هەرکەسێک کەمێک ئاگای لە مێژووی نزیکی بنەمالەی شاهانەی ئوردن بێت ، سەریسووردەمینێت کە چۆن ئەو خانەوادەیە بەرگەی ئەو هەموو زریان و رەشەبایەیان گرتووە و ، توانیویانە ئەو ولاتە و خەلکەکەی بپارێزن.
شا حوسێنی باوکی ، لەبەردەمیدا شا عبداللەی باپیری دامەزرێنەری شانشینی ئوردن لە رۆژی هەینی«١٩٥١/٧/٢٠» لە مزگەوتی ئەقسا لەلایەن فەلەستینیەکەوە کوژرا ، هەر ئەو شا حوسێنە ، بینی کە چۆن قتلوعامی ئامۆزاکەی و خانەوادەکەی لە عێراق ، بەدەست شۆرشگێرانی ، شۆرشەکەی عبدالکریم قاسم لەسالی «١٩٥٨» کران و کەس پرسەنامەی بۆ نەنارد ، بەلکو پیرۆزبایی لە سەربازانی شۆرش کرا ، دوای شکستی عەرەب ، لە شەری ١٩٦٧ لەگەل ئیسرائیل ، ئوردن بووە بارەگای رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین ، ئەمانە لە ئوردن وا ماملەیان دەکرد ، کە ئەوان دەولەتن لەناو دەولەتدا و ، هەولیاندا شا حوسێن بروخێنن و ، دووجایش لە هەولی تیرۆرکردن دەربازی بوو ، بەلام دواجار لێیدان و سوپای ئوردن ئابلووقەی ئەو شارانەیدا کە رێکخراوی رزگاریخوازی لێبوو ، پاشان چوونە لوبنان ، هەر باوکی ئەو شا عەبدواللە ، لەچەندان پیلانی شوعیەکان و نەتەوەپەرستەکان و بەعسیەکان رزگاری بوو ، دوایی لەگەل هەموویان پێکهاتەوە و باوەشی بە هەموویانەوە کرد ، ئەمەیە سەبری ستراتیجی.
شا عبداللە لەباوەشی ئەو رووداوە بەئازارانە گەورە بووە و ، کە هاتە سەر کۆشکی شاهانە ، چاودێران گومانی ئەوەیان لێدەکرد ، کە ئەو توانایەی نیە ، کە بتوانیت ئیدارەی قەیرانی ئابووری ولاتەکەی بکات ، بەتایبەتی بەهۆی ئەو میراتەی شەری کەنداو ی ١٩٩٠ کە بۆی مایەوە ، چونکە ولاتەکەی پشتی بە نەوتی عێراق دەبەست بۆ پەرەپێدانی ئابووریەکەی ، بەلام توانی بەسەرکەوتووی ئەو قۆناخە ببرێت و ، لەدەیەی یەکەمی دەسەلاتەکەیدا ، پێشنیاری چاکسازی گەورەی ئابووری بۆ ئوردن پێشکەشکرد بۆ ولاتێک کە (80%)ی خاکەکەی بیابەنە و بچووکترین ئابووری ناوچەکەشە ، ئەو ولاتە شتێکی ئەوتۆی نیە کە پێی ببوژێتەوە ، بەلام شا عبداللە دەستیکرد بە بەرنامەی ئازادکردنی ئابووریەکی بەهێز و ، بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی هاولاتیان و ، توانی دۆخی ئابووری پێشبخات ، ئەمەش دەگەریتەوە بۆ ئەوەی ، کە توانی وەبەرهێنی بیانی بۆ ولاتەکەی راکێشێت و ، لەگەل چاکردنی کۆمپانیا لەنێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی لە ئوردن ، بەمە بنچینەیەکی بۆ ئابووری و کەرتی تەکنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندیەکان دانا و ، چەندان ناوچەی ئابووری تایبەتی دامەزراند و ، بەو چاکسازیانە گەشەی ئابووری دووبەرابەر کرد و ، رێککەوتنامەی بازرگانی ئازاد لەگەل ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا مۆرکرد و ، هەناردەی ئوردنی بۆ ئەمەریکا دووبەرابەر کرد و ئەمە سیاسەتی دروستی خانەوادەی شاهانەیە ، کە بەدوای هەلی ئابووری بۆ ولاتەکەیان دەگەرێن ، تا لەنێو مەنزومەی ئابووری جیهانیدا لەشوێنی دروستی خۆی دایبنێن ، توانی بەشێوەیەکی ژیرانە چارەسەری نارەزایەتیەکان لەسەر بەرزبوونەوەی نرج و ، بلابوونەوەی بێکاری و دابەزینی ئاستی بژێوی بکات.
لەسالی«٢٠١٩» کۆربەندێکی ئابووری جیهانیی لە کۆشکی شا حوسین لە دەریای مردوو ساز کرد ، کە شا عبداللە خۆی کردیەوە ، بە خۆزگەی ئەوەی ولاتەکەی زیاتر ببووژیتەوە ، ئەم چالاکیەی ئوردن وەک«دافۆسێک»بوو لە ئوردن ، کە زیاتر «١٠٠» لەباشترین کۆمپانیای تازە پێگەیشتوو داهێنەرەکانی خۆرهەلاتی ناوەراست و ئەفەریقیا بەشدار بوون ، ئەم کۆربەندە ئاسۆیەکی نوێ بوو بۆ بووژانەوەی ئابووری و ، پەنجەرەیەکی هیوا بوو بۆ نيوەندی گەنج و لاو ، کە دەیانەوێت خەونەکانیان لەسەر ئەرزی واقع بهێننەدی ، ئەم دەستپێشخەریەی شا عبداللە گوزارشتە لە چیرۆکێک و نموونەیەکی دەگمەن و ، مەشخەلێکە بۆ حیوار و پەیوەندیەکی وا ، کە تروسکایی هیوا دەبەخشێت.
ئەم پادشایە لەناوخۆ و ولاتانی دورووبەر و جیهاندا بەوە ناسراوە ، کە سەرکردایەتی ولاتەکەی بەشوازێک دەکات ، کە سەقامگیری ولاتەکەی پارێزراو بێت و ، بەوەش ناسراوە کە داوای حیواری ئایینی بەئامانجی پێکەوەژیانی ئایینەکان بێ خوێنرشتن دەکات و ، جەنگاوەرێکی سەرسەختی تووندرۆیی و تووندوتیژیە.
ئەمە ئەو شا عبداللەیەیە ، کە بەرێزێکی گەورەوە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد ، ئەمە پێشوازی و رێزگرتنێکی گەورە بوو ، لە کوردستان و خەلکەکەی .