کەرووە رەش!

محەمەد خۆشناو

نەمدەزانی کەرووی رەش چیە ، تا ئەوکاتەی هەوالی مردنی هونەرمەندی گەورەی میسری« سەمیر غانم» خوێندەوە ، کە تووشی کۆرۆنا بوبوو و خەریک بوو چاکبێتەوە بە کەرووە رەش مرد.

لەکاتێکدا جیهان مژوولی ئەوەیە ، بۆ ئەوەی بزانێت سەرچاوەی پەتای« کۆرۆنا» لە کوێوە هاتووە ، پەتایەکی تری روبەرووی مرۆڤ بووەوە کە پێی دەلێن کەرووی رەش ، هاوکات لەگەل داکەوتنی ئەم نەخۆشیە «بایدن»ی سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی بە هەوالگری ولاتەکەی کردووە ، کە لە ماوەی«٩٠» رۆژدا راپۆرتێک لەسەر ئەسلی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە« ترمپ» ی سەرۆکی پێشووی ئەو ولاتە ناوی نابوو« ڤایرۆسە چینیەکە» ئامادەبکەن ، کە ئایا ڤایرۆسەکە لە یەکێک لە کارگەکانی چین بلاوبۆتەوە و ، چینیش ئیدانەی ئەو لێکۆلینەوەیەی کردووە و ، هۆشداری داوەتە واشنتن لە « بەسیاسیکردنی» ئەو هەولانەی کە دەستنیشانی بنچینەی ڤایرۆسەکە دەکات ، هەمان ئەو پرسیارانەن کە خەلک لەکاتی بەدیارکەوتنی پەتایەکە دەیکەن ، کە ئەم پەتایە چەکێکی بایەلۆژی بوو یان بەرهەمی خەراپ بەکارهینانی ژینگەی دەورووبەرە.. هتد.تا ئێرە ترس لە نێوان نیشانەکان و وەرگرتنی ڤاکسین لە نەبوونەوە دێت و دەچێت ، تا ئەو کاتەی کە گوێمان لەوە بوو کە لە سلیمانی کەسێک بە کەرووی رەش مردووە.

لە هەندێک سەرچاوە خوێندمەوە ، کە دەسەلاتدارانی هیندستان ئیعلانی بەدیارکەوتنی نەخۆشی کەرووی رەش کردووە ، کە ئەم نەخۆشیە تووشی ئەوانە دەبێت کە نەخۆشی کۆرۆنایان هەبووە و بەرگریان زۆر لاوازە و یا نەخۆشی شەکرەیان هەیە ، لەو ولاتە نەخۆشیەکە بە پلەی پەتا بلاوبۆتەوە ونەخۆشیەکە هێرش دەکاتە سەر هەردوو شەویلاک و چاوەکان و  ناوچەکە رەش دەکات ، کە پێویستی بە لێکردنەوە و  لابردنی تەواوی ئەو بەشەیە کە دووچاری کەرووە رەش  بووە  ، کە ئەمەش کارەساتێکی ترە دەچیتە سەر کارەساتی کۆرۆنا.
پێویستە حکومەت هەلمەتێکی گەورە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەلک لە خۆدورخستنەوە لە تووشبوان بە کەرووە رەش ئەنجامبدات ، بەراستی زۆربەی تاکەکانی کۆمەلگەی ئێمە شتەکان هەندە بەجدی وەرناگرن و ، هەر ئەو ئیهمالیەشە وای کردووە ئەو هەموو خەلکە تووشی کۆرۆنا بن و پێویستە بەشێوازێکی خۆپارێز بۆ پاراستنی هاولاتیان ماملە بکەین ، بەتایبەته ئەمە زۆر ترسناکترە لە کۆرۆنا ، چونکە دەبێتە مایەی لێکردنەوەی بەشە تووشبوەکەی مرۆڤ.

کەرووە رەش ترسناکە« خوا هەموومان بپارێزێت» بەلام دەگمەنە ، پرپاگەندە و فەتوای رەش ترسناکە ، بەلام زۆر بلاوە.

02/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر