لەڕوانگەی چینایەتیەوە (نەوت و گاز و دادگا و هەرێم)

عوسمان زیندانی

ئەمانە سودیان چی بووە بۆ ژیانی هاونیشتمانیان بەگشتی و چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان بەتایبەتی ، کە هەردو دەسەڵاتەکە ماوەی زیاتر لە (۲۰) ساڵە بەئارەزو و بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارێتی خۆیان نەوت دەردێنن و دەیفرۆشن ، دادگاش هەیە و عێراق و هەرێمێکی ئیعتراف پێکراو یاسای نەوت وغازیش هەیە لەهەرێم ، بەڵام ئێستا هەردووکیان لە ململانێ و کێبڕکێدان بۆ کۆکردنەوە وبەکارهێنانی سامانی ووڵات یەکێکیان بۆ فرۆشتن و یەکێکی تریان بۆ ڕاگرتنی ،کە بنەماکەی ململانێی سیاسیە و بەرژەوەندخوازی و کەڵکە کردنی سامانە .
لەم بارەیەوە دادگای ئیتحادی عێراق بڕیاری نادەستوری ونایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانیدا ، لەبەرامبەریشدا هەرێمی کوردستانی عێراق رەتی دەکاتەوە ودەڵێ ئێمە لەسەر بنەمای دەستور نەوت دەردێنین و دەیفرۆشین ، بێگومان ئەم جیاوازیە لەرووی دەستووری و یاساییەوە گرنگە ڕوون بکرێتەوە بۆ هاونیشتمانیانی عێراق و کوردستان ، بەڵام لێرەدا و لەم بابەتەدا بەدیاریکراوی زیاتر جەخت لەباری سیاسی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵکی عێراق و کوردستانەوە وبەتایبەت ژیانی واقیعی چینی کرێکار وخەڵکی زەحمەتکێشەوە خوێندنەوە بۆ پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی( نەوت و غازی ) هەرێم وعێراق دەکەین کە تاچ ئەندازەیەك بەکەڵک بوە بۆژیانیان ؟
بەپێی ئامارەکان لەعێراقدا رۆژانە (۰۰۰ ٤٥۰۰) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت و لەهەرێمیش ( ٤٥۰۰۰۰) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت ، ئێستا یەک بەرمیل بە (۹۰ دۆلارە) و لەڕابردووشدا نرخ بەرز ونزمی کردووە بەڵام بە
گشتی معدلی ناوەند وەربگرین( ٦۰ دۆلار )دەتوانیت دیاری بکەیت بۆ یەک بەرمیل نەوت لە چەند ساڵی ڕابردوو کە داهاتێکی یەکجار زۆرە .
بەڵام هاوڵاتیان یەک بەرمیل نەوت لەحکومەت بە (۹۰) هەزار دینار دەکڕن ولەدوو ساڵدا ئەگەر یەک بەرمیل نەوت بدەنە خێزانێک ، لەبازاڕیشدا ئێستا بە (۱۸۰) هەزار دینارە ، بێگومان یەک بتڵ غاز لای حکومی بە ( ۸٥۰۰) دینارە و لەبازاڕ نرخی گرانترە .
لەهەمان کاتدا ڕێژەی هەژاری و بێکاری لەعێراق و هەرێم بەردەوام لەبەرز بوونەوەدایە، بەبەرنامە نرخی دۆلار بەرزکرایەوە بۆ (۱٥۰۰۰۰) هەزار دینار عێراقی و نرخی شتومەک و پێداوویستیە ڕۆژانەیەکانی خەڵک بەردەوام لەبەرز بوونەوەدایە لەعێراق و هەرێمدا ، بەتایبەت لەهەرێمی کوردستان سیاسەتی (موچە پاشەکەوتکردن و لێبڕینی) پیادە کرا و ئێستاش بەدوو مانگ جارێ مووچە دەدەن ، دامەزراندن راگیراوە و نرخ لەبازاڕ لەبەرز بوونەوەدایە و باج ورسومات زیادی کردووە ، لەئاستی حکومیشدا هەرێم قەرزاری ناوخۆی ودەرەکیە .
