هەڵبژاردن تەواو بوو، ئەنجامەکان ئاشکراکران ، میللەت سزای زۆربەی حزبەکانیدا ، تای هەڵمەتی هەڵبژاردن هێور بووەتەوە ، براوەو دۆڕاوەکان تاڕادەیەک باری دەرونییان ئاسایی بۆتەوە.
بەڵام ئەوەی دوای هەڵبژاردن دۆخەکەی گەرم و گوڕتر کردووەو فۆکسی روداوەکانی بۆلای خۆی راکێشاوە، ماڵە گەورەو پەناگاکەی عوسمانی حاجی محمودە کە بووەتە تروسکاییەک بۆ ئەو پیاوە سپیانەی نیشتمان کە نەیانویستووە خەباتی پێشویان ناشرین بکەن، یان بووەتە ئەو تولە رێگایەی کە گەنجە خوێنگەرمە تازە پێگەیشتووەکانی نێو کایەی سیاسی کە مەبەستیانە بە عەقڵێکی نوێ و بە گوڕێکی زیاترەوە پرۆسەی سیاسی هەرێم بەرەو کەناری ئارامی و پێشکەوتن بەرن.
ئێستا رۆژانە رێگای ماڵە سپیەکە جمەی دێت لەو کەسانەی هێشتا ئومێدی گۆڕانکاری لە هزریاندا بە زیندوویی ماوەتەوە، ئەوەتانێ هەموو ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە و هەموو ئەوانەیشی وا دەنگیان بەم حزبانەی دەسەڵات نەداوە یان رۆیشتون و خەتێکی چەپ و ڕاستیان بەسەر کارتی دەنگداندا کێشاوە، تەنانەت زۆربەی ئەو کەسانەش کەلەناو حزبەکاندا تروسکەیەک هیوای چاکسازی لە ویژدانیاندا هێشتا زیندووە، هەموو ئەوانە چاوی هیوایان بڕیوەتە ئەو ماڵەو چاوەڕوانی لێدانی یەکەم زەنگی گۆڕانکارین کە بدرێت بەگوێیاندا.
ئێستا ماڵی عوسمانی حاجی محمود هێندەی هەموو گردەکانی نیشتمانم بەرزە ، بەڵام لەهیچ کام لەو گردانەی پێشوو ناچێ ، ئێستا ئەو ماڵە جمەی دێ لە هیواو ئاوات و تروسکایی ، بەڵام جیاواز لەتروسکاییە کوژاوەکانی پێشوو، ئێستا ئەم ماڵە لەهیچ ماڵەکانی پێشوو ناچێ ، چونکە میوانەکانی ئەو ماڵە تەنهاو تەنها خەمی ژیانێکی نوێ و خواستەکانی میللەتەکەیان لەکۆڵ ناوە، تەنانەت ئەوانەیشی تا دوێنێ دژایەتی ئەم مەزنەیان ئەکرد ئەمڕۆ پەیتا پەیتا سەردانی ئەم سەرکردەیە ئەکەن و داوای لێ ئەکەن پێشڕەوایەتیان بکات ، ئاخر هەمووان گەیشتونەتە ئەو راستیەی کە لەم دۆخە ناجێگیریەی هەرێمەکەمان تەنها سەرکردە سپیەکان ئەتوانن تەکانێکی پێ بدەن و نیشتمان بگەڕێننەوە ئەو کاتەی کە هی هەمووان بوو ، ئەو سەرکردەیەیش کە هەموو لایەک پێی رازیەو ئەتوانێت هەموو دەنگ و ڕەنگەکان لەخۆی کۆبکاتەوە لەئێستادا تەنها و تەنها عوسمانی حاجی محمودە.