چۆن خۆمان لە کارەساتی کەمئاوی ڕزگارکەین ؟

محەمەد خۆشناو

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ، کارەساتی کەمئاوی هەڕەشە لە وڵاتانی هەموو جیهان دەکات ، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی کە بە بوونی ئاوی زۆر و دارستانی چڕ ناسراون کەمئاوی-یان لە وڵاتەکانیاندا ڕاگەیاند و بەریتانیا ئیعلانی ووشکەساڵی کرد و ، پسپۆر و شارەزایانی بواری ئاو زەنگی ترسناکیان لێدا و ، ئەگەر چارەسەرێک نەکرێت دارستانەکان گڕدەگرن و لافاو زۆبەی وڵاتان دەگریتەوە.

کوردستان-یش وەک بەشێک لە جیهان پشکێکی زۆری ئەو کارەساتەی کە ئەگەر بەپەلە چارەسەری نەکەن بەردەکەوێت.

هەرێمی کوردستان نەقسێکی تووندی ئاوی هەیە و ، باران سەرچاوەی سەرەکی ئاوەکەیەتی و ئاوی ژێر زەوی تاکە ئەمباری ستراتیژی ئایندەیە بۆ کوردستان، تائێستا هەر بە عەقلیەتی پەنجا ساڵ لەمەوبەر مامڵە لەگەڵ ئاودا دەکەین و ، ئاو بەفیڕۆ دەدەین ،ئەدی ئەگەر باران کەم بوو چی بکەین ؟!  ئەگەر وابڕوات ئەستەمە بتوانین ئەو ئاوە بەبەردەوامی بەکاربهێنین و دووچاری کارەساتێکی واماندەکات کە کەمتر نەبێت لە ئەنفال و کیمیاباران و کوشتنی بەکۆمەڵ ، ئێمە تەنگوچەلەمەی خاک-مان نیە ، ئەوەی هەیە چۆن  بتوانین ئاوی پێویست دابین بکەین ، دەبێت تەواوی ئاو رێکبخرێتەوە تا خاک و مرۆڤ تێنو نەبن ، ئاو وایلێدیت لە ووزە بەنرختر و گرانتر دەبێت و ،  هەرێمی کوردستان پێویستی بە پلانێکی سەرتاپاگیری وەرزیی و ساڵانە هەیە کە پسپۆر و شارەزایان دایبنێن بۆ گلدانەوەی ئاو….«د. عیسام حجی» لێکۆلەری ئاو لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی وڵاتەیەکگرتووەکان«ناسا» دەڵێت : کەمی ئاو لەناکاو دروست نابێت ، بەڵکو بەهۆکاری گۆڕانی هەنگاو بەهەنگاوی کەشوهەوا و لەگەڵ گۆڕانی دیموگرافی لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان دروستدەبێت و ، ئەم تەنگوچەلومەیە بەرۆکی زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووە هۆکارەکەشی غیابی پلانی درێژخایەن و ، هەروەها غیابی بەرنامەیەکی نەتەوەییە بۆ مامڵەکردنێکی چاڵاکانە لەگەڵ تەنگوچەلەمەکەدا و ، پێویستە هۆشیاریەکی کلتووری و کۆمەڵگەیی بۆ ڕیزگرتن لە ئاو دروستبکرێت ،  کە بەداخەوە بێنرخترین شت لەکن ئێمە ئاوە  ، بۆ سەلماندنی قسەی ئەو زانا گەورەیەی ئاو ، شاری هەولێر بە نموونە دێنینەوە:

لەماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو شاری هەولێر سێ بەرابەر گەورە بووە ، لە گەڕەک و پاڕک و باخچە و باڵەخانە و شوقەی نیشتەجێبوونی نوێ لەناو شار ، تا دەگاتە گوندی نوێ و مەزرەعە و ڤيلا لەدەرەوی شار ، بزانە چ بڕە ئاوێکی گەورە لەو شارەدا سەرفکراوە و ، چۆن دەتوانیت قرەبووی بکەیتەوە !!، بۆ شارەکانی دیکەش بەهەمان شێوە… کوردستان  پێویستی بە بەنداوی زیاتر و دروستکردنی کۆگای گەورەی ئەمبارکردنی ئاو لەژێر زەوی و دامەزراندنی قەنتەرە و قەناتی نوێی ئاو و ، گەر بکرێت بەربەستدانان لەبەردەم دۆڵەکان بۆ گلدانەوەی ئاو و ، کاتی خۆی لە دەشتی هەولێر هەر گووندەو گۆمێکی هەبوو بۆ ئاوخواردنی ئاژەڵ و خشتبڕین ، هەق وایە لە گووندەکان هەمان بیرۆکە جێبەجێبکرێتەوە ، هەروەها پێویستە  تەکنیک و نیزامی ئاودێری نوێ  هاوردە بکرێت بۆ بەفیڕۆنەدانی ئاو ، گەر سەیری وڵاتێکی وەکو ئیسرائیل بکەین ئاو و زەویەکەی سنووردارە و کێشەی هەبوو ، بەڵام مێشکێکی دەگمەنیان هەیە توانیان بەداهێنانی تەکنیکی نوێ چارەسەری بکەن و ببێتە یەکێک لە گەورەترین وڵاتی کشتوکاڵی، ئەمانەی باسمانکرد دەبنە مایەی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ناو پشتێنەی تێنوێتی ئاوەوە .

تەنگەچەلەمەی ئاو نە بە سەرۆکی هەرێم یا سەرۆکی حکومەت یا سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حزبەکان چارەسەر ناکرێت ، پێویستە هەموو گەلەکەمان هاوکار بن ، هاوکاری نەک بە قانون ، بەڵکو پیویستە هانیان بدەین و قایلیان بکەین بە دەستپێوەگرتنی ئاوی ئاودێری و بەکارهێنانی لە ماڵاندا و ، پێویستە مامۆستایانی ئایینی لە مزگەفت و کڵێساکان و مامۆستای خوێندنگاکان و خێزان و ڕاگەیاند بە هەموو ئامرازەکانی خەڵک هۆشیار بکەنەوە لە گوناهی و کارەساتی ترسناکی بەفیڕۆدانی ئاو و پاراستنی وەک سامانێکی گرانبەهای نەتەوەیی ، هەموو ئەمانە گەر جێبەجێبکرێن کاریگەری باشی بەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت و ، دەبێتە مایەی گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەر شێوەی کەسایەتی کوردستانی و بەکردەییش دەچینە ناو سەردەمێکی تر .


20/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر