لە کوردستان کلتووری نۆژەنکردنەوە و چاککرنەوە زۆر لاوازە!!

محەمەد خۆشناو
چەند ساڵێک دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ، هەرێمی کوردستان بزاڤێکی نوێگەری و نوێکردنەوەی ژێر خانی بنەڕەتی بەخۆوە بینی و هەموو کەسی بەویژدان و ڕاستگۆ هەست بەوەدەکات کە سەڕەرای کەموکوڕی و کێماسی  ، پازدانێکی جۆرەکی لەهەموو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم دەسیپێکرد و ، کاتێک سەیری تۆنێل و ڕێگاوبانی فراوان و هاوچەرخ و تەلاری جوان و پاڕک و باخچەی ڕازوە دەکەین ، من خۆم لەخۆم دەپرسم : ئایا دوای چەند ساڵێکی تر ئەو ڕێگا و باڵەخانە و تەلارانە بەو ڕەونەقیەی ئێستایان دەمینێتەوە ؟ هیچ گومانی تێدا نیە کە خەڵکی کوردستان لەسەر کەلتووری نۆژەنکردنەوە ڕانەهاتووە و باڵەخانە دروستدەکەین بەجێیدەهێڵین ،  ڕێگاوبان دروستدەکەین  بۆ چەندین ساڵ پینەوپەڕۆی دەکەین و وازی لێدەهێنین بێ ئەوەی دەستی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بگاتێ و ، بڕوام وایە کە کەلتووری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە پەیوەستیەکی ئەوتۆی بە مێشکی ئێمەوە نیە و ڕەگداکوتاویش نیە لەناو دابونەریتمان.

ڕۆژانە بۆ وەرزشکردن دەچمە پاڕکی سامی عەبدورەحمان لە هەولێر ، کاتی خۆی حکومەت بازنەیەکی 1400 مەتری لە تاتان بۆ وەرزشوانان لە پارکەکەدا دروستکرد ، کە ژن و پیاو ، کوڕ و کچ و بیانیەکان وەرزشی لێدەکەن و سیمایەکی جوانی ئەو پاڕکەیە ، کەچی ئەمە دوو ساڵە ئەو شوێنە بێناز ماوەتەوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دادەخورێت و ئەگەر حکومەتی هەرێم دەستی نۆژەنکردنەوە یا نوێکردنەوەی بۆ نەبات پەکی دەکەوێت و کەلکی وەزشکردنی پێوە نامینێت.

پێشووتر لە وتارێکمدا باسی فڕەدانی دەبەی ئاو و زبڵ و خاشاک و قونکە جگەرە لە لایەن خەڵکەوە کرد و ئاماژەم بە پڕبوونی زارکی زێرابەکان لە زبڵ کرد ، هەتا تایە و پێستی ئاژەڵیشم بینیووە ئاخنیتیانە ناوی ، ئەمە لەلایەن خەڵکانی بێویژدان و ناهۆشیارەوە ئەنجامدەدریت ، هەندێکیش بەئەنقەست وادەکەن گوایە لەڕقی حکومەتە و بۆ لێدانی ئەوە  ، بەڵام دەبیت ئەو ڕاستەیەش بخەینەڕوو کە ئەمە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە بەر لەهاتنی بارانبارین مشوری ئەو زارکانە بخۆن و خاوێنیبکەنەوە و ئەگەر پێویستیشی کرد چاکی بکەنەوە.

لەهەندێک وڵاتدا دەبینین کرێکارەکان چۆن ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریکراوە خاوێن دەکەنەوە و بایەخی پێدەدەن و ، هەروەها تێبینی ئەوەش دەکرێت کە بەڕێوەبەرەکانی کارگێڕی و سەرۆکی دەستە و دامەزراوەکان خۆیان هەڵدەستن بەدەسپێکردنی ئەو کارە بۆئەوەی  ببنە پێشەنگ بۆ ئەوانی دیکە و ، بەمەش کلتووری خاوێنکردنەوە و نۆژەنکردنەوە لەقووڵایی نەوەکانی نوێ جێگیر دەکەن وەک بەشێکی نەپچڕاو لەشێوازی بیرکردنەوە و سروشتی کار.

نۆژەنکردنەوە بریتیە لە پڕۆسەیەکی دەستەبەرکردنی ڕاستەقینە…ئەو باڵەخانەیە یا تەلارە یا ڕێگاوبان ، کە نۆژەندەکرێتەوە توانا و ڕەونەقی بۆ ساڵانێکی درێژ دەمێنیتەوە بەراورد بەو باڵەخانە و تەلارانەی کە دروستدەکرێن و بەو ڕووتیە بێ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە بەجێدەهێڵدرێن ، من لەهەولێر دەیان خانوو و باڵەخانەو تەلارم بینیووە ئەوە دەیان ساڵە دەستی لێنەدراوە و ڕوخسارێکی ناشیرینی داوەتە پایەتەخت ، یان کە نۆژەنیشی دەکاتەوە بەهەوەست و زەوقی خۆی دەیکات ، نۆژەنکردنەوە پێویستی بە خەیاڵە ، خەیاڵ بۆ پاراستنی جوانی شارەکەت ، نەک کەسێکی بێخەیاڵ کە ببێتە مایەی ناشیرنکردن و شێواندن ، ئێمە دەبێت باش لەوە تێبگەین کە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانی نوێ یان هەر شتێکی تر ، دەبێتە مایەی دەستەبەرکردنی پارەیەکی زۆر بۆ ئێمە و خەزینەی حکومەت ، ئەگەر نا ناچاردەبین لە پێناو بەدیلێکی نوێدا خەرجی بکەین ، چونکە کۆنەکە دوای چەند ساڵێکی کەم پەکی دەکەوێت و  ئەوسا هیچ نۆژەنکردنەوەیەک و چاککردنەوەیەک سوودی نابێت.

نۆژەنکردنەوە بریتیە لە ژیانی هەموو دەزگا و دامەزراوەکان ، بریتیشە لە تەمەنێکی نوێ بۆی و پارێزگاریکردنە لە دامودەزگا و باڵەخانە و تەلار وڕێگاوبان.. هتد ، هەروەها بریتیشە لە مەشقپێکردنێکی گرنگی مێشک لەسەر نوێکردنەوە و رێکخستن و مەشقپێکردن.

15/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر