بە یەکگرتوویی و هاودەنگیی ریفۆرم دروست دەبێت!

هاوژین زیبا

لەپاش رووداوە دڵتەزێنەکەی شاری سلێمانی ئەوەی بیندرا  هاوسۆزیی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵی کوردی بوو لە بەشداریی و هاوخەمیی ئەو بنەماڵە بەرێزەدا، لەگەڵ ئەوەی رووداوی سوتان و خنکانی خێزانەکان لە وەرزی زستاندا لە هەرێمی کوردستان یەکەم جار نییە، بەڵکو ژمارەی قوربانییەکان وای کرد بۆ یەکەم جار بەو شێوە یەکگرتووییە هاوڵاتییان هاوهەڵوێست بن و تەنانەت دەسەڵات و حکومەتیان هێنایە سەرخەت بۆ بەشداریی لە پرسە و هاوسۆزیی خەمە گەورەکەدا. 
ئەم رووداوە دڵتەزێنە وێنەیەکی لە یەکگرتوویی و هاوسۆزیی کورد نیشان داین لە کاتێکدا بۆ رووداوەکانی دیکە کەمتر هەستی پێ دەکرا و هەندێک کات دەکەوتینە گومانی ئەوەی ئایا کورد دەتوانێت بۆ باسێک یان رووداوێک یەکگرتوو بێت.

ئەم رووداوە نیشانی داین مرۆڤەکان هاوسۆزن و هاوکار و خەم رەوێنن بۆ یەکتر. ئەوەی کێشە دروست دەکات لە کۆمەڵدا بوونی بەرژەوەندیی بەرتەسکی حیزبیی و دەسەڵاتی کەمترخەمە 
لە ئێستادا.
بۆ نموونە، زیاتر لە دوو مانگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان شۆرشی "ژن، ژیان، ئازادیی” بە خوێنی گەشی گەنج و پیر، ژن و پیاوی کورد بەردەوامە و مرۆڤایەتی لەگەڵ ئازادیی و دادپەروەرییدا هاوهەڵوێستی شۆڕشەکەیە، بەڵام لە ناو کورداندا بەداخەوە ئەم یەکدەنگیەی دروست نەکردووە و تا ئێستاش هێڵێکی تاریکپەرست لێکدانەوەی کۆنەپارێزیی بۆ هەوڵ و تێکۆشانەکان دەکات.
هاوشێوەی ڕۆژهەڵات، لە رۆژئاوای کوردستان دوای ئەو هەموو قوربانی و ڕەنج و تێکۆشانە دەبینین تا ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە هێرش بەردەوامە و کوردان لە رۆژئاوای کوردستان لە نائارامیدا دەژین.
باشووری کوردستان لەگەڵ ئەوەی هەمیشە لە ئاستی گەلدا بە هەڵوێست و خەمخۆری بەشەکانی دیکەی کوردستان بووە، بەڵام تا ئێستا هێزی گەل نەیتوانیووە دەسەڵات و حزبەکان ناچار بە هەڵوێستی جدی و یەکلاکەرەوە بکات. 

ئەم یەکگرتنە خەڵکی کوردستان بۆ کارەساتێکی ئاستی خێزانیی چەندە کاریگەری هەیە بێگومان بۆ هەر پرسێکی نیشتیمانیی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و فکریش کاریگەریی دەبێت.
ئەگەر سیاسیەکان وەک خەڵک یەکگرتوو نابن، با ئێمەی هاوڵاتی ببین بەو فشارەی سیاسیەکان ناچار بە یەکگرتوویی بکەین بۆ گەیشتن بە هەڵوێستی گرنگ و یەکگرتووی کورد.
ئەو کارە دەتوانێت ڕیفۆرمی شایانباسی سیاسیی بەرهەم بهێنێت.

20/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر