مەجید برایم‌و چیرۆکە تراژیدیە نەبڕاوەکانی ھەردوو ئاسایشی پارتی‌و یەکێتی

لەتیف مستەفا

مەجید برایم دوای سێ ڕۆژ لەدەسگیر کردنی لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دەدرێتەوە بەکەس و کاری و دەڵێن خۆی خنکاندوە ،کەس و کارەکەی بەوچیرۆکە ڕازی نین و ھەقی خۆشیانە ، یەکێتی دێتە سەرخەت و دەڵێت ناوبراو پێشمەرگەی ئێمەیەو ئەو چیرۆکەی ئاسایشی پارتی ڕاست نیە و نابێ زیندانی ھیچ ھۆکارێکی خۆکوشتنی لابێت و ئەبێ ئەو دەزگایەی کەسێک دەگرێت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی گیانی زیندانیان ئەو قسەیە دروستە، بەڵام ئەم قسەیە بۆ ئاسایشی یەکێتیش ڕاستە ،ھەمومان چیرۆکی تراژیدی خنکاندنی خوا لێخۆشبوە زانای قایمقاممان لەبیر ماوە بەگوێرەی وتەکانی کەس و کارەکەی ،یان خۆخنکاندنی بەگوێرەی چیرۆکی باوەڕ پێنەکراوی ئاسایش ،ھەرچەندە زانا پۆستێکی باڵاشی ھەبوو بەلام چونکە حیزب یان باڵێكی حیزب پشتگیری کەیسەکەیان نەکرد دیزە بەدەرخۆنە کرا.

ئاخر دەزگای ئەمنی بەدناوی بەعس بە درێژایی ٣٥ ساڵ ھەزارەھا خەڵکی مەترسیداریان لەسەر ڕژێمەکەیان لە کوردو شیعە دەسگیر دەکرد کە داوای ڕوخانی ڕژێمەکەیان دەکرد نەک تاوانێکی ئاسایی بەڵام ڕۆژێک نەمانبیست یەکێک لەوانە خۆی خنکاندبێ ، دەزگاکە ڕێوشوێنی پێویستی دەگرتە بەر بۆ رێگرتن لەکاری لەو جۆرە چونکە دەزگای ئاسایشی دەوالەتی بوون و سەربە حکومەت بون و لەژێر چاودێری و لێپرسینەوەی سەرو خۆیان بوون، بەڵام ئەوەی لە ھەردوو مقاتەعەی یەکێتی و پارتی ڕودەدات دەرنجامی سروشتی بە حیزبی کردنی دەزگاکان و نەبونی چاودێری و لێپرسێنەوەی یاسایی و کارگێڕی و دادوەریە بەسەریانەوە بەتایبەتی دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان.

ئەوەی دەگوزەرێت دەرەنجامە نەک ھۆکار دەبێ بە حیزبی کردنی ئاسایش و دام ودەزگا ئەمنی و یاسایی و قەزائیەکان کۆتایی پێ بێت دەنا چیرۆکی مەجیدەکان و زاناکان بەردەوام ھەبون و دەش بن جیاوازی ئەوەیە مەجیدەکان ئەگەر حیزبێک پشتیوانیان بێت داوای لێکۆلینەوەیان بۆ دەکرێ زاناکان چەند بەناوبانگیش بن ژێر بەژێر دەکرێن چونکە حیزب پشتگیری نەکردوون.

لە ژێر زەمینەکانی ئاسایشی حیزب ڕۆژانەو ساڵانە دەیان چیرۆکی وا ڕودەدەن بەڵام باسیش ناکرێن چونکە خەلکی بێ ناوو بێ پشت و پەنان، واتە لەم وڵاتە تەنھا ئەوانە لێیان دەپرسرێتەوەکە خاوەنێکی حیزبیان ھەبێت و خوێنی ھاولاتیانی تر حەڵاڵە چیان لێبکرێ.

خوای گەورە رەوانشاد مەجید ئیبراھیم بەبەھەشتی خۆی بپارێزێت ونھێنی کەیسەکەی ھەڵماڵێت


18/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر