قەیرانی خانووبەرە لە كوردستان

موعتەسەم نەجم


زیادبوونی قەبارە و رێژەی دروستكردنی خانووبەرە و تەلار لە كوردستان، كە پێدەچێت بێ بەرنامە و بەبێ نەخشە و پلان بێت، ئەگەری دروستبوونی قەیرانێكی نوێی لێدەكرێت.

    قەیرانی خانووبورو لە فەرهەنگی سیاسیدا زاراوەیەكی نوێیە زیاتر لە دوای قەیرانی دارای ئەورپاوە لە ساڵانی 2008 و 2009ەوە بڵاوەی كردوە. لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەوە دەرئەنجامی پێشكەوتن و گەشەكردنی ئابووری ئەوروپا سەرمایەیەكی زۆر لەو وڵاتانەدا كەڵەكە بوو. ئەم سەرمایەیە پێویستی بە بەگەرخستن و وەبەرهێنان دەكرد. پێشكەوتنەكانی زانست و تەكنۆلۆجیا و مەزنبوونی كۆمپانیا فرە رەگەزەكان بە شێوەیەك بوو، وەك ئەوەی ماركسیزم ئاماژەی پێكردوە، ململانێی سەرمایەداری گەیاندە ئاستێك، كە دەبوو لە پێناو مانەوەیاندا و لە سەر ئەو ئاراستەیەی، كە بە بەردەوامی بەرەو گەورەبوون دەچوون بكەونە یەكتر خواردن و ركەبەرایەتی یەكتر. لەم قۆناغەدا بەهۆی پێشكەوتنەكانی تەكنۆلۆجیا لە لایەك و زیادبوونی قەبارەی دانیشوانی زەوی رۆژانە قەبارەی دەركردنی كرێكاران لە كار زیاتر دەبوو، هاوكات زەبەلاحبونی كۆمپانیاكان بووە هۆی ئەوەی، كە دەیان كۆمپانیا بە هۆی ئەو ململانێیانەوە لە بازاری وەبەرهێنان دەركرێنە دەرەوە و بە شێكیانیش مایە پوچ بوون. لەم دۆخەدا ئەو سەرمایە كەڵكەبوەی ئەوروپا پێویستی بە بەگەرخستن و وەبەرهێنان دەكرد، بەهۆی ئەو دۆخەی، كە بواری زانست و تەکنۆلژیا بۆ سەرمایەداری خوڵقاندبوی ئەو سەرمایە كەڵەكەبوەی ئەوروپا روویان لە دروستكردنی خانووبەرە و تەلارسازی كرد، بۆ ساغكردنەوەی ئەم كەرتەیش نەخشە و پلانی فرۆشتنی ئەو یەكە نیشتەجێیانەی دروستیان دەكرد بە شێوەی قیست دەدرایە خەڵكی مام ناوەند و موچەخۆر پەیرەو کرد. بە قوڵبونەوەی قەیرانی ئابووری بەتایبەتی ئەو دەمەی، كە دۆخەكە دەگاتە ئەو ئاستەی خەڵك توانای دانەوەی قەرز و قیستەكانی خانووبەرەكانیان نامێنێت، لە ساڵی 2008 و 2009 دا قەیرانێكی دارای دروست دەبێت هەموو ئەوروپا دەگرێتەوەو كاریگەریە نەرێنیەكانی دەگاتە تەواوی وڵاتانی لیبرالی و ئەو وڵاتانە ئابووریەكانیان بە شێوەیەك لە شێوەكان وابەستەی ئابووری ئەوروپا و ئەمریكا بوون. ئەم قەیرانە لە ساڵی 2019 دا دەبێتە قەیرانێكی ئابووری جیهانی و تا ئەمرۆ لیبرالیزمی نوێ نەیتوانیوە خۆی لێ رزگار بكات، بگرە بووەتە کەرەسەیەکی بە پیت بۆ گەشەکردنی رەوتی پۆپۆلیستی لە سەر ئاستی جیهان. 

        لە ئەمرۆدا هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی فرە رەهەندایە. سەرمایەیەكی زۆر گەورە دەرئەنجامی ئەو تاڵانكاری و راوروەتەی لە ماوەی پێشوودا لەم هەرێمەدا بەرجەستەبووە، لای چەند سەرمایەدارێک کەڵەکە بووە. ئەم سەرمایەیە بە چەند هۆیەك لەئەمرۆدا توشی ئیفلیجبوون دەبێت، چەندین سەرمایەداری بچوک و مام ناوەندی مایەپوچ بوون، لەوانە بەهۆی خاسیەتی سەرمایەداری كوردی، كە نەفسیەتی دەڵاڵی هەیە و داهێنەر نیە، ناتوانێت وەبەرهێنانێكی راستەقینە لە بوارە جیاجیاكانی ئابووریدا بخوڵقێنێت، بەڵكو بەردەوام چاوی لەوەیە بە نادادی و تاڵانكاری سەرمایەكی زیاد كات. كاتێك ئەم تاڵانكاریە سنوردار دەبێت و چیتر بەشی ئەو هەموو نەهنگە گەورەیەی سەرمایداری كوردی ناكات. دەرئەنجام دۆخێك لە ململانێی نوێ لە نێوان تاڵانچیەكان خۆیاندا دروست دەبێت. لە ئەمرۆدا سەرمایەی كوردی بە گشتی بە شێوەیەك لە شێوەكان هاوشێوەی ئەو دەمەی ئەوروپا (بە دوو هۆی جیاوازەوە) روویان لە كەرتی وەبەرهێنانی خانووبەرە و تەلارسازی كردوە. ئەمە لە كاتێكدا بە هۆی قەیرانی ئابووری كوردستانەوە خواست لە سەر خانووبەرە زۆر كەمی كردوەو رۆژ بە رۆژیش زیاتر لە تەسكبوونەوەدایە. پاشەكشێی پرۆسەی هاوسەرگیری و زیادبوونی رێژەی تەڵاق ئەو دۆخەی خوڵقاندوە، كە سەرمایەداری كورد بۆ فرۆشتنی یەكە نیشتەجێبوەكان خەون و خولیایان بچێتە سەر هێنانی عەرەبی باشور و ناوەندی عێراقە بۆ نیشتەجێكردنیان لە كوردستان، ئەم خەیاڵە لەوێوە خۆش دەبێت، كە پێشبینی دەكرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا كەش و هەوای باشور و ناوەندی عێراق زۆر بەرەو گەرمی و خەراپی بچێت و هاوكات باری بژێوی خەڵكی كوردستانیش بە هۆی چەوتی سیاسەتی كوردی و بەردەوامی پرۆسەی گەندەڵی و تاڵانكاری رۆژ بە رۆژ خراپتر بێت. دەرئەنجام خەڵکێکی زۆر لە باشوری عێراقەوە روو لە کوردستان بکەن و ئەو یەکەی نیشتەجێبوانە بکرن، سەرمایەداری کورد لە قەیران رزگار کەن، هاوکات پرسی مافی رزگاری نەتەوی و مافی چارەی خۆنوسین لە رێگای شپۆلێکی نوێی بە عەرەبکردنی کوردستانەوە، کە گومانی نیە زۆر گەورەتر دەبێت لە پرۆسەی تەعریبی رابردوو، بکەنە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان. 

 لەم بارودۆخەدا نەك هەر خەڵكی مام ناوەند و موچەخۆر و كەمدرامەت توانی كرینی یەكەی نیشتەجێبونیان نامێنێت، بەڵكو پێشبینی دەكرێت هاوشێوەی ئەوروپا ئەوانەی ئەو یەكانەیانیش كریوە، قەرز و قیستەكانیان بۆ نەدرێتەوە. بۆیە قەیرانی خانووبەرە قەیرانێكی كەم كاریگەر نابێت و لە ماوەی داهاتوودا زۆر بە خراپی رەنگدانەوەی لە لەسەر ژیانی خەڵك و دەسەڵاتی كوردی دەبێت.
      لە راستیدا پێشبینیەکان تا ئەو ئاستە مل دەکێشێێت، کە دوور نیە كاریگەریە نەرێنیەكانی جێگیری سیاسی و ئاسایشی ئە م هەرێمەش تێك نەدات.


22/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر