لەوەتەی عێراق دروستکراوە وێڕای زۆری سەرچاوە و
سامانی سروشتی بۆتە ماڵوێرانی بۆ خەلکەکەی ، ئەم وڵاتە سیستەمە سیاسی و حوکمڕانیەکەی تووشی ئایدز بووە
و مەناعەی لەدەستداوە ، هۆکارە سەرەکیەکەی بریتیە لە نەبوونی شوناسی نیشتیمانیی ،
لە عێراق شیعە و سونە و کورد و پێکهاتەکانی دیکە هیچ شوناسێکی نیشتیمانیی کۆیاناکاتەوە
و هەست بە هاڕمۆنیەت و گونجاوی نیشتیمانیی و متمانە لەنێوان پێکهاتەکان ناکەی و ،
هەر وڵاتێکیش شوناسی نیشتیمانی کزر بوو بەرگری دەوڵەتەکە لەرزۆک دەبێت و ناتوانێت
لە نێوەندی گۆڕانکاریەکاندا بوەستێت و دەکەوێتە بەردەم« با» ، لەو وڵاتەدا لایەنەکانی
دەسەڵات مامڵەی ئەو سەردەمە هەر بە هزری سەردەمانی پێشوو دەکەن و ، بڕوایان بە دیموکراسیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ و حیوار
و لێکتێگەیشتن و ڕای جیاواز و ماف و
داخوازی و ئەم و ئەو نیە ، هەر بۆیەش لەوەتەی بەریتانیا ئەم وڵاتە پێکەوەناوە شەڕ
و کوشتار و خوێنڕشتن بەردەوامی هەیە ، کە جگە لەدابەشکردنی هیچ چارەسەرێکی دیکەی نیە ، با دوو مەنزومەی دەسەڵاتی
پڕ لە کارەسات و قەیراناوی بە نموونە بهێنینەوە:
سیستەمێکی دیکتاتۆری بە سەرۆکایەتی سەدام حسین-مان
بینی کە بەئاگر و ئاسن وڵاتەکەی بەڕیوە دەبرد چی نەما نەکات و ، خەلک و وڵاتەکەی بەرەو
ماڵویرانی برد کە کەم وڵات هەیە ئەوهای بەسەردا هاتبێت ، ئەو سیستەمی ئێستاش کە
دوای 2003 هات کە وڵاتەیەکگرتووەکان بە خەیاڵی
خۆی عێراقێکی یەکگرتووی دیموکراسی گەشەسەندوو دادەمەزرێنێت ، کەچی چارەنووسی ئەو وڵاتەی
ڕادەستی کۆمەڵێک لە حزب و لایەنی شیعیە کرد کە زۆربەیان پاشخانی ئایینیان هەیە و وەلائییان
بۆ ئێرانە و ، سیستەمێکی ئیفلیجی سیاسی و حوکمڕانیان وایان هێنا ئاراوە کە هەندێک
کەس سەد خۆزگە بخوازن بە سیستەمەکانی تر وەک
ئەوەی ئێستا دەیبینین ، ڕۆژ دوای ڕۆژ وڵاتەکە نزیک دەکەنەوە لە لێواری
هەڵدێر ، ورە سەیری ئەو وڵاتە بکە بزانە چۆن کراوە بە کاولگە و ج دۆزەخێکە !! من باسی ناسەربەخۆبوونی دادوەری و دادگا و سوپا و پۆلیس و ئەمنیەت و
کێلگەکانی نەفت ناکەم ، باسی ئەوە دەکەم کە
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق یەکەمین وڵاتە لە جیهان لە ژمارەی خاوەن
پێداویسی تایبەت و هەروەها لە بێوەژن و منداڵی بێدایک و باوک ، ئەوە جگە لە بێکاریەکی
زۆر و خەراپی خزمەتگوزاری تەندروستی
و فێرکردن و پەروەردە و ئاو و کارەبا و
ترس و نیگەرانی …هتد کە وایلێهاتووە ئەوەی
کەمێک دۆخی باشبێت ڕوو بکاتە هەرێمی کوردستان لێرە کاروکاسبی بکەن و ماڵ و حاڵ پێکەوە
بنێن « بەخوا لە ئایندە ئەمە دەبێتە بەڵایەک بۆمان نازانین چۆن چارەسەری بکەین ؟!» قەیران لەسەر قەیران….
ئەوەی ئێستاش کە لە بەغدا ڕوودەدات دەچێتە سەر
قەیرانە کەڵاکەبووەکانی تر ، بەڵام ئەم قەیرانی ئێستا بەوە جیادەکرێتەوە کە تێکەڵاوێکە
لە ئاڵۆزیەکی دەستووری و قانونی و کێشە و ململانێی گەوەرە لە ماڵی گەورەی شیعەکاندا لەسەر دەسەڵات و پارە و ، هەموو لایەنەکانی دیکەش
بێجوولە لە هەڵویستی چاوەڕوانکراودا وەستاون و لە چاوەڕوانی«گۆدۆ»دان ، ئەمە جگە لە
تەدەخولاتی ئاشکرا و نائاشکرای هەندێک وڵات ، ئەمە وایکردووە بنبەستی سیاسی ببێتە
هەڵبژاردەیەکی حەتمی و ، ئەگەریش هەموو لایەنە پێکناکۆکەکان بەهەوڵی نەتەوەیەکگرتووەکان
و وڵاتان ڕێکەوتن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ، بەڵام زەمانەتی ئەوە نابێت کە لایەنەکان
ڕیز لە هەڵبژاردن بگرن و دیسان گرژی ئاڵوزی سەرهەڵدەداتەوە!.
هەرگیز عێراق لەو مەنزومەی دەسەڵاتی ئێستایدا دۆخێکی
ترسناکی وەکو ئەوەی ئێستا بەخۆوە نەدیووە ، ئاسۆ داخراوە و گۆڕانکاریش موستەحیلە و ، چەک ڕۆلێکی بنچینەیی لە پڕۆسەی سیاسی دەگێڕێت و ، قۆناغێکی دیکەی گرژی بەڕێوەیە و ئەگەر دۆخەکە
بتەقیتەوە بەکەس کۆنتڕۆل ناکرێت و هەموو لایەک تییدا زەرەرمەند دەبن ، هەروەک چەند
ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا هۆشداریدا لە هاتنی قۆناغێکی
پڕ مەترسی و ترس و نیگەرانی خۆی لەسەر ئەو
دۆخە خەراپەی ئێستای عێراق نیشاندا کە هەڕەشەیە بۆ داهاتووی وڵاتەکە.