ژن لە شارستانییە کۆنەکاندا - یۆنانی کۆن بە نموونە

هاوژین زیبا
ژمارە و جۆری سەرچاوە کۆنەکان کە لە ئەمڕۆ لە بەردەستدان، نە زۆرن و نە جێگەی متمانەن، بەتایبەت ئەوانەی کە لەسەر بارودۆخی ژن لە چاخەکۆنەکاندا نووسراون .

بۆ نموونە زۆربەی ھەرە زۆری ئەو سەرچاوانە دەڵێ لە یۆنانی کۆندا ژنان ھیچ مافێکیان نەبووە؛ نە مافی خاوەندارێتی، نە مافەکانی میرات و نە مافی دەنگدان. ئەرکیان تەنیا پەروەردەکردنی مناڵ و ئەنجامدانی ئیش وکار وفرمانەکانی ماڵ بووە، بەڵام ئایا ئەم سەرچاوانە ھەموو شتێکن و تەواو جێگەی باوەڕن؟ وەڵامەکە ئاسان نییە چونکە نووسەری بابەتەکان ھەموویان پیاو بوون، جگە لەمەش پانتایی باسەکان تەواوی یۆنانی کۆنیان نەگرتۆتەوە، تەنیا لە سنووری شاری ئەپینادا قەتیس کراون.

سەرچاوەگەلی تر ھەن کە باس لە بارودۆخی ژنانی ئەسپارتە دەکەن .

ئەوان شتێکی دیکە دەڵێن؛ ژنانی ئەسپارتە دەبوو وەک پیاو وەرزش و چالاکیی جەستەییان ھەبێ، مافی موڵکداری و ئازادیی شەرابخواردنەوەشیان ھەبووە.

چەند توێژێکی دیکەی ژنانیش ھەبوون کە لە پێگەوئاستی تایبەتدا بون ، بۆ نموونە ژنانی کاسپکار، ژنانی فەرمانبەر لە دەزگاکانی دەوڵەتدا، ھەروەھا لەشفرۆشان کە پیشەکەیان ئاشکرا و ددانپێدانراو بووە.

جگە لەمانەش بوار ڕەخساوە بۆ ھەڵکەوتنی ژنانی نائاسایی و لێھاتوو لە بوارە جیاوازەکاندا ؛ شاعیری ژن ، فەیلەسوف و پزیشک و سەرکردەو فەرماندەی ژن ڕێگری لە ھەڵکەوتنیان نەکراوە.

بەڵام گەورەترین پێگەی ژن لە وڵات وشارستانی یە کۆنەکاندا توانیوێتی خۆی لە ناو ئایین و ئەفسانەکاندا بەرجەستە بکات.

ئوپینا، خواوەندی ژیری و بەخشندەی و بەھا و زیرەکی ژنە لەکۆمەڵگا کشتوکاڵییەکەی یۆنانی کۆندا خواوەندەکانی پیت و بەرەکەت ژن بون.

شانبەشانی ئەمەش ، یۆنانی کۆن، وەک کۆمەڵگایەکی نێرسالار، زۆرێک لە کەسایەتی و سیمبولە خراپەکانی ناو ئەفسانەکانی بریتین لە ژن. 

ژن ھێمایە بۆ ڕق و پیلان و تۆڵە و ئاژاوەنانەوە و ناپاکی. لە ھەندێک داستان و ئەفسانەشدا ستایشی وەفای ژن کراوە کە پاکیزەیی خۆی پاراستووە کاتێک مێردەیەکی چەندین ساڵ لێی دوور بووە.

لە قۆناغی منداڵیشدا جیاکاری گەورە ھەبووە لە ڕەخساندنی دەرفەتی پەروەردەو فێرکردن. کچان بە دەگمەن خراونەتە قوتابخانە تاکەوەرزشێکیش کە ڕێپێدراو بووە بۆ کچانی ئەو سەردەمە تەنیا ھەر سەماکردن بووە.

خاڵێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانییۆنانی کۆن ئەوەیە کە پێویست بوو ھەموو کچێک سەرەنجام ھاوسەرگیری بکات، کۆمەڵگای یۆنانی کۆن شوێنی ژنی پێگەیشتووی بێ ھاوسەری تێدا نەبووە.

06/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر