کۆرۆنا و ٨ ی تەموز

هیوا حسن

رەنگە خوێنەری بەڕێز بپرسێت کۆرۆناو  رووداوەکەی 8ی تەموز چی پەیوەندیەکیان بەیەکەوە هەیە؟ ئاخر ئەو روداوێکی سروشتیەو ئەمیان حزبی مەگەر هەر خوایان یەک بێت، لەوەڵامدا ئەڵێم با هەندێ شیکردنەوە بۆ هەردوو بابەتەکە بکەین دواتر تێدەگەین لەچی رویەکەوە یەک ئەگرنەوە.

بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی گۆڤید19 هەموو جیهانی بردە قۆناغێکی نوێ وە ، کە گەورەترین مەترسی بوو لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی ، ئەمە وای کرد ووڵاتانی جیهان ڕێگای توند بگرنە بەر بۆ سنوردارکردنی ئەو مەترسیە ،ئەوەبوو هەرچی جموجۆڵە ئاساییەکانی مرۆڤایەتی هەبوو هەمووی وەستان و لەکار کەوتن بەشێوەیەک کە لەمێژوی مرۆڤایەتیدا ژیان وەها وەستانێکی لەخۆ نەبینیبوو، کە هەم ژینگە و هەم مرۆڤایەتی رێستێکی گەورەیان وەرگرت و پشویەکی باشیاندا.

کاتێک رووداوەکانی 8ی تەموز وەک بومەلەرزەیەکی سیاسی لەزۆنی سەوزدا رووئەدات گۆڕانکاریەکی گەورە لەگەڵ خۆیدا ئەهێنێ، من ناچمە ناو وردەکاری و شیکردنەوەی ئەو بابەتەوەو پەیوەندیم بەلایەنە سیاسیەکەیەوە نییە، ئەوە جێدێڵم بۆ ئەندامانی ئەو حزبە، بەڵام ئەوەی مەبەستمە ئەو روداوە لەروی سۆشیال میدیاوە دەسکەوتێکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێنا کە تاکو ئێستا نمونەی کەم نەبووە، چۆن؟ تەماشاکەن پێش 8ی تەموز رۆژانە سەرمان کاس ببوو بەدەست کادری حزبەوە هەریەکەو پۆستێکی ئەکردوو بەشان و باڵی فڵانە حزب و سەرکردە هەڵیان ئەداو سۆشیال میدیایان کردبووە مەزادخانەی حزبەکان و سوکایەتیان بە بەرامبەرەکانیان ئەکردو سەرکردەکانی خۆیانیش بە فریادڕەس و پاڵەوانی ئەم سەدەیە ئەناساند .

بەڵام لەدوای ئەو رووداوەوە ئیتر هەندێک بێدەنگی بە سۆشیال میدیاوە ئەبینرێ ، ئەوەی تا دوێنێ رۆژانە دەیان پۆست و وێنەی سەرکردەکانی بڵاو ئەکردەوە، ئەوەی تا دوێنێ بەشان و باڵی حزب و بنەماڵەکانا هەڵیئەدا، ئەوەی تا دوێنێ بەشانازیەوە خۆی بە باڵی فڵان و فڵان ئەزانی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان بەیەکجاری تەنی بوو کەچی هەر ئەو کەسانە لە رۆژی 8ی تەموزەوە نەک ناوێرن باسی سەرکردەی کاریزماو حزب بکەن، تەنانەت ناوێرن بە تەنها دێرێکیش باس لەسیاسەت بکەن و وەک بڵێی ئەم ووڵاتە شامی شەریفەو هیچ کێشەیەکی نەبێت ، ئەو بەناو کادرانە بەجۆرێک ترساون تەنانەت ناوێرن قسەیەکی خێریش بۆ حزبەکەیان بکەن لەترسی ئەوەی نەکەونەبەر پاکتاوی باڵ باڵێنەوە، خۆش بەختانە هەندێکیشیان بوونەتە موسڵمانی عەیار 24 هەر خەریکی نزاو پاڕانەوەن، بێگومان لەترسی خودا نییە بەڵکو لەترسی لەدەستدانی پلەو پۆستەکانیانە، ئەمیش وایکردووە کە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هەندێ هێوربونەوەی بەخۆوە بینیوەو ئەو چلەحانیەی پێشوو بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

لێرەوە دێمەوە سەر ئەسڵی بابەتەکەم و شیکاری نێوان ئەو دوو رووداوە ئەکەم، رووداوی یەکەم بەبۆنەی ئەو ڤایرۆسەوە ژینگەو مرۆڤایەتی ڕێستێکی باشی وەرگرتوو خەڵک بەگشتی پشویەکی باشیدا، لەڕووداوی دووەمیش بەهەمان شێوە بۆ ئەوانەی پەیوەستن بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە لەدوای 8ی تەموزەوە مێشکیان پشویەکی باشیدا لەپۆستی ماستاوکردن و پیاهەڵدانی بێ بنەمای هەندێک لەو کادرانە.

بەکورتی و بەکوردی خاڵی هاوبەشی هەردوو حاڵەتەکەدا هەم ژینگەو هەم مێشکمان و هەم تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوو کە ڕێستێکی باشیان وەرگرتوو کەمێک پشوومانداو دوور کەوتینەوە لەژاوەژاوو دونیای ستایش و پیاهەڵدان.

22/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر