سلێمانی بۆ وا دەکات؟

هیوا حسن


سلێمانی یەکێکە لەشارە زیندووەکانی ناوچەکە،ئەم شارە چەندین خەسڵەتی تێدایە کە لەشارەکانی دیکەی کوردستان و ناوچەکە جیای دەکاتەوە ، هەر لەخۆڕاگری و بەرەنگاری ستەم تا دەگاتە ئەوەی زۆرترین شاعیرو کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیرو کۆمەڵایەتی لەئامێزی خۆیدا پەروەردە بکات و تا دونیا مابێت گەلەکەمان شانازیان پێوە بکات.

لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم ،سلێمانی پێشەنگ بووە لە فەراهەمکردنی ئازادیەکانی تاک و مەڵبەندێک بووە بۆ برەودان بە بوارەکانی زانست و مەعریفە، بەڵام ئەم تەوژمە فکرییە نەیتوانی یان راستر بڵێین نەیانهێشت بەردەوام بێت لە رۆڵی مێژویی خۆی، ئەویش دوای ئەوەوە هات کە ئەم شارە بووە ململانێی توندی نێوان باڵەکانی حزبی دەسەڵات کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، ئەم ململانیە ناوخۆییە بەشێوەیەک پەرەی سەند کە هەموو سێکتەرەکانی حوکمڕانی لەم زۆنە بکەوێتە بەردەم رەحمەتی شەڕی باڵەکان و وەک غەنیمەی شەڕ لەنێوان خۆیاندا دابەشی بکەن.

دوای دروست بوونی ئۆپۆزسیۆن لە چەقی شاری سلێمانی، ململانیەکان بەشێوەیەکی زۆر ئەکتیف ترو بێ شەرمنانەتر کەوتنە دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و مۆنۆپۆل کردنی تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی لەم زۆنەدا، هەروەها دوای مردنی نەوشێروان مستەفاو جەلال تاڵەبانی ئیتر شتێک نەما بەناوی دەسەڵات و دام و دەزگای حکومی هەموو ئەمانە خرانە ژێر رکێفی بنەماڵەو باڵەکانی نێو یەکێتی و بەشێکیشی بەر بزوتنەوەی گۆڕان کەوت.

بڕوا ناکەم لەمێژوی دروست بوونی سلێمانی هێندەی ئەم چوار ساڵەی دوایی دەستدرێژی بەسەر موڵک و داهات و سامانی ئەم شارەدا کرابێ، ئاخر لەچی سەردەمێکدا بەئاشکراو بێ پەردە دەست بگیرێت بەسەر هەزاران دۆنمی زەوی و دارو درەختی ئەم شارە لەلایەن میرنشینەکانی حزبەوە؟ لەکام سەردەمی حوکمڕانی هێندەی ئێستا فەرماندەو میلشیاو هێزی تایبەت بوونی هەبووە لەم شارەدا؟ جگە لەسەردەمی ملازم محسن لەچی سەردەمێکدا بەرۆژی روناک پاسەوانی بەرپرسی حزبی و حکومی هەبووە وەک ئێستا هێرش بکەنە سەر بازگەو مەفرەزەکانی ئاسایش و پاشان هەر بەمامەگوندەیی بەناوی سوڵحی عەشایەرییەوە کۆتایی بەو تاوانانە بهێنن و هیچ حسابێک بۆ یاساو دادگا نەکرێت.

ئەوەی ئێستا لەسلێمانی ئەگوزەرێ خەڵکی ئەم شارە لێی بێ بەرین ، بەڵام نابێ ئەوە بەهانەیەک بێت بۆ بێدەنگی و درێژە پێدانی ئەم دۆخە نالەبارەی کە باڵی بەسەر ئەم شارەدا کێشاوە، پێویستە ئیتر سلێمانی قسەی خۆی هەبێت ، هەروەک و چۆن لەمێژوی دروستبونی ئەم شارەدا لەهەموو رووداو و کارەساتەکاندا قسەو بڕیاری خۆی هەبووە، بەڵام پرسیارە جددیەکە ئەوەیە ئایا خەڵکی سلێمانی بۆ هەتا ئێستا بێدەنگە ؟ ئایا رازیە بەم شێوازە حوکمڕانیە؟ ئایا توانای گۆڕانکاریان نەماوە یان دەستیان گرتووە بە کڵاوەکەیان بۆ ئەوەی با نەیبات؟
ئەوەی خەڵکی ئەم شارە بناسێت زۆر بە ئاسانی ئەتوانی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە ئەویش ئەوەیە کە ئەم شارە هەرگیز هەتا سەر بێدەنگ نابێت و لەکۆتاییدا بڕیاری خۆی ئەدات.

ئەبێ رۆشنبیران و کەسایەتی شار و دڵسۆزانی نێو حزبەکانی دەسەڵات سنوورێک بۆ ئەم فەوزاو بەڕەڵاییانەی هەندێک لە فەرمانڕەوایان دابنێن و بڕیارە قورسەکەی خۆیان بدەن و نەهێڵن ئەم شارە جوانەی کوردستان ناو و ناوبانگە پیرۆزەکەی لەکەدار بکرێت ، هەرچەندە بەشێکی ئەم کێشانە پەیوەستە بە نەبونی سیستەمێکی حوکمڕانی رەشید کە بتوانێت بەشێوەیەکی مەدەنیانەو سەردەمیانە دام و دەزگاکانی ڕێک بخاتەوەو عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەهەموو ناوچەکانی کوردستان وەک یەک بچەسپێنێت، ئەمە جگە لە دەیان هۆکاری تر کە ڕێگرن لەبەردەم ئاسایی بونەوەی دۆخی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بە تایبەتی.


23/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر