بەراز نەفرەتلێکراوترین ئاژەڵە لەکن ئیمەو کۆمەڵگەی ئیسلامیو زۆربەی ئاینە کۆنەکان چونکە گۆشتی حەرامکراوە، حەرامکردنی گۆشتی بەراز لەبنچینەدا لەئایینی جووەکان وەرگیراوەو شەریعەتی جووەکان خواردنی بەرازیان حەرامکردووە، بەکورتی نەخواردنی گۆشتی بەراز کارێکی ئایینیە، بەڵام ئایا رقلێبوونەوە لەئاژەڵی بەراز کارێکی ئایینیە؟ بەڕای من نەخواردنی گۆشتەکەی پەیوەندی نیە بەڕقلێبوونەوەیو نەفرەتلێکردنی.
بەمدواییە زانایانی خۆرئاوا رایانگەیاند کە دەتوانن گورچیلەی بەراز لەجەستەی مرۆڤ لەجیاتی گورچیلە لەکارکەوتوەکە بچێننو ئێستا دەڵێن ئەندامانی دیکەشی بۆ مرۆڤ دەبێی، چونکە زانایان ماوەیەکی درێژە تێبینی لێکنزیکی توێکاریو فسیۆلۆجی سەڕسووڕهێنەر لەنیوان مرۆڤو بەرازدا کردووە، دیارە حیکمەتی خوای گەورە لەحەرامکردنی گۆشتی بەراز لەوەدابووە کە بەمرۆڤ دەچێت، ئەم لێکنزیکیە وایکردووە کە بەراز ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ تاقیکردنەوەی زانستیو هەروەها گواستنەوەی ئەندامانی جەستەی؛ نزیکی شێوەی دڵو تووشبونی بەراز بەڕەقبوونی دەمارەکانی وەکو مرۆڤ وای لەزانایان کردووە قەستەرە بۆ بەراز بکەنو لەهەمانکاتدا لێکچوون لەنێوان جگەری مرۆڤو بەرازو ڕێڕەوی هەرسکردن هەیە بەوەی ڕووەکو گۆشت دەخوات، ئەم لێکچوونە وایکردووە بەراز ببێتە دیاریەکی پزیشکی بۆ مرۆڤ، لەو ڕاپۆرتانەی کە لەسەر ئەم بابەتە خوێندومەتەوە، کە ئەمە بەراز بووە ئەنسۆلینو دەرچە «صمامە»ی دڵو زۆر شتی تری بەدیاری داوەتە ئێمە.
بەراز….ئەی هاوڕێیە چاوتێرە ڕیسواکە، من دەزانم تۆ دەبیتە هاوڕێو نزیکی هەموو مرۆڤایەتیو تۆ شایەستەی ڕێزلێنانی نەک نەفرەتو ڕقلێبوونەوەو ڕیسوایی، ئەمە پێستی تۆیە لەجیاتی ئەو پێستە نەرمە تەنکەی ئێمە بەهۆی سووتانەوە دەچێنرێت، ئەی بەراز…. ئاژەڵە بەستەزمانەکە، ئەمە ئەنزیمی تۆیە کە یارمەتی پێکهێنانی پێکهاتەی ئیفلیجی منداڵان دەدات بۆ پاراستنی مناڵانمان لەترسی ئەو نەخۆشیە کوشندەیە، ئەمە ڕیخۆڵە باریکو ئەستوورەی تۆیە داوی لێدروست دەبێتو بۆ نەشتەرگەریو دورینی برینەکەو ساڕیژکردنی، لەپەنکریاسی تۆوە ئەنسۆلین ئامادە دەبیتو بەچاکەی تۆوە ژیانی ملیۆنەها لەنەخۆشی شەکرە بەئارامی بەردەوامدەبێت…ئای لەو چاوتێرە ڕیسواکراوە.
چاندنی ئەندامەنی جەستەی بەراز کاردانەوەی زۆری لەلایەن هەندێک زانایانی ئایینی لەهەندێک وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە، ئەم کرداری چاندنەیان بەگوناهـ دانا، بەڵام موفتی میسر ڕایگەیاند، ئەو مادانەی لەپێکهاتەی گۆشتی بەراز وەردەگیرێن بەمەبەستی چارەسەر ڕێگەپێدراوەو دەشڵێت خواردنی گۆشتی بەراز لەناچاری ڕێگەپێدراوە، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەک ئایینی نییە بەڵکە بابەتێکی زانستیە، لەبەرئەوەی ئێستا زانایان خەریکی بە«مرۆییکردنی بەراز»نو وادەکەن کە خانەکانی نزیکتربن لەخانەکانی مرۆڤ….ئا ئەمەیە مرۆڤی بەراز یا بەرازی مرۆڤ کەوا دێتو وابەڕێوەیە.