باشە خۆ دەساڵە بریاری نایاسایی و نادەستوری بوون نەوت فرۆشتن نەدراوە دژی هەرێم و ئەی باشە خۆ لەعێراقدا کەس ناڵێت ئەم پرۆسەیە نایاساییە ،بەڵام ئەوە ژیانی سەدان هەزار بێکار و دەیان هەزار خێزانی هەژارە لەعێراقدا و دۆخی هەرێمی کوردستانیش دیارە کە ڕۆژانە هاوڵاتیان لەڕیزی وەستانی نەوت دابەشکردندان کە بەدوو ساڵ جارێک دەدرێت بە هاوڵاتیان چیان لێ بەسەر دێت یان ڕیزی سەدان کەسی ژن وپیاوە بەتەمەنەکانی نیشتمان لەسەرەی مووچەی خانەنشینی کە بڕێکی یەکجار کەمە و بەشی لایەنی کەمی ژیانێکی مەمرەو مەژی ناکات بەدوو مانگ جارێک مووچە وەردەگرن . 
لەسەربنەمای ژیانی واقعی خەڵکەوە لەڕوانگەی بەرژەوەندی چینایەتی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشەوە تابلۆکە بینین بەباشی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە کێشەکە لەبنەڕەتەوە پەیوەست نیە بە ( دەستوری بوون و یاسایی بوونی پرۆسەی دەرهێنان و پاڵاوتەکردن و فرۆشتنی نەوتەوە ) ، هێندەی پەیوەندە بە سیاسەتی سەرمایەداری دەسەڵاتدارێتی عێراق وهەرێم و ئابووری رەیعی لەلایەک و لەلایەکی ترە وە دزی و تاڵان کردنی سامانی ئەم ووڵاتە بە کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی ناوخۆی ودەرەکی هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتی ،کە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دەسەڵات و کۆمپانیاکانیان کاریان کردووە ، بۆیە دەبێت پرۆسەی نەوت وسامانی سروشتی لە ژێر چنگی ئەم دەسەڵاتە دەربهنێرێت ئەویش بە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و هەمەلایەنەی سیاسی و ئابووری دەبێت ، کە پێوستی بەبەردەوامیدان بە خەباتێکی جەماوەری هەیە دژی ئەم دەسەڵاتە بۆرژوا تاڵانکەری سەروەتی نیشتمان .
ئەمە وەک تابلۆ سیاسی وئابووریەکە بەگشتی و لەڕابردوودی عێراق وهەرێمدا بەڵام بەدیارکراوی ولە ئێستادا پێوویستە ئەم پرسایەرەش بوروژێنین ئایە ئەگەر ڕێگری بکرێت لە فرۆشتنی نەوت دۆخەکە چی لێ دێت ؟ عێراق ئامادەیە بودجەی هەرێم بەتەواوی بنێرێت ؟ بەبڕوای من کارێکی زەحمەتە لەم عێراقی مەزهەبگەرایی و تاڵان وبڕۆیەدا ئەم مافە بدەن بە هەرێم وخەڵکەکەی ، بۆیە دەسەڵاتی کوردستانی راستە ڕووبەڕووی ڕەخنە جدی خەڵکە دەبێتە و داهاتێکی زۆری لەدەست دەچێت و بەرەو لاوازی سیاسیان دەبات بەڵام لەلایەکی تریشەوە تووشی قەیرانێکی قوڵتری ئابووری دەبێتەوە گاریگەری خراپ وڕاستەوخۆی لەسەر ژیان وگوزەرانی خەڵک دەبێت دیارە خۆیشیان خاوەنی هەموو شتێکن و باکیان بە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش نیە ، لەهەمان کاتدا ئەی ئەگەر بڕیارەک جێبەجێ نەکرا ، هەرێم ئامادەیە مووچە وەک خۆی بدات ، نەوت بخاتە خزمەتی بێکاران و دانەمەزراوەکانە ، نرخی شتومەک دابەزێنێت رسومات وباج کەم بکاتەوە نەوت و غاز بدات بە هاوڵاتیان ،بەپێی ئەزمووونی ڕابردوو وەڵامەکی نەخێرە، بۆیە تەنها رێگە چارە هەوڵ خەباتی چینایەتیە بۆ ریشە کێشکردنی دەسەڵاتدارێتی سەرمایەداری و ستەمکاری عێراق و کوردستان و گۆرینیان بە ئەزموونێک تری سیاسی کە ئینسان تیایدا میحوەری ئەساسی بێت و ڕەچاوی بەرژەوندیەکانی گەل ونیشتمان بکرێت نەک کۆمپاینا و بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق و هەرێم .

23/02/2022



وتارەکانی تری نوسەر