ئایا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت؟

دییە عەلی

رۆژی 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی دژی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 دەرکرد و بە نادەستوری دادەنێت، لەكاتێكدا تەواوی سیاسەتی نەوتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە داڕێژراوە، كە پشت بە چەند ماددەیەكی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەبەستێت.

بەشێكی دیكەی بڕیارەكە تایبەتە بە رادەستكردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو بە حكومەتی فیدراڵی، پێدانی دەسەڵات بە بەغدا بۆ پێداچوونەوەو چاودێریی پوچەڵكردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوت لەلایەن بەغداوە.

دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی لەسەر دوو سكاڵا؛ یەكێكیان وەزیری پێشوتری نەوتی عێراق لە 2012 كردویەتی و ئەویتر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە لە ساڵی 2019دا، ئەگەرچی دادگای فیدراڵی باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لەعێراق، بەڵام بڕیارەکەی لەم کاتەدا کە کاتی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و هاوپەیمانییە زۆرینەش پێچەوانەی خواستی ئێران هەنگاوی دەنا بۆ پێکهێنانی حکومەت بۆیە بەم بڕیارە دەریخست دادگاکە بەتەواوەتی لەژێر هەژمونی ئێراندایە و ئێران دادگاکە لەدژی کورد و سونەش بەکار دەهێنێت، بەتایبەتی پێشتریش خوێندنەوە بۆ گرێدانی کۆبونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەدوولەسەر سێ لەبری زۆرینە بڕیاریدا، ئەمەش هەر فشارێکی تری ئێران بوون دژی هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەی (سەدر و بارزانی و حەلبوسی) کەدواتر ناونرا هاوپەیمانی نیشتیمان. 
لەدواین سەردانی شاندی ئێرانی بۆلای بارزانی بەئاشکرا بەبارزانی وتراوە یان هەرێمی کوردستان یان بەردەوامبون لەهاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکە، هەر لەکۆبونەوەکەشدا پێی وتراوە ئەگەر دوور بکەویتەوە لەسەدر ئەوە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەڵدەوەشێنینەوە، ئەمەش بەئاشکرا دەریدەخات دادگای فیدراڵی چەندە لەژێر هەژمونی ئێراندایە.

بەڵام لەم نێوەندەدا ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنەو کەمترین قسەی لەبارەوە کراوە، ئەوەیە ئایا بڕیارەکانی ئەم دادگایە لەم رۆژگارەدا چی سەوز دەکات؟ کە عێراق خۆی بەتونێلێکی تاریکدا دەروات و نزیکەی حەوت مانگە هەڵبژاردن کراوە هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ دەنگ و مافی هاوڵاتیان دیار نییە.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەخێرایی و بەیەکگرتووی لەلایەن هەر چوار سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستانەوە ڕەتکرایەوە، ئەمەش یەکەم وەستانەوە بوو دژی ئەو بڕیارە.

چوار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ( سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت، پەرلەمان، ئەنجومەنی دادوەری) داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیان کرد بەڕونی وتیان "بڕیارەکەی دادگا قەبوڵکراو نییە". 

چوار سەرۆکایەتیەکەی هەرێم دەشڵێن "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و هەمو رێکارێکی دەستوری و یاسایی و دادوەری دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هەمو ئەو گرێبەستانەی کە لە بواری نەوت و گازدا کراون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دەستبەرداری مافەکانی هەرێمی کوردستان نابێت کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون، لەم سۆنگەیەشەوە حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دەستوری بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە.

حکومەتی هەرێم هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامادەی گفتوگۆیە، بەڵام دەستبەرداری مافە دەستورییەکانیشی نابێت، رۆژی 13-4-2022 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جۆوی هود جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبونەوە  و لەو كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی دوپاتیكردۆتەوە  كە هەرێمی كوردستان خوازیاری چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكانە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستورو لە ژێر هیچ گوشارێكیشدا دەستبەرداری مافە دەستورییەكانیان نابن.

لەم چەند رۆژەشدا کە شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا کۆبووە و دواتریش لەزاری عەبدولکەریم خەسرۆ، ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێم وتی "به‌غدا پێشنیاری كردوه‌ كۆمپانیایه‌ك بۆ فرۆشتنی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێت كه‌ موڵكی به‌غدا بێت هه‌رێم ئه‌م پێشنیاره‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه"‌.

لە نوێترین پێشهاتیشدا ئیحسان عەبدولجەباری، وەزیری نەوتی عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (الفرات)دا دەڵێت" بە ئەمانەتەوە دەیڵێم هەرێمی كوردستان تاوانێكی گەورەی نەكردووە، ئێمە شیكاریمان بۆ ئەو گرێبەستانە كردووە كە كردویەتی، رێژەی 80%ی گرێبەستەكانی هەرێم دروستە، كێشە لە رێژەی 20%ی گرێبەستەكاندا هەیە كە دەمانەوێت ".

هەروەها دەشڵێت "بە ئامانەتەوە بیڵێم هەرێمی كوردستان بەرێژەی 50%ی چارەسەرەكەی ئێمە رازین، بەڵام تێڕوانینی تریان هەیە كە بەبڕوای من پەیوەندی بە لاوازی متمانەوە هەیە بە دەسەڵاتە فیدراڵییەكان".

بۆیە ئێستا دوای ئەم هەمووە بێنە و بەردەیە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت و بڕیارەکە بەبڕیارێکی ئێرانی دەزانێت و ئەوەش روونە کە حکومەتی هەرێم پابەندی بڕیاری ئێران نابێت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک مرەکەبی سەر کاغەز دەمێننەوە و حکومەتی هەرێمیش بەردەوام دەبێت لەهەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و واخەریکی غازیشە کەئەمەیان لەم دۆخەدا هەم دەرگای زیاتر و ئالنگاری نوێش بۆ حکومەتی هەرێم زیاددەکات، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا ناکرێ و نابێت حکومەتی هەرێم واز بەرژەوەندی گەلەکەی بهێنێت لەبەر فشاری چەند دەوڵەتێکی گۆشەگیر کە لەئاستی جیهاندا کە هیچ دەرفەتێک بۆ هەستانەوەیان نییە.

16/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر