کوردەبۆرە

ئارام رەفعەت
ئەگەر کوردەبۆرە بییەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی کورددا بکات، دەبێت بزانێت حەوت پشتی دایک و باوکی کچە کێن و بەڕاست و چەپیشدا دەکەوێتە سۆراغی خانمە کورد نەکا رۆژێک لەرۆژان قاچێکی خوار دانابێت. 

هەمان کوردەبۆرە، بێ پرسیار و وەڵام لەگەڵ ژنە عاڕەبدا زەواج دەکات و تەققەی سەریشی نایەت ئەگەر ئەو ژنە پێشتر حەوت دەنکی هەبووبێت یان ئەو مێردی یەکەمی ژنەکەیە بێت یان حەڤدەهەم.

ئەگەر کوردە بۆرە دوو دراوسێی هەبێت کە لەگوندەوە هاتبنە شار و پابەندی داب و نەریتی کوردەواری بن، کێچ دەچێتە کەوڵییەوە  لەملاو لەولا گلەیی و گازندە دەکات و دەڵێت لادێیی شارییان تێکداوە و خەریکە دەچنە چاومانەوە. 

بەڵام هەر ئەو کوردە بۆرەیە بەخەیاڵیشی دانایەت ئەگەر حەوت دراوسێی ئەملا و ئەولای عاڕەبی تەعریب بن تەنانەت ئەگەر ماڵە عاڕەب شەروگی و کاولی و بەدەویش بن و کۆڵانەیان پڕدەکرد لە دەگ و رەقس و نێرگەلە.  کوردەبۆرە هەر زۆريش مەمنوونە ئەگەر، ئەبوو ئوسامە یان ئەبوو سەددام صەباحولخەیر یان مەسائولخەیرێکی لێبکات،
 
ئەگەر کوردە بۆرە بەشێوە زاری هەورامی یان بادینی یان فەیلی پرسیارێکی لێبکرێت، یەکسەر خۆی لێدەبێتە فەڕەنسی و لە بن لیچەوە وای نیشاندەدات کە هیچ لەوشێوەزارە نازانێت و هیچیشی لێتێناگات ودەبێت کابرا ناچار بێت بەزمانی کوردەبۆرە قسەبکات.

هەمان کوردەبۆرە ئەگەر عاڕەبێک پرسیارێکی لێبکات، خۆی ناچار دەکات بە زمانی عاڕەبی قسە بکات و بە عاڕەبییەکی شەق و شڕ خۆی دەکاتە مەزەی کاورای عاڕەب و هەست بەشانازیش دەکات کە دوو نیوە رستەی تێکشکاو لەگەڵ عاڕەبێکدا قسەی کردووە.

ئەگەر کوردە بۆرە باسی دەڵەتی سەربەخۆی کوردستانی بۆ بکرێت، یان لێدەبێتە چەپێکی ئینتەرناسیونال و ترۆتسکی ئاسا باسی کۆتایی دەوڵەت و سڕینەوەی سنوورەکانت بۆ دەکات، یان لێت دەبێتە ئیخوانییەک و سەید قوتب ئاسا دەوڵەتت بۆ دەخاتە خانەی کوفرەوە و باسی گەڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی و یەکخستنەوەی هەموو ئوممەتت بۆ دەکات.

خۆ ئەگەر باسی دەوڵەتی فەلەستینی بۆ هەمان کوردەبۆرە بکەیت، کاورا ئینتەرناسیونالیستەکەت لێ دەبێتە هیتلەر و حەزدەکات ئەوەندە جووەی ماویشن بیانخاتە مەحرەقەوە و موتەدەیینەکەشت لێدەبێتە ئیمامی عەلی و هوتافی  خەیبەر خەیبەر یا یەهودت بۆ دەڵێت.

باسی کوردەبۆرەیە و هی ئەو کوردە شکۆمەندانە نییە کە کەسایەتییان تێکنەشکاوە و ئەقڵییان داگیرنەکراوە.

03/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر