سنووری دبلۆماسیەتی کوردستان

محەمەد خۆشناو
پلەی سەرکەوتنی دبلۆماسیەتی هەر دەولەتێک یا قەوارەیەک بەوە دیاریدەکرێت ، کە تا چەند دەتوانێت کەنالی پەیوەندی لەگەل هێز و لایەنە هەمەرەنگەکان و ولاتە جیاوازەکان ئەنجامبدات ، ئەگەر هەر سەرۆکێک توانی ئەو پەیوەندیە لەگەل ئەوانەی باسمانکرد بێجیاوازی ببەستێت و کاتێک توانی فرۆکەکەی لە هەر فرۆکەخانەیەکی ئەم جیهانە بنیشێتەوە ، ئەمە دەبێتە جێگای شانازی سەرۆکەکە…بەبراوی من نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانیت ئەمە بکات ، چونکە دەتوانێت لە تاران دابەزێت و ، بەهەمان شێوە لە ئەنقەرە-ش دادەبەزێت ، هەروەها دەتوانێت لە فرۆکەخانەی دۆحە دابەزیت و بەخێرهاتنی گەرمی بکەن ، بەهەمان شێوە لە ئەبوزەبی و شوێنەکانی دیکە بە پێشوازیەکی بەرز دادەبەزێت ، هەرەکچۆن پێشتر سەرۆکی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشوازی لێکرد ، بەهەمان شێوە سەرکۆماری ئێران پێشوازی لێدەکات و ، «ئەو» پەیوەندیەکی جێگیر و گەشە و تەری لەگەل واشنتۆن ، بەهەمان شێوە لەگەل مۆسکۆ پاراستووە و ، لەگەل یەکێتی ئەوروپا لەپێشیانەوە فەرەنسا. 

لەگەل پەیوەندی بەردەوامی لەگەل بەریتانیا و یۆنان و کۆریای باشوور هەیە و ، بەدانانی پەیکەری گاندی لە هەولێر پردی پەیوەندیەکی تۆکمەی لەگەل هیندستان دروستکرد ، ئەم کارانە و کارەکانی پێشووی بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و گەلەکەیەتی ، هەموو گەلەکەی ؛ ئەوەی دژی ئەوە ، ئەوەی لەگەل ئەودایە ، ئەوەی سەر بە ئاینەکەی ئەوە ، ئەوەی لەگەل ئاینەکەی ئەودا نیە ، ئەوەی سەر بە نەتەوەکەی ئەوە و ، ئەوانەشی کە نەیاری نەتەوەکەین و ، ئەوەی سەر بە نەژادی ئەوە و ، ئەوەشی خۆی بە زل دەزانێت…پیاوی دەولەت بروای بە دەولەت و نیشتیمان و گەل ، هەموو گەل هەیە و ، هەموو توانا و ئیمکانیاتی خۆی تەرخاندەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ولات و پاراستنی ئاسایش و پێشکەوتنەکانی و ، سنووری کاری دبلۆماسیەکەی هەر لەبەردەم یەک رووداودا ناوەستێت ، بەلکو لە چوارچێوەی بوارە جیاجیاکاندا لە جولاندایە ، سیاسەتێکی هاوسەنگ لەگەل دراوسێ و هێز و لایەنەکان پەیرەو دەکات.

ئەو پیاوە پێی وایە ، کە دەشێت هەندێک ولات هەبن لەگەل ئێمەدابن و ، هەندێکی دیکە لەگەل ئێمەدا نەبن و جیا بن و ، زەرووریش نیە کە دیدگاو بۆچوونەکان وەکو یەک بن یا لێمان نزیک بن ، بەلام تەنها ئەوە بەسە کە دژمان نەبن و ، ئەوەی کە پشتگیری هەلوێستمان ناکات بە زەرورەت نابنە دوژمنی ئێمە و ، هەموو ولاتان و هێز و لایەنەکان حساباتی بەرژەوەندی و پارسەنگی بەدەستهێنان و زەرەرکردن دەکات ، ئیمرۆ بەرژەوەندی بۆتە زمانی سەردەم و ، پەیرەوکردنی دبلۆماسیەتی نەرم بۆ چوون لە ئاراستەیەک بۆ ئاراستەیەکی دیکە مانای هێنانەدی بەرژەوەندیەکی زۆرە بۆ ولات ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ، کە هەر تەنها و تەنها دبلۆماسیەتی نەرم«سیاسی» پەیرەو بکرێت ، بەلکو پێویستە هەندێک جار تەنسیقێکی زیرەکانە لە نێوان دبلۆماسیەتی سیاسی و ، دبلۆماسیەتی رەق و زبر« سەربازی» هەبێت ، کە لەنێوانیاندا سیاسەتی دەرەوە لە جوولەدا بێت ، بە پشتبەستن بەو بنەما و توانا و دەسەلاتەی کە لەبەردەستی دایە.

07/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر