گفتوگۆ و دایەلۆگی نیشتیمانی!

محەمەد خۆشناو

دەستپێشخەریەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دەستپێکردنی دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تر بۆ دەسپێکی کاری پێکەویی و چارەسەرکردنی  کێشەکان ، شلەقانی ئاوی مەنگی گۆمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێمی کوردستان بوو ،  کە ماوەیەکە جۆرە دابڕان و گرژی و تووڕەیی و بێئومێدی و بێمتمانەیی بەخۆیەوە دەبینێت ، ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ئێمە لەو قۆناغەی ئیستاماندا زۆر و زیاتر پێویستیمان بە خۆخاوێنکردنەوەیە لە خڵتە گەمار و پیسەکان و لەگەڵ بەخۆداچوونەوەی ئەو هەموو هەڵە و کەموکوڕیانەی کە هەیە و لە ئێستا و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئەنجاممان داوە کە بۆتە مایەی دروستبوونی دەیان کۆسپ و تەنگەژە و گیروگرفت بۆمان. دیدار لەگەڵ دیدگا و دەنگە جیاوازەکان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتە سەرپێیەکان و درێژەدان بە گفتوگۆ لەسەر تەنگوچەڵەمە ڕەگداکوتاوەکان کە چارەسەرکردنیان ماوەی دەوێت و پێویستە هەوڵی کۆنتڕۆلکردنی بدرێت و کاریگەری بخرێتە سەر ڕێڕەوەکانی ، ئەوە دەردەخات کە ئێمە پێویستیمان  بە فەرەیی دیدوبۆچوون هەیە نەک موزایەدات و ناکۆکی و تەشەنوج ، ئەم گفتوگۆیە ڕێگە خۆشکەری دایەلۆگی نیشتیمانیە کە دەتوانێت چارەسەری زۆبەی قەیران و تەحەدی و تەنگژەکان بکات و ڕیشەکێشیان بکات.

لەدایەلۆگدا ، حزب و لایەنە سیاسیەکان ، پسپۆر و شارەزایان ، کۆمەلگەی مەدەنی ، نوسەروڕۆشنبیران ، گەنجان ، ژنان ، خاوەن پێداویستی تایبەت ، نوێنەری پێکهاتەکان و سەندیکاکان بەشدارن ، بە مانایەکی دیکە دەبێت دایەلۆگ نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکانی کۆمەلگا و شەبەنگە جیاوازەکانی سیاسی بکات.

مەبەست لە دایەلۆگ بیروڕا گۆڕینەوەیە لەنێوان لایەنە جیاوازەکان بەئامانجی نزیکردنەوەی بیروبۆچوونەکان و گەیشتن بە قۆناغێکی باشتر ، بیرۆکەی دایەلۆگ پەیوەستە بە پێویستی بوونی فرەیی واتە فرەیی بیروبۆچوون و ، پێویستی بوونی متمانە لە نێوان لایەنەکانی بەشداربووی دایەلۆگ چونکە ئامانجی هەر دایەلۆگێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بریتیە لە گەیشتن بە سازان لەنێوان هەڵوێست و دیدوبۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت کێشە و گیروگرفتەکان ، دایەلۆگ مۆرکێکی هەرەوەزی هەیە کە ڕاوەستاوە لەسەر گوێگرتن لە هەموو لایەک لە لایەنەکەی دیکە و تێگەیشتن لە پاساوەکانی و ، پێویستە بەشدابووانی دایەلۆگ قبولی کلتووری جیاواز بکەن و هەر لەسەرەتاوە مومارەسەی سانسۆر نەکەن و ڕێگە بدرێت بە ئازادانە گوزارشت لە خۆیان بکەن و ، ڕیگە بە گوڵەکان بدرێت بکرێنەوە و هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان بە گچکە و گەورە و بۆنی تووند و خۆشی لێدەرچێت ، پەنجەرەکان بۆ ڕا جیاوازەکان بە ڕاشکاو هاوڕا و دژە  دەسەڵات و حزبەکان بکرێنەوە ، چونکە دەبێت وایدابنێین کە ئەمانە بیروبۆچوونی نیشتیمانیە لە یەک زارک و لەسەرزەمینی نیشتیمانەوە دەردەچن و چەکی بەروەڕووی نیشتیمان هەڵنەگرتووە بەڵکو بۆ بەرگری لە نیشتیمان هەڵگرتووە . گفتوگۆ و دایەلۆگ باشرین چارەسەرن بۆ ئەو قەیران و تەحەدیانەی بەروەڕووی هەرێمی کوردستان بۆتەوە و هەلێکی زێڕینە بۆ هەموو هێزی کاری سیاسی و حزبی و نوخبەی ڕۆشنبیر وەک رەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەنجامدانی دایەلۆگی نیشتیمانی کە دەبێتە نەخشەڕێگەی پێکهێنانی بنچینە و روخساری کوردستانێکی بەهێز کە بانگەشەی بۆ دەکرێت و ، هەروەها دەبێتە مایەی گۆڕانێکی جۆریی بەسەر بیروبۆچوونەکان و فەلسەفەی ژیان ، ئێمە ناتوانین بەسەر سێبەری خۆمان پاز بدەین بەڵام دەتوانین گۆڕان بەسەر بیروبۆچوونەکانماندا بێنین.

بەدایەلۆگ کاریگەری زۆر ئیجابی بەسەر کوردستان و گەلەکەی لەڕووی سیاسی ، ئابووری ، کۆمەڵایەتی ، کلتووری ، دەروونی دێت بەتایبەتی ئەگەر ستراتیژیەتێک دابنرێت کە هەموو لایەنەکان لەسەر جێبەجێکردنی رێکبکەون نەک هەر تەنها قسە و گفتوگۆی لەپێناوی گفتوگۆ بێت و ، یان بەهەمان دید و شیوازی چەند بارەی جاران بێت کە پێشتر ئەنجاممان داوە بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێک یا  پێشکەوتنێک  بەرەو پێشەوە بەدی بهێنین بەتایبەتی ئێستا جیهان گۆڕانی جۆریی بەخۆوە بینیووە هیچ شتێک لەگەڵیدا ناگونجێت تەنها گۆڕانە جۆریەکان نەبێت.

28/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر