بوژاندنەوەی شکۆی خوێندن

دالیا جەزا

دالیا جەزا 
 24 ی کانونی دووەم ڕۆژی جیهانی فێرکردنە، ئەو ڕۆژەی چوارساڵ لەمەوبەر کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان  بڕیاری لەسەردا، بەو مەبەستەی لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە چالاکی پەروەردەیی وفکری ودەمەزەرد هەبێت بۆ نوێکاری وچەسپاندنی یاسای مرۆیی وبەحتی لەپرۆگرام و کات و پێوەرەکانی فێرکردن وخوێندن لەسەر ئاستی وڵاتانی دنیا. 

ئاشکرایە وڵاتانی جیهانی سێ و وڵاتانی شکستخواردووی  ئەو بوارەش پێویستە زیاتر ئەو ڕۆژەیان لا ‌پێشوازیلێکراوبێت وهەوڵی سودمەندبوون بدەن لەودەرئەنجامانەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی تایبەت بەپەروەردەوفێرکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان  پێشنیازو پەیڕەویان بۆ خاڵبەند دەکرێت، بێگومان هەرێمەکەی ئێمەش لەو سنورانەی  جیهانە کە ژیانی کرداری ومەعریفی مرۆڤ تێیدا لە چەندیین ڕوویەوە تەریب نییە بەدنیای پێشەنگی زانست وزانینی مرۆڤی سەردەم. بێگومان پەروەردەو فێرکردنیش لەدیارترینیانه. زەقترین کەلێنی ئەو بوارەش کەمی ژمارەوبێکەڵکی بینای خوێندنگاکانە لەشارکانی ئەم هەرێمە بەبەراورد بەژمارەی خوێندکارانی، ئەوەش بووەتە مایەی گردبوونەوەی چل تا چل و پێنج خوێندکار لەهۆڵی خوێندنی بیست وپێنج تا سی مەتر دووجا هەر لە باخچەی مناڵان تا پۆلی دوانزە ئەم دیاردەیە ئەبینرێت. بەپێی پێوەرە زانستییەکانیش هۆڵی سی مەتری خوێندن گونجاو نییە لە بیست و دوو خوێندکار زیاتر لەخۆبگرێت.

نەبوونی کارەبای بەردەوام و ژمارەی پێویستی کۆمپیوتەروتەواوی ماددە وئامڕازی تاقیگەزانستییەکان وبوونی تەنیا یەک مامۆستای هونەری پسپۆڕی یەک بواری هونەری گرفتی تری خوێندنن . کران بەمامۆستای کەسانی دەرچووی بواری جیاواز لەمامۆستایی لەمپەرێکی ترە. مانەوەی ستافی کارگێڕی زانکۆوخوێندنگاکان ساڵانێکی زۆرو بەبێگۆڕان وبەتەزکییەی حزبی واییکردووە هەمان ئیجتیهاد بۆ بەڕێوەبردن بەبێ ونوێکاری هەبێت. بوونی بەشی پیشەیی تەنیا لەژمارەیەک خوێندنگا بەبیانوی نەبوونی شوێن و پەراوێزخستنی وانەی پیشەیی لەژمارەیەکی  زۆر لە خوێندنگاکان ، کەم وکوڕی ئامێروئامڕاز لەئامادەییە پشەییەکاندا ، دروستکردنی جیاکاری بەدانانی خوێندنگای نمونەیی ونانمونەیی. نەبوونی لۆکەرو هاتوچۆپێکردنی ژمارەیەکی زۆری قورسی کتێب لەلایەن خوێندکارانەوە.

کەمی ونەبوونی باخ وسەوزایی لەڕووبەری خوێندنگاکاندا ، کەمی ژمارەی ڕێنماییکارە دەروونییەکان ، کەمی سەرچاوەکانی کتێبخانەی قوتابحانەکان و نەبوونی کتێبخانە لەخوێندنگاکانی دەرەوەی شار..

لەبەر ئەوەش فێرکردن هاندەری بنەڕەتییە بۆ بنیادی کۆمەڵگاکان و گەشەی شارستانی وژیاری. ئەو بوارە دەبێت بەهەنگاوی ڕێکخراو پیادەبکرێت لەلایەن خێزان ومامۆستایانی بوارەجیاوازەکانەوە  بۆیە دەشێت ئاماژەبەوەش بدەم لەناوچەیەکی وەک لای خۆمان کەچەندین ڕێکخراوی مەدەنی و خێرخوا بوونیان هەیە، باشتربوو گروپیان بچونایەتە گەڕەک و شوێنەگشتی وگەشتیارییەکان و بەشێوازی جیاواز خەڵکیان فێری مامەڵەکردن لەگەڵ سەکتەرەکانی (ژینگە، کۆمەڵگا، ئاژەڵ، تەندروستی، ڕووداوەکان، گەشتیاری...) بکردایە و پرۆگرامی زانستیان لەو بوارانەدا پێبدانایە..هەموو کاتیش دەرونزانەکان ئەوەیان دووپاتکردووەتەووە کەسی فێرکراووڕۆشنبیر بەهونەرەکانی ژیان ئەرک ومامەڵەکانی دروستترپیادەئەکات.

بۆیە لەڕۆژی جیهانی فێرکردندا ناوچەکەمان پێویستی بەگۆڕانکار بنەڕەتییە لەو بوارەدا، لەبەندێکی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤیشدا هاتووە خوێندن وفێرکردن ئەبێت بەناچارکردن و  بێ هیچ بەرامبەرێک بکرێتە مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگاکان . لەقورئانی پیرۆزیشدا هاتووە (ویزكیكم ویعلمكم الكتب والحكمە ).

تیۆرێکی زانای پەروەردەوفێرکردن مۆنتیسۆریش ئەڵێت (لەهەموو بارودۆخێکدا ئامانجی پەروەردە ئەبێت خوڵقانی سستمێکبێت، بەرهەمی چەندین بواری لێوەدەستەبەربێت نەک بەڕێکردن وحەزی دوورکەوتنەوە..  کەواتە با شکۆی ڕاستی خوێندن زیندوبکرێتەوە.


23/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر