لەڕوانگەی چینایەتیەوە

عوسمان زیندانی
پرۆژەی دەستوور و مافە ئابووریەکان

لەبابەتی پێشتردا باسمان لە دواخستنی بەئەنقەستی ڕاپرسی لەسەر دەستووری هەرێمی کوردستان کرد کەلەبەر بەرژەوەندی چینایەتی دوو حزبی دەسەڵاتدار دواخراو ۳ حزبەکەی تری ئیتیلافی حوکمڕانیش چاوو پۆشی وبێدەنگیان لێکرد .

بەڵام لەم باسە گرنگتر شەنوکەوکردنی هەندێ بابەتی گرنگی ناو ماددەو بڕگەکانی پرۆژەی دەستوورە کە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەیانەوێ بەپێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆیان بینووسنەوە کە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە ئابووری وئیداریەدا دایڕێژنەوە کەلەسیاسەتی ڕۆژانەدا سەپاندوویانە بەسەرکۆمەڵگەدا.

لەکاتێکدا دەبێت دەستوور بۆبەرژەوەندی گشتی هەموو گۆمەڵکە بنووسرێتەوە نەک بۆ بەرژەوەندی چینی سەرمایەداری حوکمڕان بێت وبەس و خەڵکی زەحمەتکێش هیچ مافیکی ڕەوای خۆی تیادا نەبینێت ئەوەی جێگای ڕەخنەیەکی جدییەو دەبێ خوێندنەوەی بۆ بکرێت لەکۆنفراسی زانکۆی کوردستان کەهی کوڕی سەرۆکی هەرێمە هیچ کەس لەو سەرکردانەی تەوەرەیان بۆ دیارکرابوو و پرسیاریان ئاراستە کرا باسیان لەبەرژەوەندی چینی کرێکار و ڕەنجدەرانی بیرو بازووی هەرێمی کوردستان نەکرد کەئاراستەی ئابووری هەرێم و بنەماکانی بازرگانی و ئابووری لەدەستووردا چۆن دابڕێژرێتەوە و ڕەچاوی ژیانی ئەو دەیان هەزار کرێکارە بێکار و دەیان هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگانە بکات کە چەندین ساڵە لەچاوەروانی دامەزراندن و هەلی کاردان ، دەستەبژێری حکومڕان وکوڕانی بنەماڵەی دەسەڵات لەکاتی هەڵبژاردندا بەڵێنیان پێ دابوون هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنن .

پێوویستە بزانینن پرۆژەی دەستووری هەرێم چی لەبارەی ئابووریەوە پێشنیار کردووە تا لەڕوانگەی چینایەتیەوە و بەپێی بەرژەوەندی چینی کرێکار و هەژارانی کوردستان شیکاری بۆ بکەین .

لەماددەی (۱٥) ی دەستووری هەرێمدا هاتووە :

(هەرێمی کوردستان پشت بەسیستەمی ئابووری بازاڕی کێبڕکێی ڕەوا دەبەستێت لەگەڵ هاندان وگرتنەبەری پەرەپێدانی ئابووری لەسەر بنەمای نوێ و وەبەرهێنان ٫ بەهەردوو ڕووی گشتی و تایبەتەکەیەوە ٫قۆرخکردن (احتکار)بەیاسا نەبێت ڕێگەی پێ نادرێت )

ئەم ماددەیەی ناو پرۆژەی دەستووری هەرێم ڕێک بۆ تەواوکردنی پرۆسەی بەتاڵان وبەهەدەردانی سامانی ووڵات و قۆرخکردنی بازاڕ و ئابووری هەرێمی کوردستان دانراوە کە لەدەستی چەند کۆمپانیایەکی سەرمایەداری ناوخۆی وبیانی دابێت و ئەوەی بۆرژوا مشەخۆرەکانی کوردستان دەستیان پێکردووە بەپێی سیاسەتی ئابووری بازاڕ و یاسای وەبەرهێنان کاریان پێکردووە ٫ دەیانەوێ لەداهاتوودا لەسەر بنەمای دەستوور شەرعیەت بدەن بەم هەموو سەرمایەدارە هەڵتۆقیوەی ناو هەرێمی کوردستان و تاپۆکردنی هەزاران دۆنم بە کوڕان وکچان و کەسە نزیکەکانی بنەماڵەکانی دەسەڵاتدار و دەیان گروپی بورجوازی نزیک لەخۆیان کەلەسەر هەمان ڕێبازی ئابووری بازاڕ کاردەکەن و بەرنامەی سیاسی بۆ دادەڕێژن ولەژیانی ڕۆژانەدا بەرجەستەی دەکەن.

