با زانیارییەکانمان ڕاست بکەینەوە

هاوژین زیبا
سەرباری تێپەڕبوونی  دەیان ساڵی پڕ لە خەبات و قوربانیدان و بەرھەم  بەسەر بزووتنەوە فیمینیستییەکاندا  لە ناوچە جیاجیاکانی جیھان و مەیدانە جۆراوەکانی کار و ھزردا، ھێشتا چەندین تێگەیشتنی ھەڵەو ئەنجامگیری نادروست لە ئارادان کە بیدەنگبوون لێیان زیان بە فیمینزم  و بە تێکڕای ئەرکی ڕۆشنگەری  دەگەیەنن ، لەوانە:

١-فیمینزم دژی پیاوە:

بزووتنەوە فیمینیستییەکان لە خەباتیاندا دژی چەوساندنەوەی  ژن سیستیمی پیاوسالاری دەخەنە بە ڕەخنەو ھێرشی بابەتیانەوە، بەڵام مەبەست لە سیستمی نێر سالاری خودی پیاو  نی یە بەڵکو ئەو یاسا و ڕێسا و دابو نەریتانەن کە  رۆڵی ژنان لە کۆمەڵدا کاڵ دەکەنەوە و ھەل ومەرجەکان دەخەنە بەرژەوەندیی پیاوان و  کۆت و بەندی سیستمەکە توندوتۆڵتر دەکەن . بنەماکانی پیاوسالاری  لە کۆتو لێکدانەودا زیان بە پیاویش دەگەیەنیت لەو ڕوانگەیەوە کە پیاو نانپەیداکەری خێزانە و ھەر پیاوێک ئەو ئەرکەی  پێ جێبەجێ نەکرێ لە سیستەمەکەدا شوێنی نابێتەوە. پیاوسالاری دەلێت ژن ھەستیار و بێ لۆجیکە ، پیاویش لۆجیکی و بێ ھەست.. ئەم جیھانبینییە نە لە بەرژەوەندی پیاو و نە لە بەرژەوەندیی ژنە . کەواتە بزووتنەوەی فیمینزم بە کردەوە ئەو دیوارانە دەروخێنێت کە لەسەر بناغەی جێندەری بنیاد نراون و زیان بە ھەردوو ڕەگەزەکە دەگەیەن. 

٢-فیمینزم دەیەویت دەسەڵات بگرێتە دەست

تێگەیشتنێکی دیەک ھەڵە ئەوەیە کە بزووتنەوەی فیمینیزم  ، ھاوچەشنی حیزبە سیاسییەکان دەیەوێت دەسەلاتی سیاسی و حوکمی وڵات بگرێتە دەست، کە مەسەلەکە ھەرگیز بەو شێوەیەیە نی یە. ئامانجی فیمینزم دەستەبەرکردنی ھوشیارییەکی بەردەوام و چەسپیوە لە ناو تاکەکانی کۆمەڵدا، بە مەبەستی ڕیشەکەندکردنی ستەمی جێندەری لە دوور مەودادا ، نەک دەستگرتن بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا لە قۆناغێکی دیاریکراوی  ھەڵبژاردندا. 

٣-فیمینزم کۆتای ھاتووە

گۆڕینی چەند یاسایەک لە بەرژەوەندی ژنان و دابینکردنی کۆمەڵێک مافی گرنگ بۆ ژنان لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی  ھەرگیز ئەو مانایە نابەخشن کە فیمینیزم ھەندێک داواکاری دیاریکراوی ھەبووە و ئەو داواکارییانە لە ھەندێک  وڵاتدا جێبەجێ کراون.  نەخێر  فیمنیسم بەم زوانە کۆتای نایەت بەڵکوھەتا پێکھێنەرەکانی ستەمی  جێندەری بمێنن  بزووتنەوی فیمینیزمیش دەمێنێت و بەردەوام دەبێت. 

٤-یەک جۆر فیمینیزم ھەیە

ئەمەش باوەرێکی ھەڵەیە . فیمینیزم لە ھەر کۆمەڵێکدا زادەی ھەل و مەرجی ئەو کۆمەڵەیە . جا لەبەر ئاستی گەشەکردنی کۆمەلێک جیاوازە لە کۆمەڵێکی دیکە کەواتە بزووتنەوە فیمینیستییەکانیش  جیاواز دەردەچن. فیمینیزم لە سۆماڵدا ھەرگیز کتومت  ھەمان فیمینیزمی دانیمارک دەرناچێ، فێمێنیزم لە ئەوروپا وەک فێمێنیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست نابێت لەگەڵ ئەوەی دۆخی گشتی ژنان هاوشێوەی یەکترین لە ژێر ستەم و زۆرداری پیاوسالاریدا، بەڵام هەلومەرجی کۆمەڵگاکان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و شێوازی کارکردنی فێمێنیستەکانیش بەرامبەر بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری جیاواز دەبێت بەڵام لە ئامانجیاندا هاوبەشن.

15/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر