وەڵامی گومانەکانی بەهەرێمکردنی کەرکوک

هیوا حسن

بەشی دووەم:

 

لەبەشی یەکەمی ئەم وتارە وەڵامی گومان و ترسی هەندێ کەس و لایەنمان دایەوە کە گوایە ئەم پرۆژەیە دەستی لایەنێکی سیاسی لەپشتەوەیە، لەم بەشەدا هەوڵ ئەدەم وەڵامی هەندێک پرسیاری گرنگ بدەمەوە کە ئاراستەی پرۆژەکە کراوە.

 

پرسیارێک کەزیاتر کادرانی لایەنە سیاسیەکان ئەیورژێنن کەدیارە مەبەستی سیاسیان لەپشتەوەیە ئەوەیە کە ئایا بەهەرێمکردنی کەرکوک دابڕاندنی ئەو شارە نییە لە هەرێمی کوردستان؟ یان رێگری ناکات لە جێبەجێ کردنی ماددەی 140  کە وەک رێگا چارەیەک بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان لەدەستوردا چەسپاوە؟ .

 

وەک ئاشکرایە لەماوەی 14 ساڵی دەسەڵاتی کوردی لەکەرکوک و تەواوی ناوچە جێناکۆکیەکان و هەروەها ئەو دەسەڵاتانەی لە ناوەندی سیاسی لەبەغدا هەیان بووە نەک هەر نەیانتوانی ئەو ماددەیە جێبەجێ بکەن ، بەڵکو دۆخی ئەو ناوچانەیان بەشێوەیەک ئاڵۆز کردووە کە تەنانەت لانی کەمی گەڕانەوەی بۆ دۆخی سەرەتای پرۆسەی ئازادیش زۆر زەحمەت کردووە، ئەمیش ئەو راستیە ئەسەلمێنێ کە حوکمڕانی کورد لەو ناوچانە شکستێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە بەشێوەیەک کە زەحمەتە بۆ ماوەیەکی دوور خایەن بتوانێت دەسەڵاتی بگەڕێنێتەوە ناوچە جێناکۆکەکان ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک :

 

یەکەمیان :لاوازی پێگەی کورد لە ناوەندەکانی سیاسی لە بەغداو ناوچەکەو جیهان.

 

دووەم: کێشە ناوخۆیەکان و هەموو ئەو قەیرانانەی رووی لەهەرێم کردووە،بەتایبەتی نەبوونی مووچەو ئاستی خراپی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان، وایکردووە کە هیچ ناوچەیەکی دیکە ئاواتەخوازنەبن بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی هەرێم بۆ ناوچەکانیان.

 

سێیەم: بێ متمانەیی هاووڵاتیانی ناوچە جێناکۆکیەکان بە دەسەڵاتی کوردی کە لەماوەی دەسەڵاتیاندا نەیانتوانی روئیایەکی جیاوازو نمونەیەکی جوانی حوکمڕانی پێشکەش بەو ناوچانە بکەن. 

 

جگە لەو هۆیانەی باسمانکرد ئەو دۆخە خراپەیشی کە ئێستا شاری کەرکوکی گرتۆتەوە هەر لەحوکمی سەربازی کە سەپێنراوە بەسەریدا تا ئەگاتە پرۆسەی تەعریب کە پێی ناوەتە قۆناغێکی ئێجگار مەترسیەوە بەجۆرێک رۆژانە بە بەرچاوی هێزە ئەمنیەکانەوە هەڕەشە لە جوتیارانی کورد ئەکرێ بۆ چۆڵکردنیان لەسەر ئەرزی باوباپیریان، هەم لایەنە ئەمنیەکەی کە رۆژانە  باندە  تیرۆریستەکان رۆڵەی بێتاوانی ناوچەکانی خواروی کەرکوک تیرۆرئەکەن و بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە، هەروەها لەروی خزمەتگوزاریشەوە کەرکوک بووەتە شارێکی وێرانە کە بڕوا ناکەم هیچ شارێکی ووڵاتە دواکەوتووەکانی دونیا هەبێت بەو سامانە سروشتیەیەی کە ئەم شارە هەیەتی ئەوەندەی کەرکوک بێ خزمەتگوزاری بێت ، لەکاتێکدا بە بەرچای کەرکوکیەکانەوە نەوت و داهاتی بەپێزی ئەم شارە لەلایەن ووڵاتانی ئەقلیمی و هێزە نێوخۆیەکانەوە  بەتاڵان ئەبرێت.

 

هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەدرێژایی مێژوو دووچاری ئەم شارە بووەتەوە، لەئێستاشدا هیچ هیواو دەرەتانێک بۆ خەڵکەکەی نەماوەتەوە، هەموو ئەمانە بەس  نییە بۆ ئەوەی ئیتر کەرکوکیەکان بەهەموو پێکهاتەکانیەوە بیر لە ئەلتەرناتیفێکی دیکەی حوکمڕانی بکەنەوە ئەگەر بۆ چەند ساڵێکیش بێت وەک ئەزمونێک لەچوارچێوەی هەرێمێکی سەربەخۆدا بۆ یەکەمین جار خۆیان بڕیار لەسەر چارەنوسی شارەکەیان بدەن و کەرکوک بکەوێتەوە ژێر دەستی کەرکوکیەکان.

 

بەهەرێمکردنی کەرکوک مانای دابڕانی ئەم شارە نییە لە هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی هەندێ کەس ئیدیعای بۆ ئەکات ، وەک ئاشکرایە ئەکرێت لەسنورێکی جوگرافیای ووڵاتێکی فیدڕاڵی چەندین هەرێم بوونی هەبێت وەک ئەو ووڵاتانەی کە ئێستا هەیە لەدونیادا بە شێوەی هەرێمەکان لە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی خۆیان ڕێک خستووە ،وەک ئەمریکا و ئەڵمانیاو ئیمارات و ….هتد، هەر لای خۆمانیش باشترین ئەزموون رۆژئاوای کوردستانا کە لەچەندین کانتۆندا خۆیان رێکخستووە، بەڵگەیەکی دیکەش ئەوەتانێ هەوڵێک هەیە بۆ بەهەرێمکردنی سلێمانی لە چوارچێوەی سنووری هەرێمی کوردستان، بێ ئەوەی بستێک لەخاکی کوردستان داببڕێت.

 

دەربارەی ئەوەی ئایا بەهەرێمکردنی کەروک ناکۆک نییە لەگەڵ ماددەی 140 ،هەرچەندە من کەسێکی یاسایی نیم بەڵام بەپێی پسپۆرانی ئەو بوارە هیچ ماددەیەکی دەستور (تعارض) ناکات لەگەڵ ماددەیەکی دیکەی دەستوردا،واتا بەهەرێمکردنی کەرکوک کێشەی یاسایی بۆ ماددەی 140 دروست ناکات،چونکە دەستوری عێڕاق دەستورێکی (جامد)ە واتا رەقە و مادەکانی بەسەرناچێت و هەر بەرکارە، بەپێچەوانەوە ئێمە وای ئەبینین کە کارئاسانی ئەکات بۆ جێبەجێکردنی ،بۆ نمونە لە ماددەی 140 باس لە ئاسایکردنەوەو پاشان ڕاپرسی ئەکات، ئێ لە یاسای بەهەرێمکردنی پارێزگاکانیش بە ڕاپرسی ئەو پرسە یەکلایی ئەکاتەوە، واتا لەهەردوو حاڵەتدا دواجار خەڵکی کەرکوک دەنگ لەسەر یەکلاکردنەوەی چارەنوسی شارەکەیان ئەدەن.

 

دەربارەی گەڕانەوەی قەزاو ناحیە دابڕاوەکانی سەر بەکەرکوک ،پرۆژەکە بە رونی ئەو بابەتەی ورژاندووەو داوای کردووە بەپێی دەستور ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە،ئەمیش ئاماژەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی ئاسایی کردنەوە لە ماددەی 140دا.

 

لەکۆتاییدا ئێمەی کەرکوکی پێمان وایە بۆ ئەم قۆناغە دژوارە و دەرهێنانی لەم دۆخە چەق بەستووەی تێی کەوتووە باشترین بژاردە بۆ خەڵکەکەی بەهەرێمکردنی کەرکوکە.


10/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر