کورسی پێوەر نییە

هیوا حسن

لەسەروبەندی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی عێڕاقدا هەرچی حزب و کاندیدە سەربەخۆکان هەیە هەریەکەو بەشێوازی خۆی بەڵێن و بەرنامەی خۆیان بۆ دەنگدەران روون ئەکەنەوە، بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکیەکان ،تا ئێرە ئاساییەو مافی خۆیانە ، بەڵام ئەوەی نائاساییە حزبەکانی دەسەڵاتە کە رۆژانە دروشمی زل و قەبە بەگوێی دەنگدەرانی ئەو ناوچانەدا ئەدەن کە گوایە ئەگەر ژمارەی کورسیەکانی کورد زیاتر بێت ئەتوانن کەرکوک و ناوچەکانی دیکە بگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردستان، من پێم وایە ئەمە جگە لەجوڵاندنی هەستی خەڵک بۆ ئەوەی دەنگیان پێ بدەن هیچ لەدۆخی ئەو ناوچانە ناگۆڕێت.

ئەگەر ئاوڕێک لەعێڕاقی دوای دەسەڵاتی بەعس بدەینەوە و تەمەشای قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکەین ، ئەو راستیەمان بۆ ئاشکرا ئەبێت کە هەڵبژاردن و پەرلەمان و ژمارەی کورسی لایەنەکان نەیان توانیوە گۆڕانکاری لەژیانی خەڵک و چۆنیەتی حوکمڕانی لەم ووڵاتە بکەن، یان کاریگەریان نەبووە لەسەر ناوچە دابڕاوەکان، بۆ راستی و دروستی قسەکانمانیش ئەگەڕێینەوە بۆ خولی پێشوتری پەرلەمانی عێڕاق کە لەکەرکوک لەکۆی 12 کورسی کورد 8 کورسی بۆخۆی مسۆگەر کردبوو، لەم خولەی ئێستای پەرلەمانیش کورد لەکەرکوک 6 کورسی بەدەستهێنابوو ، کەچی ئەو پەرلەمانتارانە نەک هەر نەیانتوانی کەمترین داخوازیەکانی کورد لەو شارەدا جێبەجێ بکەن، بەڵکو لەدوای ڕیفڕاندۆم و 16 ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستانمان لەدەستدا بێ ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە بتوانن بەردێک لەسەر بەردێ دابنێن،  چجای ئەوەی بیگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردستان ، واتا ژمارەی کورسی جگە لەوەی کاریگەری هەیە لەدەرچواندنی هەندێ بڕیاری ئاسایی، بەڵام نابێتە مەرجی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە  بۆسەر هەرێمی کوردستان، ئەمیش مانای ئەوە نییە  کە خەڵک نەڕوا بۆ دەنگدان، بەپێچەوانەوە ئەوە مافێکی سەرەتایی خەڵکە کە پێویستە  پیادەی بکات .

کەواتە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەیانەوێ دەسکەوت و داخوازیەکانی کورد لەبەغدا زامن بکەن پێویستە پێش هەوڵدان بۆ زیاترکردنی کورسیەکانیان ئەبێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن ، پاشان هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی ژمارەی زیاترێ کورسیەکان مافێکی ڕەوای حزب و لایەنەکانە، چونکە نابێ هەر کورسی بکەینە پێوەر بۆ گۆڕانکاری بەڵکو گۆڕینی ستراتیژو عەقڵ و بیرکردنەوەی نوێ پێوەری ڕاستەقینەی گۆڕانکاریەکانن.
ـ رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و بەدامەزراوەکردنی دام و دەزگاکانی حکومەت و دوورخستنەوەی دەستی حزب لەناو حکومەت.
ـ گێڕانەوەی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات و باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان.

ـ دانانی لیژنەیەکی دانوستاندن لەکەسانی پسپۆر بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی بەغدا.

ـ ئەولەویەتی کارەکانی حکومەتی هەرێم رێکەوتن بێت لەگەڵ بەغداو نەهێشتنی ئەو بێ متمانەییەی  کە هەیە لەنێوان هەرێم و ناوەندا .
ـ وازهێنان لەدوفاقی سیاسی کە لەبەغدا داوای پارەو پۆست بکەیت و لەهەرێمیش داوای دەوڵەتی کوردی ئەمە زەرەری زۆری بە ئابوری و کیانی سیاسی هەرێمی کوردستانی گەیاندووە، بەشێوەیەکی رونتر ئەبێ هەموو قورسایی هەرێم بگوازرێتەوە بۆ بەغداو لەوێوە ئاراستە سیاسیەکان دەسنیشان بکرێت.

ئەم خاڵانەی سەرەوە تاکە ڕێگا راستەکەیە کە ئەتوانرێت دەسکەوتی گەورە بۆ گەلەکەمان بەدەست بهێنرێت.

لەکۆتایدا ماوەتەوە بڵێم مامەڵەکردن  بەم شێوازەی پێشوو بۆ چوار ساڵی ئایندە ، ژمارەی کورسیەکانی کورد دوو ئەوەندەی ئێستاش بێت نەک ناتوانن داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکەن بەڵکو ناشتوانن بستێک لە خاکی ناوچە دابڕێندراوەکان بگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەوە ئەگەری لەدەستدانی ئەم قەوارە سیاسیەی هەرێمی کوردستانیش بەدوور مەزانن.

03/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر