ئەگەر ئنسکلۆپیدیایەکی نوێ هەبێت بەناوی«چۆن بێ
مامۆستا دۆستەکان دەکەینە دوژمن» ئەوە هەرێمی کوردستان جێیەکی باشی لەو ئینسکۆپیدیایە
تۆمار دەکات.
ئێمە لەئاستی ناوخۆدا ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر
خەریکی دروستکردنی دوژمنین ، گوشاری ژیان لە بێزاری و ناڕەزایی خەڵک و کێشەوململانێی
ناشەریفی حزبەکان و بەرپرسەکان کە هەر خەریکی بەرژەوەندی خۆیانن و لەبیربردنی خەون
و ئاواتەکانی گەلەکەمان کە وایکردووە رقوکینە و لێکترازان و تووڕەیی و بێمتمانەیی
فراوانتر بێت کە ئەمە دروستکردنی دوژمنە لەناوخۆدا ، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە
لە دروستکردنی دۆست لاوازین.
دەرگای کەناری ئارامی کۆمەڵگە و وڵاتان بەدروستکردنی
دۆست و هاوڕێ لەناوەخۆ و دەرەوەدا دەکرێتەوە ، دۆست پەیداکردن ئاسان نیە و قورسە
چونکە دروستدەکرێت واتە«صناعەیە» ، بۆئەوەی دڵنیابیت لەو دۆستایەتیە کە دروستی دەکەیت
، دەبێت کەسەکە یا حزبەکە یا بەرپرسە باڵایەکە لەخۆشی و ناخۆشی و تەنگانە و ئەو
شتانەی کەبەسەری دێت بەسەرکەیتەوە.
نیکۆلۆ مکیاڤیلی لە کتێبی « الامير»دا ئامۆژگاری
دەسەڵاتدار دەکات و دەڵێت : دۆستەکانت بپارێزە و ، هەمیشە هەوڵبدە دوژمنەکانت بۆخۆت
ڕابکێشیت.
دروستکردنی دوژمن ئاسانە دەتوانیت بەچاوتروکانێک
دوژمن دروستبکەیت…ئێمەی کورد زیاتر دوژمنمان دروستکردووە لەوەی دۆست دروستبکەین لەهەردوو
ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا….ئاسانی دوژمن دروستکردن وەک ئەو نموونەیە : جاری واهەیە بێ
مەبەست و نیەت دوژمن دروست دەکەیت ، کە دەچیتە شوێنێک سڵاو لەهەموویان دەکەیت بەڵام
بێ ئەوەی ئاگات لەخۆت بێت بەسەر یەکیان تێپەڕ دەبیت و سڵاوی لێناکەیت ، کەسەکە یەکسەر
بارگەیەکی سلبی بەرانبەرت لەکنەخۆی جێدێلێت ، لەسەر ئاستی حزبەکانیش کاتێک بەربەرەکانی
حزبێک دەکەیت و فرامۆشی دەکەیت و بچووکی دەکەیتەوە و یا کە دووچاری ناخۆشی هات ڕوویلێوەردەگێڕێت
ئەمە خۆی لەخۆیدا دروستکردنی دوژمنە.
دروستکردنی دۆست و دوژمن وەکو دروستکردنی بونیاتنان
و تێکدانە ، بیناکردن پێویستی بە نەخشە و پلان و دیدگا و کات و خۆماندووکردن هەیە
، بەڵام تێکدان ئاسانە پێویستی بەوانە نیە کە باسمانکرد ، هێنانەدی دۆست پەیداکردن
قورس و زەحمەتە بەڵام دەبێتە مایەی هێز و ئەمانەتی زیاتر…کەیەکێک رەخنە لەحزب یا دەسەڵات
دەگرێت یا ئۆپۆزۆسیۆنێکی ڕاستەقینەیە بەرانبەر دەسەڵات ، نابێت تەخوین بکرێت یا بەخراپترین
تۆمەت تاوانبار بکرێت ، بەمە تۆ دوژمن بەدەستی خۆت بۆخۆت دروستدەکەیت.
ئێستا ئێمە لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە
دروستکردنەوەی دۆستایەتی و دەستلەملانێی گەلەکەمان هەیە و ، پێویستیمان بە ئاشتەوایی
حزبەکان و دۆستایەتی دەرودراوسێ و وڵاتان هەیە.
تێکەڵکردنی دۆست و دوژمن زەرەری گەورەی بەدوادادێت
، تۆ ناتوانیت دیندارێک و تووندڕەوێک تێکەڵی یەکتری بکەیت ئەمە دوژمن بۆ ئیسلام زیاتر
دەکات ، ترساندنی تاک یا کۆمەڵەگا یا برسیکردن و ڕق ئەستووری بەرانبەری دروستکردنی دوژمنە کە ئاکامی ماڵوێرانی دەبێت و
ئەوکاتە هەموو دۆستەکانی جیهان دادت نادات و بەهانەتەوە نایەن پشتت تێدەکەن وەک ئەو پشتێکردنەی ئەمەریکا لە شای ئێران-ی
کردوو و دەیان نموونەی تر.
ڕاگەیاندن لەهەموو وڵاتانی جیهاندا گەلان کۆدەکەنەوە
و لەنێوخۆیاندا یەکیان دەخەن لەبەردەمایاندا و ، هۆشاری و بیر و ڕاستی بڵاودەکەنەوە
، بەڵام ئێمە دەبێت دان بەوە بنێین کە ڕاگەیاندنی ئێمە بەهەموو ئامرازەکانیەوە بە دەستلەپشدانی حزب هانی دروستکردنی دوژمن دەدات
، ڕاگەیاندن دەتوانێت بە ڕۆلی ڕاستەقینەی خۆی هەڵسێت لە ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکان و
خستنەڕووی بۆ گفتووگۆکردن و بڕواپێهێنان لەهەر کارێکی نەخوازراودا بۆ ڕێگەگرتن لە
دروستکردنی دوژمن.