لەعنەتی شەهوەی پارە و سێکس و دەسەڵات !

محەمەد خۆشناو
لەدوای ڕاپەڕینەوە خەڵکانێکی بەرچاو لە کوردستان دەوڵەمەند بوون و بوونە خاوەن دەسەڵات کە پێیان دەوترێت پارەدار و دەسەڵاتدار ، لەکن ئێمە «بزنسمان » لەگەڵ «سەرمایەدار » لەگەڵ «ملیاردێر » لەگەڵ «دەوڵەمەند »تێکەڵکراون ،  دەشێت  پارە و دەسەڵات لە یەک کەسدا کۆبکرێنەوە ،  ئەمە بۆتە مایەی ئەوەی کە لە خەڵک دوور بکەوێتەوە ، یان کەسانێک هەبن لەبەر پارە و دەسەڵات لێی نزیک ببنەوە بەڵام کە مایەپووچ بوو باقوبریقی جارانی نامینیت و بەتەنیا دەمینێیتەوە ، ئەو دووانە زۆر جار بۆتە سەرئێشەیەکی زۆر ناخۆش بۆ کەسەکە ، هەمیشە پارە نەبۆتە ڕزگارکەر بۆ پارەدار و منداڵەکانی ، بەڵکو بە پێچەوانە لەوانەیە وا لە مرۆڤ بکات بەرەو هیلاکەتی ببات ، چەندان دەوڵەمەند هەبووە کوڕەکەی خۆیکوشتووە  یا کچی کوڕی بۆتە بەڵا بۆی یا دەربەدەر بووە بۆتە لەعنەت بۆی  ، مرۆڤ کۆیلەی پارە و دەسەڵاتە .
پارە خۆشیەکی کاتیە ، خەڵک هەمیشە خۆشی و بەختەوەری لێکجودا ناکاتەوە ، «بەختەوەری» چێژوەرگرتن و خۆشی نیە ، بەختەوەری پارە و سێکس و کەلوپەلی گرانبەها نیە ئەمانە خۆشین ، خۆشی چرکەساتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی کردارەکە کۆتایی دێت ، دونیا هەڵسێت خۆشی لە «40» خوولەک زیاتر تێناپەڕێت ، بەڵام بەختەوەری دەمێنێت ، دەتوانی خۆشی بکڕیت بەڵام ناتوانیت بەختەوری بە پارە بکڕی ، خۆشی تەنها وەرگرتنە ، بەڵام بەختەوەری وەرگرتن و پێدانە ، ئەوەی بۆ ئەوانی دیکە دەیکەیت و دەیبەخشی سەرچاوەی بەختەوەری و ئاسوودەییە ، بەخشش گەورەترین نیعمەتی ژیانە ، کۆکردنەوە و لەسەریەکدانانی پارە وەهمێکی گەورەیە ، سەیری هەموو دەوڵەمەندەکانی جیهان بکە ، هیچ کامیان ناتوانن لە تۆ زیاتر بڕی ئۆکسجین بەکاربهێنن ، ناتوانن زۆرتر بەختەوەری بۆ خێزانەکەی بهێنێتەدی وەک ئەوەی کەسێکی ساکار دەیهێنیتەدی ، «پارە و دوڵەمەندی » تەندروستی و بەختەوەری پێناکڕدرێت ، بینیمان کۆڕۆنا چووە ماڵی دەیان ملیاردێر لە جیهاندا ، نەیاتوانی ئەو ئۆکسجینە بکڕن کە خودا بەخۆڕایی و بێحساب داویەتیە ئێمە .
پارە وەهمە بەڵام زەڕووریە بۆ پێشکەوتن و پەرەپێدان ، بەداخەوە زۆربەی پارەدارانی کورد ئەو ڕاستیە ڕەتدەکەنەوە ، پارە بۆ فێرکردن و خوێندن و پەرەپێدانی تەندروستی و بووژانەوە دانانێن ، دەچن بۆ ناو و خۆدەرخستن مزگەفت دروستدەکەن ، کەس پارەی لەگەڵ خۆی نەبردۆتە ناو گۆڕ .
خوایە وا لە پارەدارانی کوردستان بکە بەزەییان بە خەڵکی هەژار و کەمدەرات بێتەوە لەجیاتی ئەو هەموو عەمڕەیە دەکەن با بچن نەخۆشێک یا ماڵە هەژارێک ئاوەدان بکەنەوە ، وایانلێبکەی کارەکانیان بۆ پەرەپیدانی خۆیان و خزمەتکردنی ئەو کوردستانە پێشبخەن نەک هەر خەریکی شوقەدروستکردن و کەڵەکەکردنی پارە بن ، پارە ئەو وەهمەیە کە هەموو شتێک دەجولێنێت .
شەهوەی دەسەڵات دەیان ئیمپڕاتۆر و ئیماڕات و وڵاتی گەورەی لە لووتکەی بەهێزیدا ڕووخاندووە ، مێژوونوسانی سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی لەسەر ئەوە کۆکن کە شەهوەی دەسەڵات هۆکاری سەرەکی بووە لە ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی ، کاتێک لە مێژووی ئیماڕاتەکانی خۆمان یا ئیمپڕاتۆر و پاشاکان و وڵاتانی دیکە ڕادەمێنیت وای دەبینین کە ئەوە ئەو شەهوەیەیە تا ئێستاشی لەگەڵ دابیت بەشدارە لە لاواز و داڕمانی قەوارە و وڵاتان ، لەکن فەرمانڕوایانی دواکەوتوو  دەسەڵات بۆتە غەنیمە لەجیاتی خزمەتی گشتی .
شەهوەی سێکسی-یش کە هۆکارێکی دیکەیە کە دەبێتە ماڵوێرانی و تێکچوونی خێزان و کۆمەڵگا ، بەهۆیەوە هەزاران کەس لە ئاستە جیاجیاکاندا وەزیفە و دەسەڵات و ماڵ و حاڵیان لێتێکچوو ، لەهەندێک سەرچاوە خوێندمەوە کە هۆکاری کوشتنی جێنشینی ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا« فڕانز فردیناند» و ژنەکەی لە سارایڤۆی پایەتەختی سڕبیا لە ئۆکتۆبەری 1914 لە لایەن گڕۆپێکی نەتەوەپەرستی سربیا و  ، دەگەڕتەوە بۆ ئەوەی ژنەکەی سڕبی بووە کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم .
گەورەترین بلیمەت کە خوا دروستیکردووە « ئیسحاق نیوتن » بوو ، ئەوەی کەلەسەر ئەوەم خوێندۆتەوە ئەوەیە کە هەتا مرد دەستی بە هیچ ئافرەتێک نەکەوت ، هەروەها « گانت» ی فەیلەسوفیش .
«دانتی » شاعیری گەورەی ئیتاڵیا کچێکی خۆشدەویست ویستی دەستی کچەکە ماچ بکات بۆنێکی ناخۆش لەدەمی کچەکە هات ، ئەمە وای لە دانتی کرد لە شاکارە نەمرەکەی «کۆمیدیای خودایی » دا بە بۆنی دۆزەخی بچوێنیت کە دوای بەهەشت و بەرزەخ دێت .
شەهوەی پارە و سێکس و دەسەڵات سێیانەی هێزن ، ئەوەی پارەی هەبوو و لەسەر سێکسی دانا  ، چی پێشکەش کرد ؟ و ئەوەی دەسەڵاتی هەبوو لەپێناوی پارەدا ، چی پێشەکەش خەڵک کرد؟
شەهوەی دەسەڵات و پارە و سێکس ئەم سێیانە لە هەموو شتێک زیاتر ژیانی لەسەر ئەو زەویە تێکداوە!!

21/01/2023



وتارەکانی تری نوسەر