لەڕوانگەی چینایەتیەوە.. نان‌ و سیستەم

عوسمان زیندانی

لەبەرەبەیانی مێژووە خۆراک پێویستیەکی بەردەوامی ژیانی مرۆڤ بووە و بێ دابین کردنی خۆراک ژیانی مرۆڤایەتی ناتوانی بەردەوامی هەبێت و مان ونەمانی دەکەوێتە بەر مەترسیەوە هەربۆیە ئادەمیزاد هەموو هەوڵ وکۆششێکی کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئەم پێداویستیە هەمیشەییە و لەو پێناوەدا سەرجەم ڕێگاکانی کارکردنی تاکە کەسی وبەکۆمەڵ وهەرەوەزی گرتۆتەبەر تاکو مرۆڤایەتی بەسەربەرزی بژین، هاوکات چەندین شەڕو کوشتار وناکۆکی وململانێ پڕ لەتوندووتیژی لەنێوان چین و توێژە جیاوازەکانی گۆمەڵگادا ڕوویداوە لەپێناو (نان وخۆراکدا) کەلەزۆربەی شۆڕشەکاندا (نان )هێمای نەهێشتنی برسێتی و بێ خۆراکی بووە دروشمێکی سەرەکی شۆڕشگێران بووە وەک شۆڕشەکانی (کۆمۆنەی پاریسی فەرەنسا و شۆڕشی ئوکتۆبەری ڕووسی) کەیەکێک لەداخوازی ودروشمە سەرەکیەکانی شۆڕش وڕاپەڕینەکانی گەلان (نان)بووە بەئێستاشەوە لەزۆربەی ووڵاتاندان نان یەکێکە لەداخوازیە سەرەکیەکانی خەڵکی هەژار وبرسی کەبەپێی ئامارەکانی دنیای سەرمایەداری خۆیان بەملیۆنان مرۆڤ بەهۆی هەژاری و برسێتیەوە گیانیان لەدەست داوە و بەملیۆنان مرۆڤی تر لەتاو بێ خۆراکی وبێ نانی لەبرسێتی و لە خوار هێڵی هەژاریوە دەژین .بەپێی ئاماری بەرنامەی خۆراکی جیهانی زیاتر لە (۲۷۰)ملیۆن هاوڵاتی لەژێر مەترسی ئاسایشی نەبوونی خۆراکدان و ( ٤۱ )ملیۆن هاوڵاتی بەهۆی برسێتیەوە دەناڵێنن هاوکات جگە لەحاڵەتەکانی جەنگ وشۆڕش وناکۆکی .

لە هەلومەرج و ژیانێکی ئاساییدا ولەکاتی دانان ونووسینەوەی دەستور ویاساکانی ووڵاتاندا دابین کردنی خۆراک وەک یەکێک لەماف بنەرەتیەکانی ئینسان چەسپێنراوە ولە(جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا )خۆراک وەک پێداوویستیەک و وەک مافێکی سەرەتایی وبنەڕەتی مرۆڤ دیاری کراوەوبەندێکی سەرەکی ئەو جاڕنامە نیودەوڵەتییە ، بەڵام برسێتی و نەبوونی بووەتە سیمای دیاری ئەم سەردەمە بێگومان ئەم برسێتی وهەژاری ونەداریەی خەڵک و بەتایبەت چینی کرێکار و هەژاران بەهۆی نەبوونی خۆراک وبەرووبوومی سروشتی و بەرهەمی دروستکراوی مرۆڤەوە نیە بەپێچەوانەوە سروشت وگەردوون و جیهان وزۆربەی کۆمەڵەگاکان پڕ پڕیەتی.

لە بەرهەمی کشتوکاڵی سروشتی و بەرهەمی وەبەرهێنراوی دەستی مرۆڤ بەڵام بۆچی هەژاری وبرسێتی و بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە ؟
دیارە ئەم ڕەوشەخراپەی ئابووری ونەبوونی نان و خۆراکی پێوویست لەجیهاندا دەرئەنجامی سیستەمی سیاسی و ئابووری جیهانە کە سیاسەت وبڕیاری حکومڕانی و ئیرادەی سیاسی دەسەڵاتداران بەشێوەیەک و لەسەربنەمای چینایەتی و بەرژەوەندی سەرمایەداران وکۆمپانیاکانیان داڕێژراوە و کارو بەرنامەی ئیدارییان بەوئاراستەییە و ئەمەش رەنگدانەوەی هەیە لەدروست کردنی جیاوازیەکی زۆر لە نێوان ژیانی مرۆڤەکان .

لەعێراق وهەرێمی کوردستاندا سەرباری بوونی داهات و سەروەتێکی زۆرو بوونی سروشتێکی دەوڵەمەند لەبەروبوومی کشتوکاڵی و زەوی پاراو بەپیت و بەبەرەکەت و توانای مرۆیی باش حکومەت هیچ بەرپرسیاریەتیەکی ئەوتۆی لەخۆی نەگرتووە و بەپێچەوانەوە بەبەرنامە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیانی بەشێوەیەک لێکردووە کە هیچ خێزانێک ناتوانێت ئیعتیماد تەواوەتی بکاتە سەر ئەو بڕو بەشە خۆراکەی کەمانگانە دەدرێت بە خانەوادەکان وجگە لەدرەنگ کەوتنی بەشە خۆراک و خراپی جۆرەکەی و کەمی بڕەکەی و نەمانی چەند جۆرێک لەبەشەخۆراکی بایعیەکە ،ئەم سیاسەتەی حکومەتی هەرێم هەمان سیاسەتی دڕندانەی سەرمایەداریە و لەمەش خراپترحکومەتی هەرێم دواخستنی مووچە و لێبڕینی مووچە و زیاد کردنی باج و بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بووەتە هۆی کەم بوونەوەو لاوازکردنی توانای کڕینی هاوڵاتیان وبەپێ ئاماری لیژنەی ئابووری پەرەلەمانی عێراق لە( 70%)ی خەڵکی عێراق زەرەرمەند بوون لە نزم بوونەوەی نرخی دراوی عێراقی بەتایبەت مووچە خۆران و چینی کرێکار وخەڵکی زەحمەتکێش و ئەم دۆخە پێوویستی بە نەخشە ڕێگایەکی سیاسی بەبەرنامە هەیە ئەویش پێوویستی بەپاڵپشتی خەباتی جەماوەری شۆڕشگێڕانە هەیە تا دەسەڵات ناچار بکات لەشوێنێکدا ڕابووەستێت و بێتە پای داخوازیەکانی جەماوەر. 

24/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر