میللەت بە شۆفێریی، بەقاڵیی، دەراوسێکانت، پۆلیس و ئاسایشەکان، مامۆستا و مینبەرەکان هەموو دەتوانن بۆ منداڵەکەت کێشەساز بن.کاتێک توڕە دەبن وشەی "منداڵ" جوێنە، کاتێک بێ میزاجن "منداڵ" بێزراوە لەبەر چاویان و بە کەم ئەقڵی دەزانن، دەراوسێکان کوڕە هەرزەکارەکانیان خۆش ناوێت و حەز بە دەنگی گۆڕاویان ناکەن، کچەکانیشیان خۆشناوێت چونکە مەمکیان کردووە... شۆفێرەکان رقیان لە هەرزەکارەکانە چونکە لە دونیای گۆڕاوی خۆیاندان و پڕن لە وزە و حەز بە سەرکەشیی و تاقیکردنەوەی شتە جیاوازەکان دەکەن، بەقاڵەکان حەز بە یاری تۆپێن و چاوشارکێی منداڵەکان ناکەن لە گەڕەکدا چونکە کاسپیەکەیان خاو دەکاتەوە، بەڵام کێشەکە لەوە زیاتریش ئەوەیە کە منداڵەکان نازانن کە تۆی شۆفێر زۆر توڕەی لە خۆت و لە ژیانت، لە گرانیی بەنزین و بێ کارەبایی و بێ ئاویی و بێ موچەیی. نا، نا، منداڵەکان ئاگاداری کێشەکانی تۆ نیین!
 
‎بگەرێینەوە بۆلای خێزانەکە!

‎ئەو خێزانە منداڵیان گەورەکرد و وەک کوردەواریی دەڵێت نۆبەرەی دایک و باوکیانە، زۆر دڵیان بە باڵا و توانا و تێگەیشتنەکانی خۆش بوو. شەوێک وەک شەوانی ئاسایی دانیشتبوون لە پڕ لەلایەن کوڕە گەورەکەیانەوە کە هێشتا تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو نەکردووە تەلەفۆنێکیان بۆ دێت و پێیان دەڵێت: "دایە، باوە، ئۆتۆمبێلێک لێی دام بەڵام نەمردووم… ".

‎ئایا ئەگەر ئەم هەواڵە بەر گوێی هەر کامێک لە ئێمە بکەوێت نامان هەژێنێت و سوێ ناخاتە دڵ و جەرگمانەوە؟ تاکسیەک لەوپەری تیژڕەوی خۆیدا بێئاگا لە گەڕەکێکی قەرەباڵغی شاردا کە باشیش دەزانێت رۆژ گەرمە و شەوانە دەرفەتێکە بۆ منداڵان لە گەڕەکەکەی خۆیاندا کەمێک یاری بکەن!

‎بەڵام کاکی شۆفێر کە زۆر پەلەیەتی گوێ بە چاوەڕووانیەکانی ئێمە نادات کە لە ماڵەوە بۆ گەورە بوون و ژیانی منداڵەکانمان هەمانە، بەڵکو لای ئەو ئەوە گرینگە کارەکەی خۆی ئەنجام بدات. ئەگەر من و تۆش ببین بە قوربانی چەند ساتێکی توڕەیی یان خۆشی ئەو…

‎بۆیە دەمەوێت بە خۆم وەک دایکێک، و بە سەرجەم دایکان و باوکان بڵێم، دەبێت کار بکەین و بێدەنگ نەبین لەم هەرا و بێ سیستەمییەی ئەم هەرێمی کوردستانە.

‎داواکاریەکانمان بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە بەرێوەبردن و جێبەجێکردنی یاساکاندا بخەینە پاڵ یەک و چیتر دەست بە دڵمانەوە نەگرین لە بیستنی دەنگی ئیستۆپی ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەک و شەقامەکانی ئەو جێگایەی لێی دەژین. دەبێت ژیانمان پارێزراوبێت لە سایەی حکومڕانی ئەم دەسەڵاتەدا...

‎لە بیرمە برایەکم پێش لەدایک بوونی من لە ئەنجامی تیژڕەوی ئۆتۆمبێلدا گیانی لەدەست دابوو. دایکم تا دوا ساتەکانی ژیانی لە دەنگی ئیستۆپی ئۆتۆمبێلەکان رادەچڵەکی و دەستی لەسەر دڵی دا دەنا و دەیگوت "یائەڵا، خودا نەکات"…

‎با چیتر منداڵەکانمان نەبن بە قوربانی چەند ساتێکی خۆش و بە پەلەی شۆفێرەکان !

13/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر