جلوبەرگ و دەستەواژەی هاوردەکراوی ئایینی!!

محەمەد خۆشناو

پێش هاتنی کۆرۆنا ، سەردانی بالەخانەی «مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەدەی هەولێر»م کرد کە لە چەقی شاری هەولێرە ، وێنەی زیاتر لە سەد مامۆستای ژن-ی شاری هەولێر لە ئیسلام و مەسیحی و جوو هەلواسرابوون ، کە وەک یەک دەستە خوشک وانەیان بە خوێنکارانی ئەو شارە دەگووتەوە ، هەموو ئەو ژنە مامۆستایانە هیچیان لەچەک یا سەرپۆش-یان لەبەر نەبوو ، بەلکە هەر هەموویان سەرکۆت بوون ، هەر لە دەرگەی بالەخانەکە وەرە دەرەوە سەدان کچ و ژنی سەرپۆش و رووپۆش و جوبە و حیجاب لەبەرکەر دەبینی.

چەند سالێکە دوای پەیدابوونی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان ، هەندێک جلوبەرگ و دەستەواژەی ئاینی نامۆ بە کۆمەلگەی کوردستان ئستیراد کرا ، وەک ئەوەی ئەمرۆ کە دەیبینین زۆربەی کچ و ژنان لەبەریدەکەن ، یا هەندێک دەستەواژەیان هاوردە کردووە کە پێشتر نەبوو ، وەکو لەجیاتی سوپاس ، «جزاك الله خیرا» و ، لە جیاتی ئەلەو لە تەلەفۆن« السلامو علیكوم» و چەندان موفرەداتی تری نامۆ ، کە بەهیچ شێوەیەک پێشینەیان لەناوماندا نەبووە ، بەلکە لە رێگەی وەهابیەکانی سعودیە و ولاتانی کەنداو بۆیان هاودرە کردین ، ئەوەی سالی حەفتا و هەشتاکانی لەبیر مابێت ، جلوبەرگی کۆمەلگەی ئێمە ، بریتی بوو لە جلوبەرگی کوردی و چارۆگە کە ژنان لە گەرەکە مللی و گوندەکانی دەرەوەی شار لەبەریان دەکرد و ، ژنانی ناو شاریش کراس و تەنورەیەکی کورت ، زۆبەی جاران قۆل و بازوو رووت…بەتەئکید هیچ دەقێکی قورئانی یا حەدیسێکی نەبەوی نیە ، لەبەرکردنی نیقاب و حیجاب بسەپێنێت ، نیقاب وا لەخاوەنەکەی دەکات ببێتە بونەوەرێکی نادیار و ، کەسایەتیەک کە جێگەی ترس و نیگەرانی بێت ، برادەرێک بۆی گێرامەوە ، کە سەردانی خزمێکی کردبوو ، ژنێکی مونەقیبە هات ، مندالی مالەکە لەترسان دەستی بە گریان کرد ، برادەرەکە گووتی ، وابزانم وەک بوونەوەرێکی جادووگەر هاتە بەرچاوی.

لەدەیان سەرچاوە خوێندۆتمەوە ، کە ئەسلی مێژووی نیقاب پۆشین ، دەگەرێتەوە بۆ ئەو ئەفسانەی جووەکان ، گوایا جنۆکە لە ئاسمانەوە سەری کۆت و قژی ژنانیان دەبینی ، بۆیە دەهاتنە خوارەوە بۆ جووتبوون لەگەلیاندا و ، ناچار ژنەکان سەرو و رووی خۆیان پۆشی تا قژەکانیان بەدیار نەکەون و ، لەگەل جنۆکە جووت نەبن  ، بەمە لەو دەستدرێژی و پردانە دەربازیان بوو ، پاشان ئەم نیقابە گواسترایەوە بۆ دوورگەی عەرەب و ، دواتر بۆ شوێنەکانی تر بلاوبووەوە و هێنایانە ئێرەش.

خوای گەورە مەرجی بۆ سەر هیچ موسلمانێک یا ئەوانی تر دانەناوە ، کە جلکێکی دیاریکراو بپۆشن ، فەلسەفەی جلوبەرگ لە ئاینەکاندا ئەوەیە ، کە نەبێتە مایەی گێچەلکردن بە غەریزەی ئەوانی تر ، جلک حیکمەتی خۆی هەیە ، ئەویش هۆکارە نەک ئامانج ، بۆیە لە ولاتێک بۆ ولاتێکی تر و لەسەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر دەگۆرێت.

بەو هیوایەی هەر ژنێک بە ئازادی خۆی رووپۆش لەبەر بکات و ، بە قەناعەتی خۆی ئەوەی دەیەوێت بیپۆشیت و ، بەشوەیەکی دەروونی پێی مورتاح بێت  ، بەلام بروای تەواوم بەوەش هەیە کە نیقاب و حیجاب ، عادەیە نەک عیبادە و ، بەشێک نیە لە شەرع و ، ئیسلامیش وەک هەموو ئاینێکی تر ، پەیرەوکارانی خۆی پەیوەست ناکات بە جلکێکی دیاریکراو ، هەریەک لە ئیسلامیەکانی ئەندۆنیسیا و پاکستان و هیندستان جلی جۆراوجۆری نیشتیمانی لەبەر دەکەن ، جلوبەرگ کلتوورە نەک ئایین ، ئەگەر بەناوەندی شاری هەولێر یا هەر شارێکی تر بە جلێکی دەریاوانی بسوورێیتەوە ، ئەمە دەبێتە شتێکی شاز ، جلوبەرگ کوری ژینگەکەیەتی ، کەشوهەوا ، دابونەریت ، مێژوو ، بەلام ئایین تەنها ئەوەی پێویستە بەدیبهێنن مەبەستەکەیە ، جل لەبەرکردنی شکلی تووند ، مرۆڤ لە گوناە ناپارێزێت ، ئەوەی مرۆڤ دەپارێزێت جلوپۆشاک نیە ، ئەو دیندارە رووکەشە بەربلاوەی ئێستا ، وەکو ئەوەی هەندێک جار ، رێت بە دوکانێک یا نووسینگەیەک دەکەوێت ، دەبینی شاشەی تەلەفزیۆنەکەی کە بە دیوارەکەوە چەسپ کردووە و ، لەسەر قورئانی داناوە بۆ خۆدەرخستن و ، لەبەر خەریکبوون بەکاری خۆی ئاگای لە خوێندنەوە یا گوێگرتن و تێگەیشتن لە قورئانەکە نیە و ، هەر ئەو کابرایە قۆلی دەیان کەسی بریووە و بەو پارە حەرامە حەج و عومرە دەکات ، ئەمە دینداریەکی بەدرۆیە کە پیسترین نەخۆشی ئادەمیزادە ، پێشتر ئەم جۆرە دینداریە نەبوو.

ئیمان لەداخلی مرۆڤدایە و دەتپارێزێت و تێگەیشتنە لە نیەت و مەبەستی ئایین ، لەوەتەی ئەم حیجابە پەیدا بووە گیچەل و دەستدریژی سێکسی زیادیکردووە ، پێشتر حیجاب غائب بوو ، گێچەلی سێکسی هەر نەبوو!! کارەکە سەرەوژێر بووە.

لەسەردەمانی پێشوو نە حیجاب و نیقاب و لەچەک و ئەو شتانە نەبوو ، دینداری خەلکی کوردستان ، دینداریەکی ئیسلامی ناوەراستی راستەقینە بوو و ، هۆکارێک بوو بۆ خۆشەویستی و گەشەکردن ، ئەوکات ژنان و کچانی شار بە جلی جوان و رازاوە لەگەل خێزانەکانیان دەچوونە سینەما و گەشوسەیران ، ئەو رۆژگارە خەلکی کوردستان کە لەسەر شەقام دەرۆیشتن ، قورئان یا ئینجیلی لەگیرفان نەبوو ، بەلام هەموو کوردستانیان کە دەرۆیشتن ، لەویژدانیاندا ئایەتێک هەبوو ، کە رەنگدانەوەی روحی کوردستان بوو.

20/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر