لەسەروبەندی دەستبەکاربونی پارێزگارێکی کورد لەکەرکوک دیسانەوە شەقامی کوردی لەم شارە دابەش بوونە بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک، بەرەی یەکەم پێی وایە ئیتر کەرکوک ئەڕواتە قۆناغێکی نوێوەو دۆخی کەرکوک سەد دەر سەد لەبەرژەوەندی کورد ئەبێت و چیتر کورد ئەبێتە خاوەنی ئەم شارە، بەڵام لایەنی دووەم پێی وایە لەم رێکەوتنەی فندق رەشید کورد گۆڵی لێ کراوەو لەبەرامبەر پۆستی پارێزگار زۆربەی هەرە زۆری پۆستەکانی دیکە لەکورد وەرگیراوەتەوە بۆیە پارێزگار بەتەنیا ناتوانێ هیچ بکات .
بەڵام من بەپێچەوانەی ئەو دوو ڕایە بۆچونێکی دیکەم هەیە ، بۆ رونکردنەوەی بۆچونەکانیشم پێویستە هەڵوێستەیەک لەسەر کێشەکانی ئەم شارە بکەین.
سەرەتا من پێم وانیە مادام پارێزگار کوردە ئیتر کێشەکانی کەرکوک لەچاوتروکانێکدا چارەسەر ئەبن و ڕێبوار تەها بەئاسانی تێیان ئەپەڕێنێ، بۆ زیاتر تێگەیشتن لەکێشەکان ئەکرێ پۆلێنیان کەین بەسەر سێ رەهەند کە ئەمانەن:
1 ـ رەهەندی یەکەم کێشەی ڕۆژانەی خەڵکە کەخۆی لە خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان ئەبینێتەوە وەک پاک و خاوێنی ناوشار و کەمکردنەوەی پارەی مولدەو ..... هتد
2 ـ رەهەندی دووەم هەندێ کێشەی مێژوییمان هەیە ئەویش کێشەی یاساییە کە لە رژێمی بەعسەوە بۆمان ماوەتەوە وەک دەستبەسەراگرتنی زەوی کشتوکاڵیەکانی کوردو تورکمان کە بە یاسا خاوەنداریەتی خراوەتە سەر دام و دەزگاکانی حکومەت ، هەر بۆیە ئەم کێشانە لەڕێگای یاساوە لەپەرلەمان ئەتوانرێ چارەسەر بکرێت.
3ـ رەهەندی سێیەم کێشەیەکی دیکەمان هەیە کە ئەوە بەباوکی کێشەکان ئەناسرێ ئەویش کێشەی خاکە کە لەنێوان هەرێم و بەغدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش مادەیەک لەدەستور جێگیرکراوە بەناوی مادەی 140 ، واتا ئەمە کێشەی دوور مەودایە و بەچەند قۆناغێک چارەسەر ئەکرێت.
لێرەوە بۆمان دەرئەکەوێت کە پارێزگارە کوردەکە ئەتوانێ خاڵی یەکەم کە خۆی لەخزمەتگوزاریەکان ئەبینێتەوە لانی کەم لە 80٪ چارەسەر بکات کە راستەوخۆ پەیوەندیدارە بەژیانی تاکی خەڵکەوە.
خاڵی دووەم کە کێشەی یاساییە جەنابی پارێزگا لەدەسەڵاتی نیەو ناتوانێ دەستێوەردان بکات لەکارە یاسایەکان ، بەڵام ئەتوانێ فشارەکانی سەر جوتیاران کەم بکاتەوە کە لەلایەن وەزارەتەکانی دارایی و بەرگری کە خاوەندارێتی ئەو موڵکانە ئەکەن ، هەروەها ئەتوانێ تیمێکی یاسایی پێک بهێنێت بۆ بەدواداچون و دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک کە بتوانێ کێشەکان یەکلایی بکاتەوە لەگەڵ ئەو وەزارەتانەی پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە.
خاڵی سێیەم کە تایبەتە بە دەستورەوە، پارێزگار رەنگە بتوانێ لەڕێی لیژنەی مادەی 140 هەروەها لەڕێگای نوێنەرانی کورد لەبەغدا هەوڵ بدەن جێبەجێ کردنی ئەو مادەیە خێراترکەن ،ئەگەر نا پارێزگار دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نییە.
لێرەوە ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی کەنابێ ئەوەندە خۆشخەیاڵ بین کە پارێزگار لەم ماوە کورتەدا ئەتوانێ تەواوی کێشەکان چارەسەر بکات ، یان ئەوەندە بێ هیوابین کەپێمان وابێ پارێزگار رۆبۆتێکی بێ دەسەڵاتەو هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت، بۆیە جارێ زووەو ناتوانین هیچ بڕیارێکی لەسەر بدەین بەباش یان خراپ، داهاتوو ئەوە ئەسەلمێنێت.