لە بەشێکی ماددەکە داباسی ( هاندان و پەرەپێدانی ئابووری لەسەر بنەمای نوێ و وەبەرهێنان) دەکات بەڵام باسی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی ناکات کەلەجیهانی ئێستادا ولەناو دامەزراوە فەرمیەکانی نیودەوڵەتیدا شان بەشانی گەشەپێدانی ئابووری دەبێت گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەبێت ،پاشان ڕوون نیە (بنەمای نوێ و وەبەرهێنان )مەبەست کام شێوزی بەرهەمهێنانە وکام سیستەمی ئابووری نوێی کەناکرێت ئاوا بەم شێوە لاستیکیە دەقێکی تایبەت بەئابووری دابڕێژرێت ،پاشان نووسراوە[ (احتیکار ) واتا قۆرخکاری بەیاسا نەبێت ڕێگەی پێ نادرێت ]ئەمەش پێچەوانەی دیعایەکانی خۆیانە بۆ ئازادی بازاڕ چونک کام یاسا هەیە ڕێگەی قۆرخکاری بدات ئەگەر وایە (کامە بازاڕی ئازارد و کێبڕکێی ڕەوا ).

بۆیە دەبێت پەلەمانتاران ووریا بن لە خوێندنەوەی تەواوی ماناکانی دەقەکان بەتایبەت ئەوانەی دیعایەی مافی مرۆڤ دەکەن وبەتایبەتی ترهاوڕێ و هێزو لایەنە چەپەکان کەنوێنەرایەتی باڵی کرێکاران وهەژاران و کەمدەرامەتان دەکەن و ئەم سیاسەت و بابەتانە دەبێت بەباشی شیبکرێتەو بۆ هاونیشتمانیان و لەئاستی کارە ڕۆژانە یەکاندا بێت بۆبەرچاوو ڕوونی بەرنامە و کاری سیاسی و کاری خۆبەخشی سەرجەم چەپەکان تابتوانن خزمەتی هەژاران بکەن و لایەنی کەمی عەدالەتێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنیاتنانی ئابووریەکی نیشتمانی دوور لە ڕەهایی کەرتی تایبەت بەتایبەت بواری خزمەتگوزاری تەندرووستی و خوێندن و ئاو وکارەبا کە سەرەتایی ترین مافی مرۆڤە ٫دەبێت شیوعی و چەپ و ئازادیخوازان ڕۆژ بەدوای ڕۆژ وچاوو لێک نەننێن و چاولێکەکانیان هەڵگرن بۆ ڕۆژێکی نوێ لەزەینیکەن تا ژیانێکی ئاسوودە دابین بکەن بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەبێت یاسای وەبەرهێنان و بڕگەکانی دەستوور لە باری ئابووریەو بەڕوونی ئاماژە بدات بە ئاراستەیەک کە وەبەرهێنانی درێژخایەن کەهەلی کاری زۆر بڕەخسێنێت و بازاڕو بازرگانی بۆ بەهێز کردن بەرهەم وکاڵای ناوخۆی بێت و سنوورێک هەبێت بۆ هاوردەی دەرەکی و بەپێی پێوویستی بێت نەک بۆ منافسەی بازاڕی ناوخۆی بێت وقۆرخکاری بەهەموو شێوەیەک قەدەغە بێت ودەبێت پەرەپێدانی ئابووری لەپێاو پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ژیاری مرۆڤدا بێت تاکو مرۆڤ بەهاوبەشی بژیت ئەمە ڕێگەی ڕاستی نووسینەوەی دەستوورە و دەبێت چەپەکان جەخت لە سەر ئاراستە و بنەمای ئابووری هاوبەشی بکەن و سیاسەتی دەوڵەمەند کردنی کۆمپانیاکان ڕیسوا بکەن لەناو کومەڵگەدا .

25/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر