بۆ بینینی ڕەنگێکی سەرەکی تابلۆی ژیان

هاوژین زیبا
ژیان تابلۆیەکی ڕەنگاورەنگە. ڕەنگەکانی، چ تۆخ و چ کاڵ بن، هەموویان لە دروستکردنی تابلۆکەدا بەشدارن. دیاربوون و ئاشکرایی ڕەنگە تۆخەکان بە دڵنیاییەوە بە واتای نەبوونی ڕەنگە کاڵەکان نییە، بەڵکو ڕەنگە تۆخەکانیش لە ئەنجامی تێکەڵکردنی چەند ڕەنگێک دروست دەبن.

ئەم ژیانەی ئێمەی تێداین بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتتر؛ ڕەنگی پیاوەکان بینراوترە، و زۆرێک لە پیاوان شێوەیەکی وا  لە واقیع نیشان دەدەن کە لە خۆیانەوە دروستبوون و سروشت و ئاسمان وای خولقاندوون.

دیارە کە ئەمە حەقیقەت نییە.

ژنەکان ڕەنگی سەربەخۆ و گرنگن لە ژیاندا، و بگرە ئەرکی گرنگ یان کرۆکی ژیان بە منداڵدان و جەستە و ڕۆحی مێینە سپێردراوە، دیارە بە هاوکاریی نێرینەکان.

بەڵام لە تابلۆی ژیاندا ژن بێ ڕۆڵ و بێ کاریگەری پێناسە کراوە و دەکرێت.

هەزاران ساڵە بە جۆرێک کار لەسەر بێبایەخی و گرنگ نەبوونی ڕەنگی ژن کراوە؛ بە داخەوە بەشێکی زۆر لە ژنان قبوڵیان کردووە کە ڕەنگی لاوەکین و ئەوەی چوارچێوەی تابلۆی ژیان دەکێشێت پیاوە، لە کاتێکدا ئەم تابلۆیە بە ڕەنگەکانەوە دەبێت بە تابلۆیەکی تەواوکراو.

فیمێنیزم لە مێژووی خەباتی خوێناویدا بە خوێنی ژنان تا ئێستا لە هەوڵی ئاشکراکردنی حەقیقەتی تابلۆکەدایە و بە ژن دەڵێت: تۆ هەیت، و گرنگە و پێویستە باشتر خۆت بناسی و هەبوونت ڕاستەقینەیە، تۆ تراویلکەیەکی جیهانی پیاوان نیت.

فیمێنیزم بە ژن دەڵێت: ڕا بە! ئەرکی گرنگت لەسەر شانە. پێویستت بە ئاگایی و هۆشیارییە، پێویستت بە ئازادیی و متمانە بە خۆ بوونە.

پیاوانی هەڵگری بیری یەکڕەنگ و نکۆڵیکار لە توانا و ئیرادەی ژن؛ لە ئاشکرابوونی ئەم حەقیقەتە دەترسن، هەرچەندە خۆشیان دەزانن ئەوەی دروستیان کردووە زیان بە خۆشویستن و جوانیەکانی ژیانی خۆیشیان لە ئاستێکدا دەگەیەنێت، بەڵام چەقبەستوویی و ناهۆشیارییان ڕێگە بە بیرکردنەوەی ئەقڵانی نادات.

لە کاتێکدا پیاوانێک وا بیر دەکەنەوە؛ ئایا پێویست ناکات ژنانێکی زۆریش لە تێکۆشاندا بن لە پێناو خۆیان و داهاتووی ئەو پیاوانەش کە دەبن بە باوک و برا و بە هاوسەری کچانی داهاتوو؟

ژن ڕەنگێکی سەرەکییە لە تابلۆی ژیاندا، و بێ گومان هۆیەکی سەرەکیی ئاڵۆزی و ناجوانییەکانی ژیان پەیوەستە بە نەبینینی ڕەنگی ژن و دەرفەت نەدان بە تواناکانی ژن.

زۆر گرینگە ژن خۆی کەم نەبینێت و ڕێز لە توانا و ئیرادەی خۆی بگرێت.

ئەمە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکیەکانی بزووتنەوەی فیمێزم لە جیهاندا.

تۆش وەرە و بە پشکی خۆت بەشدار بە!

13/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر