لەکوردستان حزب هەیە؟

هیوا حسن
سادەترین پێناسەی حزبی سیاسی کۆکردنەوەی کۆمەڵێک کەسە کە بەرنامەو فیکرو تێڕوانین و ئایدۆلۆجیایەکی تایبەت کۆیان ئەکاتەوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات تاکو بتوانن لەڕێگای دەسەڵاتەوە بەرنامەو پلانی ستراتیجیان کە خزمەتە بەگەل و نیشتمان جێبەجێ بکەن، کاتێکیش ئەگەنە دەسەڵات هەوڵ ئەدەن زۆرترین خاڵ لەبەرنامەی کاریان پێشکەش بەهاووڵاتیان بکەن ، تاکو لە هەڵبژاردنەکانی دیکەدا دەنگی زۆرینەی خەڵک بەدەست بهێننەوە.

بەڵام لێرە بەپێچەوانەوەیە کاری حزب هەوڵدانە بۆ دەسکەوتی ماددی و مانەوە لەگۆڕەپانی سیاسی جا بەهەر نرخێک بێت، بۆ ئەم مەبەستەش پەنا بۆ دەیان کاری نایاسی و تەزویرو گزی فزی ئەبات بێ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی و کاری راستەقینەی حزبایەتی.
هەروەها لێرە ئەو کەسانەی کە حزب کۆیان ئەکاتەوە ، نە فیکرو ئایدیایە ، نە خزمەتکردنە بەخەڵک ، بەڵکو دەسکەوت و پلەو پایەیە لەدەسەڵات، باشترین نمونەیش ئەمبەرو ئەوبەری ئەو کەسانەیە کەبەناوی کادرەوە هەر ڕۆژەی لەحزبێکدا وەک داڵ ئەنیشنەوە.

حزبی ئاسایی خاوەن پەیڕەو و پڕۆگرامی تایبەت بەخۆی هەیە کە وەک دەستور کاری لەسەر ئەکات و لەژیانی سیاسیدا بە تەواوی پەیڕەوی ئەکات و کەسیش جورئەتی ئەوەی نییە لەو دەستورە لابدات، بەڵام حزب لای ئێمە وەک نەریت هەمووی خاوەن ئەو دەستورەیە، بەڵام لەئەلفەوە تاکو یای ئەو پەیڕەوە جێبەجێ ناکرێ، چونکە لێرە حزب لەسەر بنەمای خێڵ و خێزان و کەسایەتیەکان دامەزراوە نەک لەسەر رێبازو بەرنامەی تایبەت،هەر بۆیە ئەبینین هیچ حزبێکی کوردستان نەک پابەند نین بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکانیانەوە ، بەڵکو بڕیارو قسەی یەکەم و کۆتایی هەر لای کەسی یەکمی حزبە.

لەکۆتاییدا ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەهەر پێودانێک هەڵسەنگاندن بۆ ئەم حزبانەی هەرێمی کوردستان و عێڕاقیش بکەین هیچ سیمایەکی حزبی تێیاندا بەدی ناکرێت ، ئەوەی هەیە خێڵ و عەشیرەت گەراییە کە کۆمەڵێک کەسیان لەدەوری خۆیان کۆکردۆتەوە بەهەندێ دەسکەوتی ماددی لەژێرناوی حزبەوە، کە جگە لە بەهەدەردانی سامان و کاول کردنی نیشتمان هیچ دەسکەوتێکی دیکەیان نابێ.

30/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر