داڕمانی دەستکەوتە قەبەکە

دالیا جەزا

 تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو کۆمەڵگا ئەلەکترۆنیانەی تێکەڵاوبوون وبەسەرکردنەوەیان، بووە بە یەکێک لەبەندو شێوازەکانی ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤی سەردەم . 

لە هەموو دنیادا ئەگەر هەر مرۆڤێکی بەکارهێنەری ئەم تۆڕانە بەدوای وەڵامی پرسیارکردن لەلایەنە سلبی و ئیجابییەکانی چوونە نێو ئەو دنیایەی تەکنۆلۆجیا بگەڕێت، وەڵامەکان کۆمەڵێکن وهیچیشیان کەم و زۆرترنیین لەوی دی، بەڵام وەک هەموو دەستکەوتەکانی ئەقڵی مرۆڤ، لەدروست بەکارهێنان و دروست پیادەکردنی ئەو بەکارهێنانەدا، بێ شک ئیجابیبونیان لێدەچێنرێتەوە.

 مێژووی پەیوەندیکردنی دوور مەودای مرۆڤ لەدوای کۆتری نامەبەرەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا داهێنانی تەلەگراف و دواتر تەلەفۆن، پاشان هەموو جۆرەکانی تری داهێنانەکان بۆ پەیوەندییکردن، بەڵام پەیوەندییەکانی نێو تۆڕە جاڵجاڵۆکەییەکەی سەر گۆی زەوی، کە بەدەنگ ووێنەو نووسین و پەیوەندی ڕاستەوخۆو زانیاری گەنجینەکرا، یان پەخشی زیندوو ناسراون، ئەمڕۆ چەندین ملیۆن کەسی ڕۆچووی دنیاکەی خۆی کردووەو هەرتاکێک، سەکۆیەکی لەکەناڵێکی میدیایی تایبەت بەخۆی هەیە ودەتوانێت دیدەکانی خۆی لێوەی پەخش بکات.
 یەکەم سەرهەڵدانی ئەم تۆڕانە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، کاتێک شوێنگەی GEN ی ئەمریکی و دوای ئەویش LISTSERV  دەرکەوتن کە تۆڕی سانا و بچوکبوون و بەکاردەهاتن بۆ گۆڕینەوەی نامە لە نێوان کۆمەڵێک کەس لەیەک کاتدا. پاش ئەوانەش لەساڵی 1994 ژووری گفتوگۆکردن دەرکەوت لەگەڵ خزمەتگوزاری the palace  ئەمەشیان نموونەیەکی بچوکی تۆڕی پەیوەندییکردنی کۆمەڵایەتی بووە و تا ئەمڕۆش بەکاردێت، بەڵام بە پیادەکردنە کاریگەرو بەفراوانەکەی وشوێنگەی SIX DEGREES.com  بەیەکەم تۆڕی کۆمەڵایەتی نێو (NET) دادەنرێت کە لەساڵی 1997دەرکەوت بەدوای ئەویشدا شوێنگەکانی LIVE لەساڵیJOURNAL 1999 و lunar storm لەساڵی 2000 دەرکەوتن، ئەمەی دواییان بەیەکەم سەکۆی نیشاندانی ڕیکلام دادەنرێت. 

دواتریش شوێنگەکانی FRINSTER لەساڵی2002 LINKEDIN ، MY SPACE ، WOLD PRESS ، FLICKR  لەساڵی 2003 ، دوای ئەوانیش لەساڵی 2005 سەکۆی you tube  و reddit پەیدابوون. لەساڵی  2006 دا facebook  دەرکەوت، کە تا ئەمڕۆ بە بەهێزترین تۆڕی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، هەر لەوساڵەشدا  twitar، دواتریش ساڵی 2010  ئنستاگرام هاتە مەیدان و لەساڵی 2011 (we chat ی چینی پاش ئەو +gogle پەیدابوو، ساڵی 2016 tik tok پەیدابوو. 
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی جیهان لەسەرجەم چین وتوێژەکان ساڵ لەدوای ساڵ لەزیادبوندایە ئاماری ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان تاساڵی 2021 ئەوەیان خستوەتەڕوو جگە لە منداڵان وگەنجان وتەمەنەکانی تر، بەساڵاچوان وخانەنشینانیش، بەردەوام ژمارەی شوێنەکانیان لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەزیادبووندایە.

 تەریب کێرڤە هەڵکشاوەکەی ئەو زیادبوونەش، کێرڤی سوود زیانەکانی بەکارهێنانەکانیش لەسەرکەوتندایە. یەکێک لەبایەخدارترین ئەو سودانەش خێراوئاسان بەدەستهێنانی زانیارییە لەتەواوی لایەنە زانستی و سەکتەرەژیانییەکان و بوارە مەعریفی و کلتورییەکاندا.

 ئێستا بەڕێژەی هەشتا لەسەد پێویستمان بە هۆکاری گواستنەوەنییە بۆ کڕینی کتێبێکی فەرهەنگ لەبوارێکی دیاریکراو، هەموو کاتێکیش پێویسمان بە گیشتن وپەیوەندییکردن بەپزیشکەوە نییە بۆپرسیارکردن لەدەرمانێک ، کاتی خانمێک ناگرین ئەگەر نەمانزانی خواردنێک چۆن دروستدەکرێت.. بۆ شوێنگرتن لەمیوانخانەیەک یان کورسی ئۆپێرایەک یان بۆ بینینی پێشبڕکێی ویارییەک لەڕێگەی شوێنگەی لایەنەکانیانەوە داوای جێگای گرتن دەکەین، چەندین کاڵا دەتوانین بکڕین ..هتد لەپاڵ هەموو باشییەکانیش وەک کاردانەوە سلبییەکانی کردەی مرۆڤ، لەهەموو دنیادا سەدان کەیسی دادگاکان دەبینرێت، دەرئەنجامی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خوڵقاون، ئەوەش لەبەر ئەو ئازادییەی تا ئەمڕۆ هەیە لە دانانی دیواروسەکۆ، بۆ هەرکەسێک کە بییەوێت لەوتۆڕانەدا شوێنی هەبێت کەدیار نییە ونازانرێت ئەو ناوتەمەن وڕەگەزنامەیەی بۆخۆی داناوە، ڕاستە یان دروستکراو. مەترسیدارتر لەوەی پێشوش دانانی پەیجە خەیاڵییەکانە کەزۆریینەیان بەمەبەستی لێدان لەئایدیا و گروپ یان دەزگا و وڵات و کەسایەتییەکانە.

 دیارە ئەوانەی پێشوو پاشاگەردانی وگرفتی دەروونی و بێمتمانەیی لای خەڵک دەچێنێت. مەسەلەی هاککردن و دزەکردنی زانیاری تایبەتی خەڵک ودەزگا ودامەزراوەکانیش، مەترسی دیکەن، ئەوەی ئەمڕۆش ناونراوە شێرپەنجە هێواشەکە. بردنی کاتەکانی خێزان و بە ئەلەکترۆنی کردنی سۆزی کەسایەتی و دۆستایەتییە لەنێو بنەماڵەو برادەرو ئاشناو خزمانی جاراندا، هەمان کات تێکچونی ڕۆتینی ڕۆژانەو شێواندنی کاتژمێرە بایۆلۆژییەکەی مرۆڤە، لەوێشەوە سەرهەڵدانی گرفتە تەندروستییەکانە.

 کەواتە لایەنە باشەکانی باسەکەم سوپاسگوزاری و شانازییکردن و شکۆدارکردنی توانای مرۆڤ تێدایە. کاتێک لایەنە خراپەکانی مەترسی گەورەن بۆ ژیانی کۆمەڵگاکان، ئەو مەترسییەی لەپەنخواردنەکەی گەرمی نێو تۆپی زەویی کەمترنییە.. لێرەوە ،لام شیاوە بڵێم، بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک، دەکرێت لە ڕێگای هەموو کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتەوە لە جیهاندا، بەپەیوەندییکردن بەکۆمپانیاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وبەنێوەندی ڕێکخراوە مرۆیی و ngo کانەوە، ئەکرێت باج دابنرێت لەسەر هەر کەسێک بیەوێت سەکۆ دابنێت لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ داواکردنی ڕەگەزنامەی مۆرکراوی وڵاتەکەی جگە لەباج لێوەرگرتنی لەوڵاتی خۆی. پێدەچێت ئەمە ڕێگایەک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو پاشاگەردانی و خراپ بەکارهێنانەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە ئەمڕۆ دەبینرێت.. لەبەر ئەوەی لەنەبوونی هەنگاوی چارسەردا، بەرژەوەندییە ماددی ومەرامە سیاسی و ئایدیاییەکان، هەنگاو ئەنێن بۆ ڕۆکردنی زانیاری ناڕاستیان لەنێو تۆڕو ویبەکان، لەو بارەشدا بەهای ئەو دەستکەوتە قەبەیەی مرۆڤ دادەڕمێت بایەخی لاوازئەبێت.


08/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر