بەراز نەفرەتلێکراوترین ئاژەڵە لەکن ئيمە و کۆمەڵگەی
ئیسلامی و زۆربەی ئاینە کۆنەکان چونکە گۆشتی حەرامکراوە ، حەرامکردنی گۆشتی بەراز
لەبنچینەدا لە ئایینی جووەکان وەرگیراوە و شەریعەتی جووەکان خواردنی بەرازیان حەرامکردووە
، بەکورتی نەخواردنی گۆشتی بەراز کارێکی
ئایینیە ، بەڵام ئایا رقلێبوونەوە لە ئاژەڵی بەراز کارێکی ئایینیە؟ بەڕای من نەخواردنی
گۆشتەکەی پەیوەندی نیە بە رقلێبوونەوەی و نەفرەتلێکردنی.
بەم دواییە زانایانی خۆرئاوا رایانگەیاند کە دەتوانن
گورچیلەی بەراز لە جەستەی مرۆڤ لەجیاتی گورچیلە لەکارکەوتوەکە بچێنن و ئێستا دەڵێن
ئەندامانی دیکەشی بۆ مرۆڤ دەبێت ، چونکە زانایان ماوەیەکی درێژە تێبینی لێکنزیکی
توێکاری و فسیۆلۆجی سەڕسووڕهێنەر لەنیوان مرۆڤ و بەرازدا کردووە ، دیارە حیکمەتی
خوای گەورە لە حەرامکردنی گۆشتی بەراز لەوەدابووە کە بەمرۆڤ دەچێت ، ئەم لێکنزیکیە
وایکردووە کە بەراز ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ تاقیکردنەوەی زانستی و هەروەها
گواستنەوەی ئەندامانی جەستەی؛ نزیکی شێوەی دڵ و تووشبونی بەراز بە ڕەقبوونی دەمارەکانی
وەکو مرۆڤ وای لەزانایان کردووە قەستەرە بۆ بەراز بکەن و لەهەمان کاتدا لێکچوون لەنێوان
جگەری مرۆڤ و بەراز و ڕێڕەوی هەرسکردن هەیە بەوەی ڕووەک و گۆشت دەخوات ، ئەم لێکچوونە
وایکردووە بەراز ببێتە دیاریەکی پزیشکی بۆ مرۆڤ ، لەو ڕاپۆرتانەی کە لەسەر ئەم بابەتە
خوێندومەتەوە ، کە ئەمە بەراز بووە ئەنسۆلین و دەرچە« صمامە»ی دڵ و زۆر شتی تری بەدیاری
داوەتە ئێمە.
بەراز….ئەی هاوڕێیە چاوتێرە ڕیسواکە ، من دەزانم تۆ
دەبیتە هاوڕێ و نزیکی هەموو مرۆڤایەتی و ، تۆ شایەستەی ڕێزلێنانی نەک نەفرەت و ڕقلێبوونەوە
و ڕیسوایی ، ئەمە پێستی تۆیە لەجیاتی ئەو پێستە نەرمە تەنکەی ئێمە بەهۆی سووتانەوە
دەچێنرێت ، ئەی بەراز….ئاژەڵە بەستەزمانەکە ، ئەمە ئەنزیمی تۆیە کە یارمەتی پێکهێنانی
پێکهاتەی ئیفلیجی منداڵان دەدات بۆ پاراستنی مناڵانمان لەترسی ئەو نەخۆشیە کوشندەیە
، ئەمە ڕیخۆڵە باریک و ئەستوورەی تۆیە داوی لێدروست دەبێت و بۆ نەشتەرگەری و دوورینی
برینەکە و ساڕیژکردنی ، لە پەنکریاسی تۆوە ئەنسۆلین ئامادە دەبیت و بەچاکەی تۆوە ژیانی
ملیۆنەها لە نەخۆشی شەکرە بە ئارامی بەردەوام دەبێت…ئای لەو چاوتێرە ڕیسواکراوە.
چاندنی ئەندامەنی جەستەی بەراز کاردانەوەی زۆری لەلایەن
هەندێک زانایانی ئایینی لە هەندێک وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە ، ئەم کرداری چاندنەیان
بە گوناه دانا ، بەڵام موفتی میسر ڕایگەیاند کە ئەو مادانەی لە پێکهاتەی گۆشتی بەراز
وەردەگیرێن بەمەبەستی چارەسەر ڕێگەپێدراوە و ، دەشڵێت خواردنی گۆشتی بەراز لەناچاری
ڕێگەپێدراوە ، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەک ئایینی نیە بەڵکە
بابەتێکی زانستیە ، لەبەر ئەوەی ئێستا زانایان خەریکی بە« مرۆییکردنی بەراز»ن و
وادەکەن کە خانەکانی نزیکتربن لە خانەکانی مرۆڤ ….ئا ئەمەیە مرۆڤی بەراز یا بەرازی
مرۆڤ کەوا دێت و وابەڕیوەیە.